پڕۆژەی 'کتێب و قاوە' لە شاری وان دەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

شارەوانیی وان لە رێگەی پڕۆژەی کردنەوەی قاوەخانەیەکەوە بە درووشمی "خوێندن لە تۆ و خزمەتگوزاری لە ئێمە" هانی خەڵک دەدات بۆ خوێندنەوەی کتێب، کافێیەکە لە هەفتەیەدا شەش رۆژ کراوەیە و خزمەتگوزاری پێشکەشی میوانانی دەکات.
 
شارەوانیی وان و کۆمەڵەی پیشەسازی و بازرگانانی تورکیا بە هاوئاهەنگی پڕۆژەیەکیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی هانی خەڵکی بدەن زیاتر کتێب بخوێننەوە، کافێیەکی تایبەتیان  بۆ کردوونەتەوە و پێیان دەڵێن خوێندن لە تۆ و خزمەتگوزاری لە ئێمە، بەشێک لەوانەی سەردانی کافێیەکە دەکەن خوێندکارانی زانکۆن. 
 
بوراک گولتەپە، سەرۆکی لقی کۆمەڵەی پیشەسازی و بازرگانانی تورکیا دەڵێت، "کتێب و قاوە بۆ هەموو کەسێک دەرگەی واڵایە، لە براکانمانەوە کە دەچنە قۆناخی بنەڕەتی تاوەکو دەگاتە گەنجانی ئامادەیی و زانکۆکان، هەروەها شوێنێکە پێشوازی لە هاووڵاتییانی ئاساییش دەکات."
 
کافێی کتێب و قاوە کە لە وەرزی زستاندا گەرم و لە وەرزی هاویندا فێنک دەکرێت، هاوکات خزمەتگوزاریی وەکو چا، قاوە، نیسکافێ، بیسکویت، شەربەت و خواردەمەنیی دیکەش پێشکەشی میوانانی دەکات، ئەوە بەدەر لە بوونی سەتان کتێبی جۆر بە جۆر کە بە شێوەی بابەت و بوار پۆلێنکراون. 
 
سەهرا زیلان، خوێندکاری زانکۆیە و سەردانی قاوەخانەکەی کردووە، گوتی، "کەشێکی زۆر باشە، چ ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی دەکەن، چ کتێبەکانیان، ئەمانە زیاتر هانمان دەدەن".
 
کافێکە لە هەفتەیەکدا شەش رۆژ کراوەیە و لە خزمەت خوێنەراندایە، زانکۆی یوزونجویڵ لە وانی باکووری کوردستان هەیە و ساڵی 1982 دامەزراوە و نزیکەی 30 هەزار خوێندکاری هەیە. ئەو کافێیە بووەتە دەرفەتێکی باش بۆ خوێندکارانی زانکۆ بە تایبەتی ئەوانەی شوێنی بێدەنگیان دەستناکەوێت، تاوەکو وانەکانیان بخوێنن، بە ئەرێنییەوە سەیری پڕۆژەکە دەکەن.