بارزانی: رەنگە دوای داعش لەژێر ناوی دیکە رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە

رووداو - هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، بەناوی گەلی کوردستان و پێشمەرگەو خانەوادەی شەهیدان و خۆشی، بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆکی فەرەنسای کرد، کە بۆ جاری دووەمە سەردانی کوردستان دەکات.


مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتی: "جاری یەکەم جەنابتان لەکاتێکدا سەردانی کوردستانتان کرد، کە کوردستان کەوتبووە بەر هێرشی دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی جیهان و شەڕ لە پایتەختی ئێمە زۆر نزیکبوو، لەو کاتەدا جەنابتان موجازەفەتان کردو هاتن، کە ئەمە پشتگیرییەکی زۆر گەورەبوو بۆ ئێمەو هەڵوێستێکی مەردانە و مرۆڤدۆستانەتان بۆ خۆتان و گەلەکەتان تۆمارکرد".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "پاش نزیکەی دوو ساڵ و نیو جارێکی دیکە ئێمەتان سەربەرزکردو تەشریفتان هێناو لە خزمەتتان بووین لە سەنگەرەکان لە چیای زەرتک و سەریری موسڵ و دەورووبەریمان دەکرد، ئەمە ئاسان نەبوو بەڵکو بە خوێنی شەهیدە قارەمانەکانی پێشمەرگە و پشتیوانی هێزی هاوپەیمانان بوو، کە فەرەنسا رۆڵێکی ئەساسی دەبینی لەو هاوپەیمانییەدا".

مەسعود بارزانی، ئاماژە بەوە دەدات "راستە ئێستا شەڕ لەناو جەرگەی داعشە، بەڵام مانای ئەوە نییە کە داعش لەڕووی سەربازییەوە تێکشکا، شەڕی داعش و هەڕەشەی تیرۆر کۆتایی پێدێت، رەنگە لەژێر ناوی دیکەو پەردەی دیکە رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە، بۆیە ئەم هاوکاری و هاوپەیمانە پێویستە بەردەوام بێت".

بارزانی، ئاماژە بەوەش دەدات "هەروەکو جەنابتان بینیتان ناوچەیەکی زۆر رزگارکرا بە دەستی پێشمەرگەو دوای ئەوە بە تەنسیقێکی تەواو لەگەڵ سوپای عێراقی و هاوپەیمانان، سوپای عێراقی قۆناخی دووەمی دەستپێکردووە تا ئێستا زۆر شوێن رزگارکراون، بەڵام شەڕێکی سەختە، ئومێدەوارین ئەنجامەکەی بە شکستی داعش تەواو دەبێت".

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رووی لە سەرۆکی فەرەنسا کردو ئەوەی خستەڕوو، کە فەرەنسا "هەمیشە پشت و پەنایەک بووە بۆ گەلی کوردستان، ئومێدێکی زۆرمان پێتانە، ئومێدیشمان وایە لە ئاییندەش فەرەنسا ببینین لە پشت خۆمان بۆ ئەوەی بگەین بە هەموو ئاواتەکانمان".