یەکەم رۆژی قۆناخی سێیەمی پرۆسەی سەرژمێری چۆن بەڕێوەچوو؟

01-12-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو-هەولێر

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی ئامادەکارییەکانی ئەوان، پێویستە لە 15-12-2024، قۆناخی سێیەمی سەرژمێری کۆتایی بێت. بەرپرسانی سەرژمێری لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش دەڵێن، "پڕۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەچووە".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی کانوونی یەکەمی2024، مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی راگەیاند، "یەکەم رۆژی سەرژمێری زۆر بەباشی بەڕێوەچوو، هەڵەی تەکنیکیی بچووک لە پرۆسەیەکی واگەورەدا هەر دەبێت، بەڵام نەبووەتە هۆی دواخستن یان وەستاندنی پڕۆسەکە."
 
لەبارەی کۆتاییهاتنی قۆناخی سێیەمی سەرژمێریی، مەحموود عوسمان دەڵێت، "بەپێی ئامادەکاری و بەرنامەکانی ئێمە، 15-12-2024، قۆناخی سێیەمی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت، بەڵام ئەگەر بەهۆی کاری زۆرەوە ئەوکات تەواو نەبوو، کاتمان هەیە یەک دوو رۆژی دیکەش درێژی بکەینەوە، چونکە نابێت هیچ شوێنێک بمێنێتەوە."
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان گوتی، "لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی 3014 بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەرمان هەیە، لەگەڵ 7000 بژمێر، پرۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەچوو، هیچ کێشەیەک رووینەدا ببێتە هۆی وەستاندنی پڕۆسەکە."
 
بە گوتەی مەحموود عوسمان، "لەم قۆناخەدا بژمێرەکان سەردانی هەمان ماڵ و بلۆک دەکەنەوە کە لە قۆناخی دووەمدا سەردانیان کردبوو، ماوەی نیو کاژێر لە ماڵەکانیان دەمێننەوە."
 
هاوکات دڵزار حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "یەکەم رۆژی پرۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەچوو، هیچ کێشەیەکی گەورە رووینەدا کە ببێتە هۆی وەستاندنی پرۆسەکە، تەنیا هەندێك کێشەی بچووکی ئینتەرنێت هەبوو، بەڵام ئێمە تیمەکانی ITمان بە بەردەوامی ئامادەبوون، هەر کیشەیەک بۆ بژمێرەکان دروستبووایە پێویست بوو سەرەوەی خۆیان ئاگادار بکەنەوە."
 
بەڕێوبەری ئاماری پارێزگای هەولێر دەڵێت، "9000 هەزار بژمێر لە پارێزگای هەولێر هەن"
 
رافع محەممەد، بەرپرسى راگەیاندنی سەرژمێرى لە دهۆک بە رووداو گوت، "لە یەکەم رۆژی قۆناخی سێیەمی سەرژمێری، هیچ کێشەیەک رووینداوە، پڕۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت، لە کاژێر 09:00ی بەیانییەوە پرۆسەکە دەستیپێکردووە، خەڵک لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان هاوکارمانن."
 
بەرپرسى راگەیاندنی پرۆسەی سەرژمێرى لە دهۆک گوتیشی، "1400 بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەر لە پارێزگاکەمان هەن، لەگەڵ 4400 بژمێر."
 
سەرژمێریی گشتیی بۆ ماوەی سێ رۆژ و لە 20 بۆ 22ـی 11-2024 لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. دوای دوو رۆژ و رۆژی 25ـی هەمان مانگ، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ئاماری دانیشتووانی راگەیاند و گوتی، دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەس و 14%ـی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن.
 
دوای 37 ساڵ و لە 20 بۆ 22-11-2024، لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتی کرا، تێیدا ناوی خێزانەکان تۆمارکرا و، بڕیارە تاوەکو 10ـی مانگی داهاتوو فۆرمی تۆماری خێزان پڕبکرێتەوە، کە تێیدا زیاتر لە 70 پرسیار لە خێزانەکان دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.