رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی دکتۆر مستەفا زەڵمی رایگەیاند ئەرکێکی قورسی لەسەر شان بوو "بەڵام یاسایەکی بەرهەمهێنا، کە هاوسەنگیێکی وردی لەنێوان پاراستنی بەها کولتووری و ئایینییەکان دەستەبەرکرد."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 1-12-2024) ئەو گوتانەی لە کۆڕبەندی هزری ئیسلامی کرد، کە لەلایەن رێکخراوی رۆشنبیری مستەفا زەڵمی لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر سازکراوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "د. مستەفا خاوەن دیدێکی چاکسازیی قووڵ بوو بەوەی؛ ئایینی ئیسلام رێگر نییە لەبەردەم پێشکەوتندا، بەڵکو هێزێکی پاڵنەرە بۆ گەشەکردن و نوێبوونەوە، باوەڕی وابوو یاساکان جێگیر نین، بەڵکو ئامرازێکن بۆ خزمەتی مرۆڤ، بۆیە دەبێت گەشەبکەن، تاوەکو لەگەڵ پێداویستی و گۆڕانکاریی گەلان دا بگونجێن."
زانای ناوداری كورد و جیهانی ئیسلامی پرۆفیسۆر د. مستەفا زەڵمی بەرەبەیانیی 4-6-2016 لە تەمەنی 92 ساڵیدا لە هەولێر كۆچی دوایی كرد.
مستەفا زەڵمی، خاوەنی چەندین فەتوای هاوچەرخی ئیسلامییە و بە یەكێك لە گەورە زانایانی ئایینی جیهانی ئیسلامی هەژمار دەكرێت، کە زیاتر لە 50 كتێبی لە بوارەكانی شەریعەت و یاسا دا هەیە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا هەروەها باسی لەوە کرد، "یەکەم دیداری لەگەڵ مستەفا زەڵمی لە 12ـی تەممووزی ساڵی 2007 بووە، کە داوای لێ کردووە لە کوردستان بمێنێتەوە. دەڵێ "بوونی ئەو پێویست بوو بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە یاسای باری کەسی. ئەو بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە گۆڕینی تێگەیشتنە هەڵەکان کرد سەبارەت بە کێشەکانی وەک؛ خەتەنەکردنی ئافرەتان، تەڵاق، کوشتنی ژنان و فرەژنی، ئەوەش لەڕێگەی گفتوگۆیەکی فیکری و فیقهیی بەرهەمداردا."
نێچیرڤان بارزانی نایشارێتەوە کە "ئەرکی مستەفا زەڵمی قورس بوو،" بەڵام دەڵێ "یاسایەکی بەرهەمهێنا، کە هاوسەنگیێکی وردی لەنێوان پاراستنی بەها کولتووری و ئایینییەکان دەسەبەرکرد و دادپەروەری و یەکسانیی بۆ هەمووان پێکهێنا، ئەم یاسایە تەنیا دەقێکی یاسایی نەبوو، بەڵکو رەنگدانەوەی فەلسەفەی دکتۆر زەڵمی بوو کە شکۆی مرۆڤی بەهێزکرد."
پرۆفیسۆر د. مستەفا زەڵمی بناسە:
- مستەفا زەڵمی لەساڵی 1924 لە گوندی زەڵمی هەورامانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەدایكبووە.
- ساڵی 1946 لە كۆیە خوێندنی ئایینی تەواوكردووە.
- ساڵی 1965 بەكالۆریۆسی لە یاسا لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
- ساڵی 1969 ماستەری لە شەریعە لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
- ساڵی 1971 ماستەری لە فیقهی بەراوردكاری لە زانكۆی ئەزهەر وەرگرتووە.
- ساڵی 1973 ماستەری لە یاسا هێناوەتەوە لە زانكۆی قاهیرە.
- ساڵی 1975 دكتۆرای لە فیقهی بەراوردكاری وەرگرتووە لە زانكۆی ئەزهەر بە پلەی شەرەف.
- ساڵی 2005 دكتۆرای دووەمی لە یاسا لە زانكۆی بەغدا وەرگرتووە بە پلەی ئیمتیاز.
- لەبەرەبەیانی رۆژی شەممە 4-6-2016 لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.
لە رێوڕەسمەكەدا ژمارەیەك كەسایەتیی ئەكادیمی، زانا و مامۆستایانی ئایینیی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، نوێنه‌رانی ئه‌زهه‌ری شه‌ریف، كەسوكاری پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی و بەرپرسانی حیزبی و حكومی ئامادە بوون
دەقی گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌يانيتان باش،
هه‌موو لايه‌كتان به‌خێربێن. به‌خێرهاتنێكى تايبه‌تى ميوانانى به‌ڕێز له ئه‌زهه‌رى شه‌ريفه‌وه ده‌كه‌م كە ئەمڕۆ تەشریفیان هێناوە و لەگەڵ ئێمە لەم رێوڕەسمەدا بەشدارن، زۆر بەخێربێن سەرچاوان. خۆشحاڵين كه له‌م ديدار و رێوڕه‌سمه‌دا بۆ يادى 10 ساڵەی له‌دايكبوونى پیاوێكی تایبەت، زانای گه‌وره‌ی كورد و جیهانی ئیسلامی، پرۆفیسۆر دكتۆر مستەفا زەڵمی، هەموو لایەك له‌گه‌ڵ ئێمه دا به‌شدارن، بەخێربێن.
خوالێخۆشبوو زه‌ڵمى، تەنها زانا و بیرمەندێك نەبوو، بەڵكو هێمای چاكسازی و نوێكردنەوە بوو لە بیری ئیسلامی و یاسادا. ئەم پیاوە كە بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی دادپەروەر و مرۆڤانەتر ژیا، توانی بەها ئایینییە جێگیرەكان و پێداویستییەكانی سەردەمی نوێ، پێكه‌وه كۆبكاتەوە، به‌وه‌ش كارێكى مه‌زنى ئه‌نجام دا.
د. مستەفا خاوەن دیدێكی چاكسازيی گشتگیر بوو لەسەر بنەمای باوەڕێكی قووڵ بەوەی ئايينى ئیسلام رێگر نییە لەبەردەم پێشكەوتندا، بەڵكو هێزێكی پاڵنەرە بۆ گەشەكردن و نوێبوونەوە. باوەڕی وابوو یاساكان جێگیر نین، بەڵكو ئامرازێكن بۆ خزمەتی مرۆڤ، بۆيه دەبێت گەشە بكەن، تاوەكوو لەگەڵ پێداویستیی گۆڕانكاریی گەلاندا بگونجێن.
د. زەڵمی خوێندنەوەیەكی نوێ و رۆشنگەرانه‌ى بۆ دەقە شەرعییەكان پێشكەش كرد. جەختی لەوە دەكردەوە ئیجتیهاد نابێت بوەستێت و تێگەیشتنی رووكەشانه‌ی دەقەكان، لەوانەیە ببێتە هۆی رێگری لە پێشكەوتنی كۆمەڵگەكان. پێی وابوو ئیسلام چونكه ئایینی بەزەیی و دادپەروەرییە، بە هیچ شێوه‌يه‌ك ستەم و جیاكاری، قبووڵ ناكات.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
پێشتر هه‌م به‌رهه‌مه‌كانى، هه‌م ده‌رباره‌ى مامۆستا زه‌ڵمى خوێندبوومه‌وه. ده‌مزانى ئه‌وه‌ى ئێمه ده‌مانه‌وێت بيكه‌ين، بێ هاوكارى و پشتگيريى ئه‌و، هيچ ئاسان نابێت. بۆيه، هەروەكو مامۆستا محەممەد شەریف گوتی، له یه‌كه‌م دیدارم له‌گه‌ڵ جه‌نابياندا له 12ـی ته‌ممووزى ساڵی 2007، داوام لێ كرد له كوردستان بمێنێته‌وه.
بوونی ئه‌و، زۆر پێویست بوو بۆ گۆڕانكاريی گه‌وره له یاسای باری كه‌سيدا. بەشێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر به‌شداریی له گۆڕینی تێگه‌یشتنه هه‌ڵه‌كان کرد لەبارەی كێشه‌كانی وه‌ك: خه‌ته‌نه‌كردنی ئافره‌تان، ته‌ڵاق، كوشتنی ژنان و فره‌ژنی، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆیه‌كی فیكری و فیقهيی به‌رهه‌مداره‌وه.
هه‌مان ساڵ به سه‌رپه‌رشتيی به‌نده و به سه‌رۆكایه‌تيی د. زه‌ڵمی و ئه‌ندامیێتی (10) شاره‌زاى په‌یوه‌ندیدار، ده‌ست به ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ياسا‌ی هه‌مواركردنی یاسای باری كه‌سیی كرا. ماوه‌ی زیاتر لە (8) مانگ كاریان له‌سه‌ر كرد و له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كان زه‌مينه‌سازيیان كرد.
له كۆتاييدا به‌شێوه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو كه له‌گه‌ڵ ده‌قی قورئانی پیرۆزدا بگونجێت، ئاماده كرا؛ ئينجا له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانی كوردستانیش په‌سندکرا. گۆڕانكارییه‌كان گەورە بوون، بێگومان، به‌بێ تێگه‌یشتنی قووڵی مامۆستا زه‌ڵمی بۆ قورئانی پیرۆز و فیقهـ، ئه‌مه جێبه‌جێ نه‌ده‌بوو. هه‌روه‌ها ئه‌و رۆڵى سه‌ره‌كيی گێڕا بۆ باوه‌ڕپێهێنانی زانایانی ئایینی له گرنگيی ئه‌م گۆڕانكاریيه و پشتگیریكردنیان.
مامۆستا زه‌ڵمی جووڵانه‌وه‌یه‌كی فیكریی گه‌وره‌ی دروست كرد له‌سه‌ر بنه‌مای تێگه‌یشتنی مرۆڤانه بۆ ئیسلام، دوور له‌و نه‌ریته كۆنانه‌ى بە هیچ شێوەیەك په‌یوه‌ندیيان به ئايينه‌وه نەبوو. بۆيه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی، به‌رده‌وام قه‌رزاری به‌خشینه زانستی و فیكرییه‌كانى مامۆستايه.
هه‌ميشه بێ كۆڵدان، لەگەڵ پیاوانی ئایینی، ئەكادیمییەكان و یاسادانەران و سياسه‌تمه‌داران كاری ده‌كرد بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگییەك لەنێوان بەها ئیسلامییەكان و پێداویستییە هاوچەرخەكاندا. ئەركەكه‌ى قورس بوو، بەڵام یاسایەكی به‌رهه‌مهێنا كە هاوسەنگییەكی وردی لەنێوان پاراستنی بەها كولتووری و ئایینییەكان و دەستەبەركردنی دادپەروەری و یەكسانی بۆ هەمووان، پێكهێنا.
ئەم یاسایە تەنها دەقێكی یاسایی نەبوو، بەڵكوو رەنگدانەوەی فەلسەفەی دكتۆر زەڵمی بوو كە ستەمی رەتكردەوە و مرۆڤسالارى و شكۆى مرۆڤى بەهێز كرد. ئه‌و، هه‌ميشه جه‌ختى له رێزگرتن و شكۆمه‌نديى مرۆڤ كردووه‌ته‌وه.
بەڕێزان،
د. زەڵمی، پێی وابوو بەهێزكردنی ئافرەت تەنها مەسەلەیەك نييه په‌يوه‌نديى به مافه‌وه هه‌بێت، بەڵكوو فاكتەرێكی سەرەكییە بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی بەهێز و سەقامگیر. بۆيه یەكێك بوو لە یەكەم بەرگریكارانی پرسى ئافرەت و مافه‌كانى لە هه‌رێمى كوردستان.
بەشێوەیەكی بەرچاو بەشداريی لە دەركردنی یاسای سزادانی هەموو جۆرەكانی توندوتیژی دژی ئافرەتان کرد. یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژيی خێزانی كە لە ساڵی 2011 دەرچوو، ئەنجامێكی راستەوخۆی هەوڵە فیكری و یاسایيیەكانی دكتۆر بوو.
هه‌ميشه جەختی لەوە دەكردەوە تووندوتیژی دژی ئافرەتان، تەنها كێشەیەكی تاكەكەسی نییە، بەڵكو هەڕەشەیە بۆ سەر كۆمەڵگە بەشێوەیەكی گشتی. پێی وابوو بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ژن، هەنگاوێكی بنەڕەتییە بەرەو بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی هاوسەنگ و دادپەروەر.
دكتۆر مستەفا ده‌يزانى چاكسازی له بوارى ياسا، تەنها به گفتوگۆى قووڵ و هاوكاريی نێوان لایەنە جیاوازەكان، بەدیدێت. باوەڕی وابوو شەریعەتی ئیسلام و یاسای مۆدێرن دژ بەیەك نین، بەڵكوو دەتوانن پێكەوە كار بكەن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەكسانی، له‌وپێناوه‌شدا ره‌نجێكى زۆرى دا و ئه‌ركێكى مه‌زنى جێبه‌جێ كرد.
فەلسەفەكەی لەسەر ئەوە بنیاتنرابوو كە ئایین سەرچاوەی ئیلهامی ئەخلاقی و دادپەروەرییە، لەكاتێكدا، یاسا دەبێت ئامرازێكی پراكتیكی بێت، بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و رێكخستنی پەیوەندییەكان، لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگەدا.
ئامادەبووانی بەڕێز،
میراتی د. مستەفا زەڵمی، تەنها كتێب و یاسا نین، بەڵكو پەیامی ئومێدە بۆ نەوەكانی داهاتوو. ئه‌و، فێری كردین ئیجتیهاد و كاری بەردەوام، تاكه رێگەن بۆ بەدیهێنانی پێشكەوتن. ئه‌وه‌ى سه‌لماند ئاستەنگەكان رێگر نین، بەڵكو پاڵنەرن بۆ داهێنان و نوێگەری.
د. زەڵمی، رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەوە لە ژیانیدا، بەڵام نموونەی ئازایەتی و پێداگری بوو. لە توێژینەوەكانییەوە تا چاكسازییه‌كانى له یاسادا، هەمیشە پابەند بوو بە خزمەتی زانست و كۆمەڵگە. بۆيه ژیانی ئه‌و، سەرچاوەی ئیلهامه بۆ هەموو ئەوانەی هەوڵی بنیاتنانی داهاتوویەكی باشتر بۆ گەلەكەیان دەدەن.
وەك لە یەكێك لە نووسینەكانیدا دەڵێت "زانستى راستەقینە ئەوەیە؛ خزمەتی مرۆڤ دەكات و بەرزی دەكاتەوە، هەر زانستێك ئەمە بەدینەهێنێت، زانستێكی ناتەواوە."
ئێمە لە هەرێمی كوردستان پابەندین بە بەردەوام بوون لەسەر ئەو رێگەیەی د. زەڵمی كێشاویه‌تى. بەردەوام دەبین لە كاركردن بۆ بەهێزكردنی دادپەروەريی كۆمەڵایەتی، پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و دڵنیابوون لەوەی كوردستان لانه‌يه‌ك بێت بۆ لێبوردەیی و پێكەوەیی.
بەردەوام دەبین لە كاركردنى جددی، بۆ دڵنیابوون لەوەی میراتە فیكری و یاساییيەكەی لە كۆمەڵگەكەماندا، به‌زیندوويى بمێنێته‌وه. رێنیشاندەرمان دەبێت لە بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی كە رێز لە فرەیی دەگرێت و بەها مرۆیيیەكان، بەهێز دەكات.
بەڕێزان،
میراتی د. زەڵمی لە سنوورەكانی كوردستان و عێراق تێپه‌ڕيوه. دیدە فكری و چاكسازییەكانی، تەنها ناوخۆیی نەبوون، بەڵكو بوونە سەرچاوەی ئیلهام بۆ جیهانی ئیسلام و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش لە ساڵى 2013 له‌لايه‌ن شێخى ئه‌زهه‌رى شه‌ريفه‌وه، خه‌ڵات كرا.
ئه‌و تەنها پیاوێكی زانست نەبوو، بەڵكو هەڵگری پەیامی مرۆیی گەورە بوو: پەیامی دادپەروەری و لێبوردەیی كە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر كاتێك، ئێمە پێویستمان پێیەتی. سەلماندی زانست و كاری بەردەوام، دەتوانێت ببێتە هێزی گۆڕانی راستەقینە بۆ چاكه. ئەمڕۆ، كه لێرە وەستاوین، ته‌نيا بۆ یادكردنەوەی خۆى و ميرات و دەستكەوتەكانی نييه، به‌ڵكو بۆ نوێكردنەوەی پەيمانیشمانه بە بەرەوپێشبردنی پەیامەكەی.
ده‌ستخۆشى له رێكخه‌رانى ئه‌م ديداره ده‌كه‌م. زۆر سوپاس بۆ ماندووبوون و كارى دڵسۆزانه‌يان. سوپاس و پێزانين بۆ هەموو ئەوانەی بەشدارییان كرد لە زیندووڕاگرتنی یادی ئەم زانا بەڕێزە.
هه‌موو لايه‌كتان به‌خێربێن.
هه‌ر زيندوو بێت يادى خوالێخۆشبوو پرۆفيسۆر د. مسته‌فا زه‌ڵمى.
زۆر سوپاستان ده‌كه‌م،
هيواى رۆژێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم...
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ