گورگە بۆر و رەشەكەی سۆران بوونە خەڵووز

مەهدی محەممەد رواندزی
رووداو- سۆران

هەژار مولوود، چیدی دوو گورگەكەی بە زیندوویی نابینێ‌، تەنیا وێنەكانیان نەبێ‌ لەنێو مۆبایلەكەیدا. دوو گورگەكەی هەژار یەكێكیان رەش بوو لە دەشتی بەرازگر راوكرابوو، ئەوی دیكەشیان شین بوو لە ناوچەی باڵەكایەتی راوكرابوو. بەڵام لە رووداوێكی تەمومژاویدا لەگەڵ چەندین پەلەوەر و ئاژەڵی دیكە بوونە خەڵووز.

بەرەبەیانی رۆژی 24/12/2016 ئاگرێك لە ناوچەی پیشەسازیی كۆنی سۆران كەوتەوە و بەو هۆیەوە 11 دوكانی فرۆشتنی ئاژەڵ و باڵندە سووتان. دوكاندارەكان دەڵێن دوكانەكانیان سووتێنراون، بەڵام پۆلیسی بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت بەهۆی شۆرتی كارەباوە سووتاون.

هەژار مەولود كە خاوەنی دوكانێك لەو بازاڕە بووە بە ناوی جیهانی باڵندە، دەڵێت جگە لە چەند پەلەوەرێك، دوو گورگ لە دوكانەكەیدا سووتاون. ئەو گوتی "گورگەكانم زۆر خۆشدەویستن، یەكێكیان گورگێكی رەش بوو، لەو رۆژانە 1500 دۆلاریان دامێ‌، نەمفرۆشت".

ناوچەی پیشەسازیی كۆن، چەند ساڵێك بەر لەئێستا شوێنی پیشەوەران بوو، بەڵام دوای ئەوەی شوێنێكی تایبەتیان لە دەرەوەی شار بۆ دروستكرا، شوێنی ئەوان بووەتە شوێنی فرۆشتنی باڵندە و ئاژەڵی كێوی، ماركێت، دوكانی سەوزە و میوە.

هەژار دەڵێت بەهۆی ئەو ئاگرەوە زیاتر لە 2000 باڵندە و ئاژەڵی كێوی بوونەتە خۆڵەمێش. زیانەكانی خۆیشی بە 50 هەزار دۆلار مەزەندە كرد. هەژار گومانی هەیە دوكانەكان بە شۆرتی كارەبا سووتابن و دەڵێت "ئاگر كەوتنەوەیەك لە رێگای شۆرتی كارەباوە بووبێت، چۆن ئاوا بەزوویی گەشە دەكات و بە ماوەیەكی كەم 11 دوكان دەسووتێنێ‌، بڵێسەی ئاگرەكە ئەوەندە بەرز بووە، لە دوورەوە دەبینرا، بۆیە ئێمە دڵنیاین كە ئەو ئاگرە بە دەستی ئەنقەست بووە".

رزگار عەلی، كە لەو بازاڕەدا ماركێتێكی بچووكی هەیە، دەڵێت "لەو باوەڕەدا نیم بە شۆرتی كارەبا سووتابێ‌، چونكە سەیری كامێرای چاودێریمان كردەوە دوكانەكان هەموویان لە یەك كاتدا ئاگر دەگرن".

دوكاندارەكان دەڵێن ئەوان گومانیان لە پیاوێكی عەرەب هەیە كە پێشتر لەو بازاڕە كاری كردووە. بەشدار محەممەد كە  میوەفرۆشە لە بازاڕەكە، گوتی "گومان لە ئاوارەیەكی عەرەب هەیە، كە پێشتر لێرە دوكانی مریشكفرۆشی هەبوو، جارێكیان لەگەڵی بوو بە شەڕمان كە رۆیشتیش دوكانەكەی پێ‌ نەفرۆشتم، زۆر لە نرخی خۆی هەرزانتر بە كەسێكی دیكەی فرۆشت". گوتیشی "ئەو رۆژەی ئەو بازاڕەكەی جێهێشت، شەوەكەی دوكانەكانمان سووتان، بۆیە گومانمان لەو كەسە هەیە".

رائید بەیار محێدین، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران، رەتیكردەوە دوكانەكان بە ئەنقەست سووتێنرابن. ناوبراو بە (رووداو)ی گوت "لیژنەیەكی پسپۆڕ لە بواری بەرگریی شارستانی كە لە دوو ئەفسەر و دوو رێپێدراوی زۆر شارەزا پێكهاتبوون، سەردانی شوێنی رووداوەكەیان كرد، هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكەیان گەڕاندەوە بۆ شۆرتی كارەبا".
خاوەنی دوكانە سووتاوەكان، زیانەكانی ئاگرەكە بە 150 هەزار دۆلار دەخەمڵێنن، بەڵام رائید بەیار گوتی "بەپێی مەزەندەی ئێمە زیانەكان 34 ملیۆن دینار بووە".

سەبارەت بەو عەرەبەی دەگوترێ‌ تۆمەتبارە بە سووتاندنی ئەو دوكانانە. نەقیب هاوار ئەرگووشی، بەرپرسی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە (رووداو)ی راگەیاند "لە لایەن خاوەنی یەكێك لە دوكانە سووتاوەكان، سكاڵا تۆمار كراوە، بەڵام سكاڵاكارەكە تەنیا گومانی هەیە و پێیوایە هەندێك كەس دەستیان هەیە لەپاڵ ئاگر كەوتنەوەكە, بۆیە ئێمەش لای خۆمان لێكۆڵینەوەكانمان دەست پێكردووە، تاوەكو ئێستاش لێكۆڵینەوە بەردەوامە، كەسیش لەسەر ئەو رووداوە دەستگیر نەكراوە".