دەستەی ژینگە: پلانی هاوبەشمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە هەیە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گازی میسان بەروارد بە دوانۆکسیدی کاربۆن 28 جار زیاتر کاریگەری لەسەر ژینگە هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە، پلانی هاوبەشیان لەگەڵ بەغدا هەیە.
 
رۆژی هەینی، 01-12-2023، عەبدولڕەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند، ''گۆڕانی کەشوهەوا بابەتێکی جیهانییە و هەموو وڵاتانی گرتووەتەوە. رەنگە ئێمە بەشێک نەبین لە هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، بەڵام کارتێکراوین و ئەم بابەتە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان، عێراق و هەموو ناوچەکە هەبووە".
 
عەبدولڕەزاق خەیلانی گوتی، رەنگە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بە رادەیەکی کەم لە پیسبوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گۆی زەوی بەشدار بن، ''بەڵام بەراورد بە وڵاتانی پیشەسازیی پێشکەوتوو، دەرهاویشتەکانی ئێمە زۆر کەمە کە ببنە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی".
 
وەک گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێکرد، قەبارەی پیسکردنی ژینگە پەیوەندی بە قەبارەی پیشەسازیی وڵاتانەوە هەیە و ''زیاتر 80٪ـی هۆکاری پیسبوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گۆی زەوی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتە زلهێزەکان، بەڵام مەترسییەکە سەرجەم وڵاتان دەگرێتەوە".
 
لە شاری دوبەی لە ئیمارات لە 30ـی تشرینی دووەم تاوەکو 12ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، سەرکردەکانی 200 وڵات، هەرێم و رێکخراو بەشداری لە کۆنفرانسی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن کە بە کۆپ 28 ناسراوە و هەنگاونانی زیاتر بەرەو بەکارهێنانی وزەی پاک، سفرکردنی گازە گەرمکەرەکان تاوەکو 2030 و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، مژاری گەرمی 13 رۆژی کۆنفرانسەکە دەبن.
 
عەبدولڕەزاق خەیلانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆنفرانسەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا هەموو ئاراستەکان بۆ پێشگرتن لە بەرزبوونەوەی زیاتری پلەی گەرمیی گۆی زەوی بوون کە بەگشتی لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە (ساڵی 1850) نزیکەی 1.1 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە. گوتیشی، ''پێشگرتن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەڕێگەی کەمکردنەوەی دەرهاوێشتەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، دەکرێت".
 
گازی دوانۆکسیدی کاربۆن و گازی میسان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر پیسبوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گۆی زەوی هەیە. عەبدولڕەزاق خەیلانی دەڵێت، ''راستە گازی میسان دەردانی بەراورد بە دوانۆکسیدی کاربۆن کەمترە، بەڵام 28 جار زیاتر کاریگەری لە پیسبوونی ژینگە هەیە".
 
بڕیارە نەتەوە یەکگرتووەکان بودجەیەکی 100 ملیار دۆلاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کۆبکاتەوە.گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە گوتی، "راستە سەرکردەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گازە گەرمکەرەکان هەنگاو بنێن و هاوکاریی وڵاتانی هەژار بن، بەڵام تا ئێستا تەنیا نزیکەی 20 ملیار دۆلار کۆکراوەتەوە.''
 
گوتەبێژی دەستەی ژینگە لەبارەی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا گوتی، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گازە زیانبەخشەکان و گۆڕانی کەشوهەوا، پلانی هاوبەشیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەیە و پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پابەندی بن؛ دەشڵێت، رێکاری دووەمی پاراستنی ژینگە، خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوایە بە زیادکردنی سەوزایی، پۆندەکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە کەرتی کشتوکاڵدا".