ئه‌زموون له‌ سه‌ركێشیدایه‌

رووداو ـ له‌نده‌ن

لە ناوەڕاستی ساڵی 2014، بەر لەوەی گەشت بكەم بۆ وەرگرتنی ئەركێكی نوێ لە دەرەوەی وڵات، دووەم رۆژی هاتنی داعش و داگیركردنی مووسڵ، یەكەم رۆژنامەنووس بووم خۆم گەیاندە دەروازەی مووسڵ و رووماڵی ئەو رووداوەم كرد، بەهۆی ئەوەی سیگناڵی ئینتەرنێت نەبوو، ناچار لە رێگەی تەلەفۆنەوە و دواتریش بە راپۆرت رووماڵم كرد، ئەوەی كە زۆر ناخۆش بوو لەو كاتەدا رووبەڕووی بوومەوە، ئێستا بیری لێ دەكەمەوە كە چ سەركێشییەكە بچیتە ناو داعش و هەوڵی وەرگرتنی لێدوانیان لەگەڵ بدەی.

بەڵام ئەوەی كە ئێستا داعش دەیكات ئەوكات بەو شێوەیە باس نەدەكرا بەهۆی ئەوەی دووەم رۆژ بوو هاتبوونە ناو مووسڵ، تێكشانی سوپای عێراق وێنەی نەبوو، پێشمەرگەكانی سوپای 4 و 5 زۆر داوایان لێ كردم نزیكی بازگەی دووەمی داعش نەكەومەوە، بەڵام هەر چووم، هۆكارەكەشی زانینی راستییەكان و گواستنەوەی بوو بۆ خەڵك، ئەوكات زۆر كەس باوەڕی نەدەكرد كە بڵاومكردەوە داعش زۆر مەترسیدارن و ئەوەی زۆر لەلایان ئاسایی بێت كوشتنی خەڵك و رۆژنامەنووسانە، بەڵام سوپاس بۆ خوا بە سەلامەتی گەڕامەوە.

دواتر و دوای چەندین هەوڵی جددی و وەڕسكەر و تاقەتپڕوكێن، توانیم ڤیزای كاركردن لە بریتانیا وەربگرم و دواتر گرێبەستی كاركردن لەوێ لەرێگەی پرۆژەیەكەوە لەگەڵ رووداو واژۆ بكەم. كاركردن لە وڵاتێك كە بە خەونیش وێنام نەكردبوو چەندە زەحمەتە، سەرەڕای بینینی چەندین وڵاتی ئەوڕووپاییش، قەت وێنام نەكردبوو ژیان و كار تیایدا بۆ منێك كە پێشتر تەنیا لە هەولێر كاری رۆژنامەوانیم كردووە، چەندە زەحمەتە.

دوای نزیكەی دوو هەفتە لە گەیشتنم بۆ لەندەن، رووبەڕووی كێشەی نیشتەجێبوون و دەیان كێشەی دیكە بوومەوە كە لێرەدا باس ناكرێن، بەڵام هەر سوور بووم لەسەر ئەوەی دەبێت ئەوەی كە پێشتر لەلام مەحاڵ بووە بیكەم و رووبەڕووی ببمەوە ئەگەر بۆ یەك مانگیش بێت.

یەكەمین كێشە لە بواری كارەكەم لە لەندەن رووبەڕووی بوومەوە، كێشەی نەبوونی كامێرامان و مۆنتێر بوو، كە تا ئێستا چارەسەر نەبووەو هەر بە تەنیا كارەكانم دەكەم، دوای گەیشتنم بە دوو هەفتە بۆ لەندەن، برادەرانی رووداو داوایان لێ كردم رووماڵی كۆبوونەوەی ناتۆ لە وێڵز بكەم، لە كاتێكدا نەمدەزانی وێڵز (ئەو شوێنەی كۆبوونەوەكەی ناتۆی لێ بەڕێوەدەچوو)، كەوتووەتە كام شوێنی بریتانیاش.

بەڵام لە رێگەی گەڕان و پرسیاركردنەوە شوێنی كۆبوونەوەی ناتۆم دۆزییەوە و دوای چەندین پرسیار و هەوڵدان و رێگە هەڵەكردن، توانیم مایكی رووداو ببەمە ئەوێ. بەڵام ئەوەی كە زۆر لای رۆژنامەنووسانی ئەوێ سەیر بوو، خۆم پەیامنێر و وێنەگر و پرۆدیوسەر بووم، هاوكات راستەوخۆ لە رێگەی سكایپەوە رووماڵی خۆپێشاندانی بەردەم كۆبوونەوەكەشم كرد. چەند رۆژنامەنووسێك پێیان گوتم ئەی كوا ستافەكەت، بە ناچاری پێم گوتن: ئەمڕۆ بە تەنیا كار دەكەم.

دوای یەك مانگ لە كاركردنم بە تەنیا، لە هەموو رووداوەكانی ناو بریتانیا ئامادە بووم، دووەم زەحمەتترین كارم رووماڵی ریفراندۆمی سكۆتلاند بوو، رووداوێك كە گەلی ئێمە دەمێكە چاوەڕێی ئەو رۆژە دەكات.

دوای رێككەوتن لەگەڵ برادەرانی رووداو بە هەوڵ و ماندوبوونێكی زۆر توانیم درەنگانێكی شەوی پێش ریفراندۆمەكە، لە رێگەی فڕۆكەوە بە سێ جانتای قوڕسەوە كە ستاند و كامێرای كەلوپەلی خۆمی تێدا بوو، بگەمە ئێدنبرەی پایتەختی سكۆتلاند، وڵاتێك كە تەنیا لەسەر نەخشە بینیبووم، تەنانەت لە شێوەزاری ئاخاوتنە ئینگلیزییەكەشیان حاڵی نەدەبووم. لە ئێدنبرە بە هەوڵی چەند كوردێكی دڵسۆز و خۆشەویست، توانیم بگەمە ئەو هۆتێڵەی كە بڕیاربوو لێی بمێنمەوە، بەڵام بە
داخەوە بەهۆی ئەوەی رووماڵی رووداو كاژێر 5ی بەرە بەیان بە كاتی بریتانیا دەستی پێدەكرد و هۆتێڵەكەش زیاتر لە كاژێرێك لە پەرلەمانی سكۆتلاند دووربوو، ناچار لە هۆتێڵەكە نەمامەوە دوای
كاژێر سێی شەو گەڕامەوە ماڵی هاوڕێیەكی خۆشەویست و شەوەكە كەمتر لە یەك كاژێر خەوتم، دواتر بە درێژایی رۆژ و شەوەكەی دواتریش رووماڵی راستەوخۆم كرد و دواتریش راپۆرتم بۆ رووداو كرد.

كاركردن بەبێ پرۆدیوسەر لەسەر رووداوێكی ئاوا گەورە، مەگەر تەنیا رۆژنامەنووسان لێی تێبگەن چەند زەحمەتە، بەتایبەتیش ئەگەر لە زمانیان حاڵی نەبیت، هەر لەبەر ئەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ بە شێوازێكی تەندروست نەخەوتم.

ئەوەی لە هەمووی ناخۆشتر بوو، ئەوكاتەی رووماڵم دەكرد و باسم لە دروستبوونی دەوڵەتی داهاتووی سكۆتلەندییەكان دەكرد گریان قوڕگی گرتبووم و بیرم لە رۆژێكی ئاوا دەكردەوە بۆ كورد و پرسیارم لە خەڵك دەكرد ئایا راتان لەسەر رووداوێكی وەها چۆنە؟ ئەوان بە خۆشحاڵییەوە دەیانگوت نەخشە لە ئێوەش بێت، بەڵام بە داخەوە خەونی نیوەی سكۆتلاندییەكان نەهاتە دی و ئەوان لەگەڵ بریتانیای گەورە مانەوە. تاكە فاكتەری دڵخۆشیم بۆ ئەو رووداوە هاوسۆزیم بوو بۆ نەتەوەكەم كە گەورەترین نەتەوەن و تا ئێستا خاوەنی دەوڵەت نین.

لە ئەزموونی چوار مانگی كاركردنم لە بریتانیا زۆر فێربووم، گەڕانەوە لە كاركردن و زەحمەتییەكانی ناو لەندەن و ماندوبوونی رۆژێك و باران و سەرمای لە ناكاو، بۆ ماڵێكی سارد و سڕ و دوور لە خانەوادە و هاوسەر و منداڵ و خۆشەویستانم، مەگەر تەنیا لە ناو رۆمانەكاندا باس كرابێت، ئەگینا زۆر زەحمەتە باسی بكەم، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا رووبەڕووی مەحاڵ بوومەوە، لە لەندەن چەند كەسێك هاوكارییان كردم، كەسانێك نەبن كە هەمیشە چاویان بەسەركەوتنەكانی ئێمە هەڵنایەت و رێگرییان لێ كردووم رووماڵی چەند خۆپێشاندانێك بكەم، كە بۆ پشتگیری لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان لە لەندەن بەڕێوەچوون.

لەندەن شارێكی جوانە، بەڵام تا ئێستا چێژم لە جوانییەكانی نەبینیوە، بە هۆی ئەوەی تەنیا بۆ كاركردن دەچمە شوێنەكان و لەوێش تەنیا بیرم لای گرتەی جوان و هەڵبژاردنی وشەی جوانە بۆ راپۆرتەكانم، مایكی رووداوم بردە زۆر شوێنی بریتانیا و زۆر كەس پێی شاگەشكەبوون، زیاتر لە سەدا هەشتای شەوەكانم لە لەندەن بەكاركردن بۆ رووداو بەڕێكردووە و خەریكی پلاندانان بۆ راپۆرتی دواتر و مۆنتاژی راپۆرتەكانم بووم. تەنیا بۆ كاری راپۆرت دروستكردن پارك و شوێنە جوانەكانی لەندەنم بینیوە، بەیانیان دوای كاژێر چواری بەیانی كە دەكاتە كاژێر حەوتی كوردستان لە خزمەتی بینەر و بیسەرانی نووڕۆژی رووداوبوومە، ئەوكاتەی كە خەڵكی بریتانیا لە گەرمەی خەودابوونە.

لەوانەیە رۆژێك لە رۆژان بە درێژی ئەو بەسەرهاتە سەیرانە بگێڕمەوە، كە لە دەستپێكی ژیان و كارم لە بریتانیا رووبەڕووی بوومەوە و بە هەوڵی خۆشەویستانم لێیان دەرباز بووم. بە پێویستی دەزانم سوپاسی بەڕێوەبەری گشتیی رووداو بكەم كە تا ئێستا پاڵپشتم بووە لە سەركەوتنی پرۆژەكەم، بەهیوام لەمساڵیشدا بتوانم ئەزموونی دیكە لە ژیانم وەربگرم و لە كارەكەم بەردەوام بم، بەڵام بیرتان نەچێت، كاركردن زەحمەتی زۆری پێویستە و ئەوەی لەو وڵاتەش نەژیابێت، لە زەحمەتییەكانی تێناگات. رێز و خۆشەویستیم بۆ هەموو لایەك.