لە خەلیفان ماڵباتێک گورگ بەخێودەکەن؛ دۆڵمە و ترێ و هەنجیر دەخوات

رووداو دیجیتاڵ 
 
لە گوندی کەڵەکینی شارۆچکەی خەلیفان گورگێک لە تەمەنی یەک مانگییەوە ماڵیکراوە، ئێستا ئەم گورگە تەمەنی ساڵێک و دوو مانگە و بووەتە هاوڕێی منداڵێکی سێ ساڵ، بەیەکەوە یاری دەکەن و دەستی منداڵەکە دەخاتە دەمی بێ ئەوەی ئازاری پێ بگەیێنێت.
 
محەممەدی تەمەن سێ ساڵ بووەتە هاوڕێی گیانی بە گیانی گورگەکە، جار و بار ترسی لێی هەیە، بەڵام گورگەکە باش دەیناسێت و ئازاری نادات، تەمەنی گورگەکە ناگاتە نیوەی تەمەنی منداڵەکە، بەڵام لەو بەهێزترە.
 
سامان عەبدوڵڵا مامی محەممەد و خاوەنی گورگەکەیە لە تەمەنی یەک مانگییەوە گورگەکەی بەخێوکردووە و دەڵێت "تەمەنی یەک مانگ بوو لە سەرەوەی گوندەکەمان دۆزیمەوە و هاتم شیرم بۆی کرد و بەخێوم کرد ئێستا تەمەنی ساڵێک و دوو مانگە، هەمیشە کاتەخۆشەکانم یاری کردنە لەگەڵ گورگەکە."
 
گورگەکە بەهیچ شێوەیەک گاز لەو دەستانە ناگرێت کە شیری پێداوە، بەڵکو بەردەوام حەزدەکات یاری لەگەڵ بکات، رۆژانە هەمان ئەو خواردنەی لە ماڵەوە ئامادەی دەکەن بەشی گورگەکەشی لێ دەدەن.
 
سامان عەبدوڵڵا دەشڵێت "لە بچووکییەوە وامان راهێناوە ئەوەی لە ماڵ هەبێت ئەوە بخوات رێک ئەو نان و شیوەی دایکم ئامادەی دەکات بەشی ئەویشی لێدەدەین، ئەمڕۆ دۆڵمە بوو و خواردی، لە میوەش زۆر حەز بە هەنجیر و ترێ دەکات."
 
ئەوکاتەی محەممەد یان سامان لای گورگەکە بن کەسانی دیکەش دەتوانن نزیکی بکەونەوە، بەڵام کەسێک نەناسێت رەنگە پەلاماری بدات.
 
سوورچی عەبدوڵڵا دەڵێت "کەسێک نەناسێت سەرەتا بۆنی دەکات زۆرجار رەنگە پەلاماریشی بدات، بەڵام دوو بۆ سێ جار چووی بۆ لای و خواردنت پێیدا ئاشنات دەبێت و کاری پێت نییە."
 
لە کاتەکانی رۆژدا زەنجیری لە ملە، چونکە کوچە و کۆڵانەکانی گوند پەلەوەری لێن و پەلاماریان دەدات،  شەوانەش ئازادە و پاسەوانی ماڵە.