جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: زستان تەواو دەبێت دابەشکردنی ‏نەوت ناگاتە ناو شار


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێكی لیژنەی دابەشكردنی نەوت لە سلێمانی رایگەیاند، تائێستا ‏لە سنووری سلێمانی 12 ملیۆن ‌و 213 هەزار لیتر نەوت ‏دابەشكراوە، لە کاتێکدا 110 ملیۆن لیتر نەوتیان پێویستە. جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت ‏‏"ئەگەر دابەشكردنەكە بەم جۆرە بێت، زستان تەواو دەبێت، دابەشكردنی ‏نەوت ناگاتە ناو شاری سلێمانی."‏
 
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشكردنی نەوت لە ‏بەڕێوەبەرایەتیی ‏نەوت ‌و كانزاكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ‏دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری سلێمانی بەردەوامە و ‏تائێستا 12 ملیۆن ‌و 213 هەزار لیتر نەوت دابەشكراوە.
 
سەلام عومەر ئاماژەی بەوەدا کە بە دوو بۆ سێ‌ رۆژ جارێك نەوت دابەش دەكەن. ئاشکرایشی کرد، ئەمساڵ ‏تائێستا زیاتر لە 61 هەزار خێزان لە دابەشكردنی نەوت سوودمەند ‏بوون. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بەرمیلێک نەوت بە نرخی پاڵپشت بە 103 هەزار دینار بداتە هەر خێزانێک، بەڵام پرۆسەی دابەشکردنە بە خاوی بەڕێوەدەچێت، بەشێکیشی بەهۆی گلەیی خەڵکە لە نرخەکەی و دەڵێن، زۆر بەرزە.
بەپێی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو 21-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 28 ملیۆن نەوتی دابینکردووە و زیاتر لە 26 ملیۆن لیتری دابەشکردووە، کە 134 هەزار و 244 خێزان لێی سوودمەندبوون.
 
بەرزان شێخ محەممەد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی ‏پارێزگای سلێمانی بە (رووداو)ی گوت: "ئەگەر دابەشكردنی ‏نەوت بەم جۆرە ئێستا بێت، زستان تەواو دەبێت دابەشكردنی نەوت ‏ناگاتە نێو سەنتەری شاری سلێمانی، چەند ‏ساڵێكیشە هەر بەو جۆرەیە."