رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک، رایگەیاند، "لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، زانکۆی ئەمریکیی کوردستان دەستکەوتی بەرچاوی بەدەستهێناوە کە وايكردووه ببێته نموونەیەکی ديار بۆ کوالێتیی خوێندن له كوردستان و عێراق".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەرەتای دامەزراندنی زانکۆکەوە قسەی کرد و گوتی، "ساڵی 2013، كه برای به‌ڕێزم کاک مه‌سرور بارزانی بیرۆکەی دامەزراندنی زانکۆکه‌ی له‌گه‌ڵ من باس كرد كه ئه‌و كات سه‌رۆكی حكومه‌ت بووم، به خۆشحاڵييهكی زۆره‌وه پێشوازیم له بیرۆكه‌ی جه‌نابی كرد. ئه‌مه به ته‌واوى له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕوايهمدا كۆک بوو كه گرنگه دامەزراوەی فێركردن و خوێندنى زانكۆيى له ئاستی جیهانیدا، بنيات بنێين".
ئەمڕۆ یەکشەممە، زانکۆی ئەمریکیی کوردستان- دهۆک لە شاری هەولێر یادی 10 ساڵەی دامەزراندنی کردەوە؛ کە هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەیان کەسایەتی ئەکادیمی و سیاسی دیکە ئامادەی بوون.
دەقی گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ئامادەبووانی بەڕێز
ئێواره‌تان باش
ده‌مه‌وێ به‌خێرهاتنی هه‌موو میوانه به‌ڕێزه‌كان بكه‌م، باڵیۆزه‌كان، كۆنسوڵانی وڵاتان له هه‌ولێر، هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه له‌م شه‌وه‌دا له‌گه‌ڵماندا به‌شدارن، به‌خێرهاتنێكی گه‌رمیان ده‌كه‌م، به‌خێرهاتنی هه‌موو میوانانی ئازیز ده‌كه‌م، به خێر بێن سه‌ر چاو.
به‌خێرهاتنێكی تایبه‌تیی قه‌داسه‌تی مار ئاوا ده‌كه‌م كه ئه‌ویش ئه‌مشه‌و له‌و رێوڕه‌سمه‌دا له‌گه‌ڵماندا به‌شداره، زۆر بەخێربێی.
خۆشحاڵم که ئەم ئێواره‌یه له رێوره‌سمى دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی ئەمه‌ریکیی کوردستان به‌شدارم. به گه‌رمی پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی لەم دامەزراوە ئەکادیمییە پێشكه‌وتووه ده‌که‌م کە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا، بیرۆکەیەکی تازه‌ى بۆ گۆڕینی سیستەمی خوێندن و فێركردن لە هەرێمی کوردستان و به‌ره‌و باشتربردنی، بەرجەستە کردووە.
پەروەردە و فێركردن تەنها ئامرازێک نییە بۆ پەرەپێدانی تاکەکان، بەڵکو هێزێکە کە دەتوانێت کۆمەڵگەکان بنیات بنێت و داهاتوویەکی گەشاوە بۆ وڵاتان و میلله‌تان دروست بکات. ساڵی ٢٠١٣، كه برای به‌ڕێزم کاک مه‌سروور بارزانی بیرۆکەی دامەزراندنی زانکۆکه‌ی له‌گه‌ڵ من باس كرد كه ئه‌و كات سه‌رۆكی حكوومه‌ت بووم، به خۆشحاڵييهكی زۆره‌وه پێشوازیم له بیرۆكه‌ی جه‌نابی كرد. ئه‌مه به ته‌واوى له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕوايهمدا كۆك بوو كه گرنگه دامەزراوەی فێركردن و خوێندنى زانكۆيى له ئاستی جیهانیدا، بنيات بنێين.
زۆر سوپاسی هەوڵە به‌رده‌وامه‌کان و روانگه‌ی بەڕێزیان ده‌كه‌م، سوپاسی ئەنجوومەنی ئەمینداران، سه‌رۆکایه‌تیی زانکۆ و ئەندامانی دەستەی وانەبێژ ده‌که‌م کە له ماوه‌ی ده ساڵی رابردوو، بە دڵسۆزی و دیدێکی ژیرانه، رووبەرووی ئاڵنگارى و کێشەکان بوونەتەوە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کاروانی زانکۆ، بۆ گه‌يشتن به ئامانجه باڵاکانی.
ئامانجى دامه‌زراندنى زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستان، لە سەرەتاوە روون بوو:
بريتيى بوو له بنیاتنانی دامەزراوەیەک کە ببێتە نموونەیەکی باڵای ئەکادیمی و چرایەک بۆ زانست و بۆ داهێنان. ببێته ئیلهامبەخش بۆ نەوەکانی داهاتوو. به‌شدار بێت له ئاماده‌كردنى ئه‌و نهوهيهدا كه تواناى رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانى هه‌بێت. نه‌وه‌يه‌ك بتوانێت ئامرازەکانی سەرکەوتن لە جیهانێکدا ده‌سته‌به‌ر بكات کە زۆر خێرا دەگۆڕێت و ئه‌وه‌مان لێ ده‌خوازێت به‌رده‌وام خۆمان له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنه‌کانیدا نوێ بکه‌ینه‌وه؛ تا به‌ره‌و پێشه‌وه بڕۆین، بۆ ئه‌وه‌ی له كاروانی پێشكه‌وتنی گه‌لان دانه‌بڕێین.
به‌ڕێزان،
لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا، زانکۆی ئەمه‌ریکیی کوردستان دەستکەوتی بەرچاوی بەدەست هێناوە کە وايكردووه ببێته نموونەیەکی ديار بۆ کوالێتیی خوێندن له كوردستان و عێراق. لەوانه:
• يه‌كه‌م دامه‌زراوه‌ى خوێندنى باڵايه له عێراق كه سه‌ركه‌وتووانه چه‌ندین قۆناغى گرنگى پرۆسه‌ى به‌ده‌ستهێنانى متمانەی ئەکادیميی نێوده‌وڵه‌تى تێده‌په‌ڕێنێت. ئه‌مه‌ش پابه‌نديى به‌رده‌وامى زانكۆ به پێشكه‌شكردنى خوێندن به كوالێتييهكى به‌رز، نيشان ده‌دات. هه‌روه‌ها ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه سه‌ربه‌خۆييى زانكۆ زۆر گرنگه، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن تايبه‌ت و جياواز بن و جێى متمانه‌ى ئه‌كاديميى نێوده‌وڵه‌تى بن.
• ئه‌وه‌ى كاك مه‌سروور له قسه‌كانی خۆیدا باسى كرد كه ٧٠٪ی قوتابيانى زانكۆ، به جۆرێك له جۆره‌كان بهخشينيان بۆ كراوه، (سكوولهرشيپ)، مايه‌ى رێز و ده‌ستخۆشييه. سوپاس و پێزانين بۆ هه‌موو ئه‌و خێرخوازانه و هه‌موو ئه‌و كه‌س و لايه‌نانه‌ی كه هاوكار بوون و هاوكاریی زانكۆیان كردووه و ده‌یكه‌ن، بێگومان چاومان له‌وه‌یه كه زیاتریش بیكه‌ن. پشتگيريى ئه‌و به‌ڕێزانه، واى كردووه دەرفەت بۆ قوتابيانى پێکهاتە جیاوازەکانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بڕەخسێت تاوه‌كوو بتوانن له‌و زانكۆ پێشكه‌وتووه درێژه به خوێندنی خۆیان بده‌ن. دووباره سوپاستان ده‌كه‌م، هيوادارم به‌رده‌وام بن و خه‌ڵكى ديكه‌ش ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رييه بكه‌ن.
ده‌ستكه‌وتێكى ديكه‌ى زانكۆ، دامەزراندنی تیمی کاری پەروەردەيه لە ساڵی ٢٠١٩، کە بووەتە پلاتفۆرمێکی کاریگەر بۆ پێدانی پێشنیار بۆ پەرەپێدانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمى كوردستان. به ته‌واوى له‌گه‌ڵ بيرۆكه‌ى دامه‌زراندنى ئه‌م تيمهدا بووم و هه‌موو پشتگيرييهكم پێشكه‌ش كردن.
ئامادەبووانی خۆشەویست،
لە رێگەی پەروەردە و فێركردنه‌وە، دەتوانین کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، ئابوورییەکی بەهێز و داهاتوویەکی رۆشن بنیات بنێین کە شایستەی قوربانیدانی ئەم گەلە خۆڕاگره بێت. چیرۆکی سەرکەوتنی زانکۆی ئه‌مه‌ریکیی کوردستان، تەنها دەستکەوتێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پەیامی هیوایە بۆ هەموو گەنجان لە هه‌رێمى کوردستان و عێراق.
بۆيه سەرەڕای ئەم دەستکەوتانە، كار و هه‌وڵى ئێمە لە هه‌رێمى كوردستان بۆ پەرەپێدانی سیستەمی پەروەردە و فێركردن هێشتا کۆتایی نەهاتووە. زۆر شت هەیە کە دەبێت بەدەست بهێنرێت بۆ دڵنیابوون لە داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ گەنجانمان. گرنگترینيان:
• پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییەکانی سەدەی بیست و یەک بگونجێن و قوتابيان ئامادە بکه‌ن بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ بازاڕی کاری ناوخۆ و بازاڕی جیهانی.
• بەهێزکردنی ژێرخانی ئەکادیمی، بۆ دڵنیابوون لە کوالێتيی به‌رزى پەروەردە و فێربوون لە هەموو دامەزراوەكانى پەروەردە و فێركردن له هەرێمى كوردستان.
• وەبەرهێنان لە کادیری وانەبێژ لە رێگەی دابینکردنی بەرنامەی راهێنانی بەردەوام بۆ پەرەپێدانی لێهاتوویی و بەهێزکردنی کارامەیييان.
• هه‌روه‌ها به‌هێزبوونى زانكۆكانمان به شێوه‌يه‌ك له وڵاتانى ناوچه‌كه و له جيهانه‌وه، قوتابيان بێن و روويان تێ بكه‌ن.
سوپاس و پێزانين بۆ هەموو ئەوانه‌ى کە بەشدارییان لە دامەزراندن و پشتگیريی ئەم زانکۆیە پێشكه‌وتووه‌دا كردووه. سوپاس و پێزانين بۆ هەموو ئەوانەی کار دەکەن بۆ باشترکردنی سیستەمی پەروەردە و فێركردن لە هه‌رێمی کوردستان.
هه‌موو لايه‌ك دڵنيا دهكهينهوه کە كۆڵ ناده‌ين و پێكه‌وه بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زیاتر و کردنی کوردستان بە ناوەندێکی هەرێمی بۆ پێشكه‌وتنى ئەکادیمی و داهێنان له عێراق و هه‌رێمی كوردستان. كوردستانێك كه گه‌نجه‌كانى بتوانن داهاتوويهكى باشتر بۆ نه‌وه‌كانمان بنيات بنێن.
گه‌لى كوردستان، دايكوباوک و باپیرانى ئه‌و قوتابيانه‌ى ئه‌مڕۆ له زانكۆ باشه‌كانى وه‌ك زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستان ده‌خوێنن، چه‌ندين ده‌يه، ئازار و مهينهتيى زۆريان چەشتووە، گیانی خۆیان بەخت کردووە، بۆ ئەوەی ئەم ئازادییەى ئه‌مڕۆمان بۆ بێته‌دى. ئەوان وه‌ك نه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ، دەرفەتی خوێندنیان نەبوو، بەڵام خەباتیان کرد بۆ ئەوەی نه‌وه‌ى داهاتوويان بتوانن ئەمڕۆ لە قوتابخانه و زانكۆیه‌كی وه‌كو زانكۆی ئه‌مه‌ریكیی كوردستان بخوێنن.
ئەم ئازادییە، بەرهەمی ره‌نج و قوربانیدانی ئەوانە. ئەرکی ئێمە هه‌موومانه، داهاتوویەک بنیات بنێین کە شایستەی خه‌باتى ئەوان و خەونەکانیان بێت. ده‌بێ نه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ئەم دەرفەتە بەکار بهێنێ، بۆ رێزگرتن لە یادی ئەوان و بنیاتنانی کوردستانێکی به‌هێز و پێشكه‌وتوو. بۆيه هه‌ميشه به رێز و به شكۆوه ياديان دهكهينهوه، سه‌رى رێز و نه‌وازش بۆ گيانى پاكيان داده‌نوێنين.
پیرۆز بێت دەیەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی زانکۆی ئەمهریکيی کوردستان، پیرۆزبایی له هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه ده‌كه‌م كه له‌م كاروانه‌دا به‌شدار بوون و كاریان كردووه. قسه‌كانم ته‌واو نابێت ئه‌گه‌ر پیرۆزباییه‌كی تایبه‌تیش له رانیا خان و هه‌وڵه‌كانی نه‌كه‌م كه به‌رده‌وامن بۆ پشتگیریی زانكۆ.
هه‌موو لایه‌كیشتان به خێر بێن سه‌رچاو
ئێواره‌یه‌كی خۆش.
زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ