بە ڤیدیۆ ... ساتی تەقینەوەی بۆمبەکەی ژێر ئاڵاکەی داعش لە سەیدسادق

 
رووداو - سەیدسادق

لە سنووری قەزای سەیدسادق و لە نزیك شەقامی پێنجوێن - سەیدسادق، ئاڵایەکی داعش لەلایەن کەسانی نەناسراو دانراوە و لەژێریدا بۆمبێک چێنراوە، لەکاتی هەڵگرتنەوەی ئاڵاکەش، ‏دوو کارمەندی ئاسایش بریندار بوون. تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە. 
 
توانا حەمەقادر، شایەتحاڵە و دەڵێت: "هاتین بۆ سەیران ئاڵایەکى گەورەى داعشمان بینى. لێی نزیک بووینەوە، بەڵام گومانمانکرد کە شتى لەژێردا بێت، بۆیە پەیوەندییمان کرد بە ئاسایشەوە و ئەوان هاتن. کە ویستیان هەڵىبگرنەوە، بە یەکێکیاندا تەقییەوە."
 
رووداوەکە لە نزیک گوندى بەردەڕەش و لە نزیک ئەو شەقامەى کە لە سەیدسادقەوە بەرەو پێنجوێن دەچێت، روویداوە. دواى رووداوەکە تیمەکانى ئەندازەی ئاسایشى شارەزوور لە هەڵەبجەوە چوونە شوێنی رووداوەکە. پاش کاژێرێک پارچەى دووەمى تی ئێن تیییەکەیان تەقاندەوە.
 
سۆران جەلال، شایەتحاڵە و دەڵێت: "بۆرییەک بوو، ئاڵایەکى گەورەى پێوە بوو و لە دوورەوە بە ئاسانى دەبینرا. لە تەنیشتیدا چاڵێک هەبوو کە گومانى هەڵدەگرت."
 
ئەوەى تا ئێستا دەست هێزە ئەمنییەکان کەوتووە مەبەست ئەوە بووە کە گرووپێک بە خەڵک و هێزە ئەمنییەکان بڵێن لە دۆخى جێگیرى ئارامیدا هێشتا ئێمەش هەین.
 
ئاڵاکەى داعش چەند ساتێکى کەم پێش تەقینەوەکە وێنەی گیراوە.
 
ئەکرەم ئەحۆل، بەڕێوەبەرى ئاسایشى گشتیی شارەزوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەى هەیە سەرەتاى لێکۆڵینەوەکانمانە. دەچینە شوێنەکە و لە لێکۆڵینەوە و زانیارىی دیکە هەموولایەک ئاگادار دەکەینەوە."
 
بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوەکە و گەڕان بۆ سەرەداوێک، هێزێکى تایبەتى دژەتیرۆر پشکنین و هێڵکارییان بۆ شوێنى رووداوەکە کرد. دواى دڵنیابوونەوە لە نەبوونى پارچەى حەشاردراوى دیکە، ئەوەى وەک بزمار، ساچمە، وردە ئاسنى نێو تی ئێن تییەکانیان بۆ پشکنین برد بۆ ئاسایشى گشتی.