بێگەرد تاڵەبانی بۆ رووداو: بەشێک لە ناوچەکانمان رووبەڕووی مەترسیی بەبیابانبوون دەبنەوە

01-12-2023
هیدایەت جان
 هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە دوبەی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە دوبەی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت گەرمیان و بەشێک لە ناوچەکانی دەشتی هەولێر، رووبەڕووی بەبیابانبوون دەبنەوە.
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە دوبەی قسەی بۆ سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو کرد. وەزیری کشتوکاڵ، بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستانی لە لووتکەی جیهانیی گۆڕانی کەشوهەوا بە "گرنگ" ناوبرد و رایگەیاند، "ناوچەی ئێمەش کاریگەرە بە گۆڕانی کەشوهەوا و لە چوارچێوەی عێراقدا رووبەڕووی کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بووینەتەوە."
 
وەزیری کشتوکاڵ پێیوایە کە "لەم جۆرە کۆنفرانسانەدا پلان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دادەندرێت" و دەشڵێت، "دەمانەوێت سوودمەندبین لەو پاڵپشتییە داراییەی بۆ وڵاتانی تازە پێگەیشتوو کە کەوتوونەتە بەر کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا کۆدەکرێتەوە."
 
لەبارەی دروستکردنی بەنداو لە هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی گوتی "هەوڵمانداوە سەرنج بخەینە سەر دروستکردنی بەنداوی بچووک بۆ گلدانەوەی ئاو لە ناوچە جیا جیاکانی هەرێمی کوردستان."
 
وەزیری کشتوکاڵ باس لەوە دەکات کە عێراق رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتەوە و پێشیوایە کە هەرێمی کوردستانیش "دەکەوێتە بەر هەژموونی ئەو کۆچە نەخوازراوەی لە بەشەکانی دیکەی عێراق بەرەو هەرێمی کوردستان دێت و لە هەرێمی کوردستانیشەوە بۆ وڵاتانی دیکە دەڕوات."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان
 
رووداو: بەشداریی هەرێمی کوردستان لە لووتکەی کەشوهەوا لە دوبەی چۆن دەبینی؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: کۆپ 28 یەکێکە لەو کۆنفرانسە جیهانییانەی لە ئاستی وڵاتانی گەورەی جیهان بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵانی نەوەتەکانەوە بەڕێوەدەچێت، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی یاسایی پابەندکراو لە نێوان یەکتریدا، بۆ ئەوەی پرۆگرامێکی بەپەلە دابنرێت بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی جیهان کە بەهۆی گۆڕانکاریی کەشوهەوا هەست بە روودانیان دەکرێت، لە ئەنجامی زیادبوونی بڕی کاربۆن و گازی میسان لەنێو چینەبەرگی هەوادا کە کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ژیانی زیندەوەران و هاوکات لەسەر رووبەری سەوزایی و کەمبوونەوەی ئاو. ئەم کۆنفرانسانە گرنگن لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتانەی درک بە مەترسییەکان دەکەن، پلان بۆ رووبەڕووبوونەوەیان دادەڕێژن. 
 
بەشداریی هەرێمی کوردستان بە شاندێکی باڵا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، من وەکو وەزیری کشتوکاڵ و شاندی هەردوو سەرۆکایەتییەکە بەیەکەوە، بە دڵنیاییەوە گرنگی خۆی هەیە. لەبەر ئەوەی لەم کۆڕبەندە جیهانییەدا سەرۆکی وڵاتان بەشداریی دەکەن. راستە ئێمە دەوڵەت نین، بەڵام وەک گرنگییەک بۆ ئەوەی ناوچەی ئێمەش کاریگەرە بە گۆڕانی کەشوهەوا و ئێمەش لە چوارچێوەی عێراقدا رووبەڕووی کێشەکانی ئەو گۆڕانکارییە بووینەتەوە، وەکو لایەنێکی بایەخپێدان بۆ هەرێمی کوردستان، ئێمە بە گرنگییەوە هەڵیدەسەنگێنین، چونکە لێرە دەرفەت دەبێت هەم لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان پەیوەندی بگرین و هەمیش لەگەڵ ئەو شاندە تەکنیکییانەی پرۆگرامی تایبەتمەند دادەڕێژن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین سوودمەندبین لە لایەنی مەعنەوی پلانەکان و ئەو پاڵپشتییە داراییەش کە لە ئاستی نێودەوڵەتی کە هاوکاری گەورە کۆدەکرێتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی تازەپێگەیشتوون و ئەو وڵاتانەش کە کەوتوونەتە بەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
 
رووداو: ئەو گفتوگۆیانە لەگەڵ کێدا دەکەن؟ ئێوە راستەوخۆ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەت و دەوڵەتان گفتوگۆ دەکەن یان لە چوارچێوەی حکومەتی عێراق؟ رێگەی هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا چییە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دوو شێواز دەتوانین ئامانجەکانمان بپێکین؛ یەکێکیان لە رێگەی حکومەتی عێراقی فیدراڵەوە کە ئەوە ئەرکی خۆیانە لە سەرتاسەری عێراق لە کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا، نەمانی ئاو، نەمانی رووبەری سەوزایی و لەدەستدانی خاک، کە هۆکاری گەورەن بۆ ئەوەی ژیانی زیندەوەر و مرۆڤایەتی و کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک بکەوێتە مەترسییەوە. لە دەرئەنجامی ئەمانە، ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان ئەگەر بارودۆخمان تا رادەیەکیش باشتر بێت لەچاو نێوەڕاست و خوارووی عێراق، بە دڵنیاییەوە دەکەوینە بەر هەژموونی ئەو کۆچە نەخوازراوەی کە لە بەشەکانی دیکەی عێراق بەرەو هەرێمی کوردستان دێت و لە هەرێمی کوردستانیشەوە بۆ وڵاتانی دیکە دەڕوات.
 
رووداو: ئەوە لە ستراتیژی هەرێمی کوردستاندا بیری لێ کراوەتەوە؟ بۆ نموونە ئامادەکاری بۆ کراوە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بە دڵنیاییەوە، ئێمە لە ئاستی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق، لیژنەی هاوبەشمان هەیە و شاندە فەرمییەکانمان ئێستا لەگەڵ شاندی عێراق لەم لووتکەیە بەشدارن کە کەسانی تایبەتمەند و پسپۆڕن و پلاندادەڕێژن و ستراتیژ و دیدگەی هەرێمی کوردستان دەخەنە نێو بەرنامەکانی وڵاتی عێراقی فیدراڵەوە. خاڵی دووەم، وەک ئاگادارن، نوێنەری زۆربەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستان هەن و پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان هەیە؛ بەدواداچوونی ورد هەیە لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان. ئێمەش خۆمان وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ، دەستەی ژینگە و وەزارەتی پلاندانان بەیەکەوە هاوئاهەنگی تەواومان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین بە داتا و ئامار، ئەو کاریگەرییانە دەربخەین و بە دڵنیاییشەوە لە پەیوەندیییە راستەوخۆکانمان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دەتوانین ئەو پەیامەی خۆمان بگەیەنین، بەڵام ئەوەی کە گرنگە، ئێمە لەگەڵ وڵاتی عێراق کە ئەوان وەکو وڵات لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا دەتوانن ببن بە پۆینتی وەرگرتنی پاڵپشتی مادی، لەو پاڵپشتییە مەعنەوییەش کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە، دەبێت هەرێمی کوردستانیش بەشێک بێت لەو پلانە بۆ ئەوەی بتوانین کاریگەرییەکان لە سەرتاسەری عێراق بەیەکەوە کەم بکەینەوە.
 
رووداو: گۆڕانی کەشوهەوا تەنیا بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بە بیابانبوون نییە، بەڵکو کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و سەرزەویشە. دۆخی ئاو لە کوردستاندا چۆنە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بەداخەوە، ئێمە چەندین ساڵە بە قۆناخی وشکەساڵیدا تێدەپەڕین؛ باران لەم چەند ساڵەی دوایی بەراورد بە ساڵانی پێشتر زۆر کەم بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دوایین داتا کە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان بەرچاومان کەوت، بەشێک لە ناوچەکانمان رووبەڕووی مەترسی بەبیابانبوون دەبنەوە، بەتایبەتی ناوچەی گەرمیان و بەشێک لە ناوچەکانی دەشتی هەولێر. لەبارەی دۆخی ئاویشەوە، یەکێک لە گرفتەکانمان ئەوەیە کە لە رابردوودا زۆر سەرنجمان نەخستووەتە سەر گلدانەوەی ئاو و دروستکردنی بەنداوی ستراتیژی، ئێستا لەم کابینەیەدا سەرنجی زۆرمان خستووەتە سەر دروستکردنی بەنداو. راستە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەمانتوانیوە بەپێی خواستی خۆمان بەنداوی گەورە دروستبکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵمانداوە سەرنج بخەینە سەر دروستکردنی بەنداوی بچووک بۆ گلدانەوەی ئاو لە ناوچە جیا جیاکانی هەرێمی کوردستان، بە دروستکردنی پۆند بۆ گلدانەوەی ئاوی باران، دروستکردنی پۆندی هەرەوەزی لە نێوان گوندەکان، زیادکردنی رووبەری سەوزایی بۆ ئەوەی کاریگەرییەکان کەم بکەینەوە. من ناکرێ ئێستا بڵێم دۆخی ئاومان خراپە، بەڵام لە ئاست ئەو خواستەشدا نییە کە بڵێین مەترسیمان لەسەر نییە بۆ داهاتوو کە رووبەڕووی نەمانی ئاو دەبینەوە، چونکە بەداخەوە شێوازی بەکارهێنانی ئاو چ بۆ خواردنەوە و چ بۆ کشتوکاڵ لە وڵاتی ئێمەدا زێدەڕۆیی زۆری تێدایە و ئەمەش پێویستی بە پلانێکە بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگاری لە بڕی ئاوی خۆمان بکەین.
 
رووداو: عێراق هاوکاری هەرێمی کوردستانە بۆ دروستکردنی پۆند و بەنداوی گەورە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئەمڕۆ دانیشتنێکی تایبەتمان هەبوو لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی عێراقی فیدراڵ بە ئامادەبوونی بەرپرسی یەکەمی UNDP و قسەمان لەسەر ئەوە کرد کە پێویستە عێراق لە چوارچێوەی ئەو پلانەی هەیەتی، لە چوارچێوەی ئەو تەرخانکردنی پارەیەی بۆ دروستکردنی بەنداوی بچووک بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ کەمبوونەوەی ئاو هەیە، هەرێمی کوردستان بە بەشێکی تایبەت بە خۆی بزانێت. ئێمە کە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر دەکەین، بە قسە گفتوگۆکانمان تەواوکەری یەکترین، بەڵام لەبواری کرداریدا من چوار ساڵ و نیوە لەم وەزارەتەم، تاوەکو ئێستا بۆ نموونە بەنداوی دەربەندیخان کە ئاوەکەی راستەوخۆ سوودی هەیە بۆ ناوچەکانی نێوەڕاستی عێراق و ناوچەی دیالە، تاوەکو ئێستا پێویستمان بە سیانەیەکە کە دوو ملیار دینارە، بەڵام خەرج نەکراوە. بە بەردەوامی لەگەڵ وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە پەیوەندیداین و هەموو دەرخستەکانمان ناردووە؛ مەترسییەکان لەسەر داڕووخانی بەنداوی دەربەندیخان بە حوکمی بوونی بوومەلەرزە کە لەو ناوچەیە هەبوو و.
 
رووداو: مەترسی لەسەر بەنداوەکە هەیە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. ئێستا ئەو کۆمپانیایەی بەنداوی دەربەندیخان نۆژەن دەکاتەوە، ئەرکەکانی خۆی لەسەر حیسابی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە. تاوەکو ئێستا ئێمە لەبەر قەیرانی دارایی نەمانتوانیوە پارەکەشی بدەینێ. مەبەستم ئەوەیە کاتێک ئێمە لەگەڵ عێراق دەکەوینە گفتوگۆ لەڕووی تیۆرییەوە، هیچ کێشەیەکمان نییە، بەڵام کە دەگاتە بواری جێبەجێکردن و کرداری، لە راستیدا من ئەو هاوکارییەم نەبینیوە، چونکە ئەوان زۆربەی شتەکان دەبەستنەوە بە بڕی ئەو پارەیەی لە یاسای بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت و لەو چوارچێوەیەدا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت کە ئەمەش یەکێکە لە گرفتەکان، وەکو ئاگادارن ئێستا گەورەترین گرفتی ئێمە مووچەی فەرمانبەرانە لە هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: لەم چەند ساڵەی دواییدا گرنگییەکی زۆر بە کشتوکاڵ دەدرێت بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان. هەندێک جاریش هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی دەرەوە دەکەن. ئێستا هەرێمی کوردستان دەتوانێ لە کەرتی کشتوکاڵدا پشت بە خۆی ببەستێت و بەروبووم هاوردە نەکات؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: لە هەموو دنیادا مەرج نییە هەموو وڵاتێک کە زۆر پێشکەوتووش بێت، لە کەرتی کشتوکاڵ بڵێ من هەموو ئەو بەرهەمانەی بۆ وڵاتەکەم پێویستە، سەرجەمی خۆم بەرهەمیان دەهێنم و پشت بە بەرهەمی هاوردە نابەستم، بەڵام ئێمە لە ماوەی چوار ساڵ و نیوی رابردوو، بەپێی ئەو داتایانەی ئێستا لەبەردەستن، سوپاس بۆ خودای گەورە و ئەو توانایەی لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە پشتیوانی هەموو لایەک، چ لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە یەکەوە کردوومانە، لەگەڵ قەیرانی دارایی و نەبوونی پارە، ئێمە زۆر هەنگاوی باشمان ناوە. لە زۆر بابەتدا کە پێداویستی بازاڕی خۆمانە، گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی. ئێمە پێویستیمان بە رێکخستنی بازاڕ هەیە؛ پێویستیمان بەوە هەیە چۆن پاڵپشتی جووتیارانمان بکەین لە دانانی باج و قەدەخەکردنی بەرهەمی هاوردە بۆ ئەو بەرهەمانەی کە تێیاندا گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی؛ لە هەمان کاتیشدا لە رێکخستنی بازاڕ بۆ ئەوەی نرخ لەسەر هاونیشتمانییان گران نەبێت. توانیومانە هەنگاوی زۆر باش بهاوێین.
 
رووداو: ئەو هاوسەنگییەتان راگرتووە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئەو هاوسەنگییە بەتەنیا لەدەست وەزارەتی کشتوکاڵ نییە، بەڵکو پێویستی بە بڕیاری دەستەجەمعی هەیە لە نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، واتە وەزارەتی بازرگانی، وەزارەتی دارایی، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران. ئێمە پێویستمان بەوە هەیە کە لەیەکتێگەیشتنێکمان هەبێت لەگەڵ یەکتر، چونکە قەیرانی دارایی وایکردووە ئێستا بۆ نموونە، لە بابەتی کۆکردنەوەی داهاتدا بەهۆی قەیرانی دارایی، کۆکردنەوەی داهات یەکێک بوو لە ئامانجەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانە داراییەکە. ئێمەش وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ تموحی ئەوەمان هەیە قەدەخە رابگەیەنین و بەرهەم هاوردە نەکرێت، ئەو کاتەش باج کەم دەبێتەوە. هەموو ئەوانە پێویستییان بە رێکخستنە، بەڵام هاوئاهەنگی تا رادەیەکی باش کراوە. ئەگەر بە ویژدانەوە هەڵسەنگاندن بکەین، لە کۆمەڵێک بەرهەمدا توانیومانە لە پێداویستی نێوخۆمان زیاترمان هەبێت و دەرگا بۆ هەناردەکردنیان بکەینەوە. خەڵک زۆرجار رەنگە رەخنەمان لێ بگرێت، مافی خۆیانە لەبەر ئەوەی فەرمانبەری ئێمە ئێستا مووچەیان نییە و ژیانی بازاڕ راوەستاوە؛ رۆژانە دەبینین کێشەی کارەبا هەیە کە هەموو ئەوانە گرفت و کێشەی گەورەن و ئازاری دڵمان دەدات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بۆ نموونە لە سێکتەری کشتوکاڵ، کاتێک دەرگا بۆ هەناردەکردنی بەرهەمێکی نێوخۆیی بۆ بازاڕەکانی دەرەوە دەکەیەوە بە براندێکی کوردەواری  و کوردستانی، ئەمە بۆ ئێمە دەستکەوتێکە و دەستپێکە بۆ ئەوەی بتوانین دەرگە بۆ جووتیارەکانمان بکەینەوە لە بوارەکانی هەنگەوانی و پەتاتە و...
 
رووداو: ئەمە دەستکەوتێکی سیمبوولییە یان بەڕاستی سوودی بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەیە؟ جووتیاران پشتئەستوورن کە ئیدی بەرهەمەکانیان دەفرۆشرێت؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئێمە کار بۆ ئەوە ناکەین کە شتێکی سیمبوولی بۆ هەنگاوێکی کاتی بکەین؛ لە راستیدا من وەکو وەزیری کشتوکاڵ قەت باوەڕم بەو شتانە نییە. ئەو هەنگاوانەی دەستمان پێ کردوون، دەمانەوێ پەرەیان پێ بدەین بۆ ئەوەی بتوانین بە تەنیا پشت بە بازاڕی عێراق نەبەستین. ساڵانە کێشەمان لەگەڵ عێراق ئەوەیە، لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەکانماندا دەرگامان لەسەر دادەخەن، ئێمە دەتوانین دەرگای دیکە بەڕووی بەرهەمەکانماندا بکەینەوە، بەڵام بە مەرجێک بتوانین کواڵیتی بەرهەمەکانمان بەرز بکەینەوە. ئەو هەنگاوانەی دەستمان پێ کردوون، بە توێژینەوەی زانستی بووە، بۆ نموونە یاداشتی لەیەک تێگەیشتنمان لەگەڵ کارگەی پاکێجینگ واژۆکردووە بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی جوان بینێرینە بازاڕەکانی جیهان بۆ ئەوەی بتوانێت کێبڕکێ بکات. بۆیە لای من وەکو بنەمای وەزارەتی کشتوکاڵ شتێک نییە بە ناوی سیمبوولیکەوە، بەڵام بنەمایەک هەیە بەو ئاراستەیەی دەرگە بکەینەوە بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیارەکانمان و بتوانین بەرهەمهێنان زیاد بکەین. لە رابردوودا کاتێک دەست بە چاندنی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان کرا، حەوت بۆ هەشت هەزار تۆنمان هەبوو، ئێستا ساڵانە دەگەینە نزیکەی 600 هەزار تۆن، ئەمە خۆی ئاماژەیەکە بە ئاراستەی ئەوەی لەبری کارگەیەک و دوو کارگە، 11 کارگەی چیپسی پەتاتە و فینگەر دابمەزرێت. بۆیە هەنگاوەکان ستراتیژین و هەموو هەنگاوێکیش لە خاڵێکەوە دەست پێ دەکات.
 
رووداو: لێی رازی؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ناتوانم بڵێم 100٪ رازیم، بەڵام دەکرێت ئەم هەنگاوە بە هەنگاوێکی گەورە سەیر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین دەرگا بکەینەوە و پەرەی پێ بدەین. سێکتەری کشتوکاڵ قازانجی خێرای تێدا نییە. ئەو سەرمایەدار و وەبەرهێنەی لەو سێکتەرە وەبەرهێنان دەکات، دەبێ چاوەڕێی ئەوە بکات کە بە ماوەیەکی درێژ قازانجەکەی وەربگرێتەوە، بەڵام خزمەتێکی گەورە دەکات و بنەمایەکی گەورەی ئابووری بۆ وڵاتەکەی دروستدەکات. لە هەمان کاتیشدا، هەر کەسێک توانی لەم بوارەدا ئەسپی خۆی تاو بدات، دواتر ئابووری ئەم وڵاتەش دەگرێتە دەستەوە. بۆیە هەنگاوەکانمان بە ئاراستەیەکن کە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی بکەن، خزمەتی توێژێک بکەن کە دەیان ساڵە کۆمەڵێک دەرگای لەسەر داخراوە و لە چوارچێوە و بازنەیەکی نەریتیدا دەسووڕێتەوە.ئێمە دەبێ ئەم نەریتە بشکێنین بۆ کۆمەڵێک هەنگاوی پێشکەوتووتر کە پاڵپشتی جووتیارەکانمان بکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."