دەروازەی پەروێزخان: هێنانە ژوورەوەی 83 ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2019 بە رەزامەندی وەزیری دارایی بووە


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی سکاڵا لەسەر هێنانە ژوورەوەی 83 ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2019 لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان تۆمار دەکات و دەڵێت: "ئەو ئۆتۆمبێلانە بە نایاسایی هێندراونەتە ژوورەوە." بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانیش وەڵامی دەداتەوە، "ئەو ئۆتۆمبێلانە بەشێوەیەکی فەرمی داخڵ کراون و رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ، دارایی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگیان هەیە."
 
رۆژی 2ـی تشرینی دووەمی 2021، لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان ژمارەیەک بازرگان 83 ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2019یان هاوردەی هەرێمی کوردستان کرد، لەکاتێکدا بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ساڵێک لە 1ی تشرینی دووەم رێگە بە هێنانە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلی مۆدێل نزمی دوو ساڵی پێشتر نادرێت، واتا لە 1ی11ی2021ەوە نەدەبوو ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2019 بهێندرێنە ژوورەوە.
 
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت: "هێنانە ژوورەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە نایاساییە، چونکە بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ ناکرێت دوای 1ـی 11 رێگە بە هاتنە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلی مۆدێل نزم بدرێت، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلانە دوای ئەو رێککەوتە داخڵ کراون."
 
بە گوتەی کەریم عەلی، پێشتر وەزارەتی دارایی لیژنەیەکی لەبارەی هێنانە ژوورەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە پێکهێناوە. دوای ئەوە بە نووسراوێک ئەنجامی بەدواداچوونەکانی بڵاوکردووەتەوە، بە گوێرەی ئەو نووسراوە، دەبێت هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە کە بە "بەڵگەنامەی ساختە" داخڵ کراون بگەڕێندرێنەوە بۆ دەرەوە، هەروەها کاری کۆمپانیاکان لەناو دەروازەکە بۆ ماوەی شەش مانگ راگیرێن لەگەڵ وەرگرتنی بەڵێنامە و ئەگەر دووبارەیان کردەوە لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە، جگە لەوەش رێکاری یاسایی بەرامبەر بە فەرمانبەران و سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر، بەڵام عەلی کەریم دەڵێت: "نازانین ئێستا چۆن دەڵێن رەزامەندی وەزارەتی داراییان هەیە و دەتوانن داخڵ ببن."
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە داواکاری گشتیی چوارقورنە سکاڵای تۆمارکردووە دەڵێت: " قسەم لەگەڵ کەسێک لەوانەش کردووە کە کاتی خۆی لەو لیژنەیە بووە کە وەزارەتی دارایی پێکیهێناوە و پێیگوتم سکاڵا بکە و بەدواداچوون بۆ کەیسەکە دەکەین."
 
ئێوارەی دووشەممە 28ی 11ی 2022 هێزەکانی کۆماندۆ لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان لەکۆی ئەو 83 ئۆتۆمبێلە دەستیان بەسەر 20 ئۆتۆمبێلدا گرت.
 
عەباس ئیسماعیل، بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان لەوبارەوە بە رووداوی گوت، "ئەو ئۆتۆمبێلانە کە 38 ئۆتۆمبێلن و مۆدێل 2019ن، لە 1و 2ی تشرینی دووەمی ساڵی پار لە دەروازەکە داخڵکران، بەڵام چونکە بە بڕیاری حکومەت لە رێکەوتی 1ی 11ی هەموو ساڵێک رێگە بە هاتنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل نزمی ساڵانی پێشتر نادرێت، بۆیە ئەو ئۆتۆمبێلانە لای خۆمان گلدرانەوە."
 
عەباس ئیسماعیل گوتیشی: "دوای ئەوەی هەندێک زانیاریی هەڵە گەیێندرابوونە هێزەکانی کۆماندۆ، دەستیان بەسەر 20  ئۆتۆمبێلدا گرت، بەڵام ئەوە هەڵەتێگەیشتن بووە و خاوەنەکانیان بەردراون و دوای تەواوبوونی رێکارەکان ئۆتۆمبێلەکانیش رادەست دەکرێنەوە."
 
بەگوتەی عەباس ئیسماعیل، کێشەی ئەو ئۆتۆمبێلانە درایە بەشی گومرگ و "بڕیاردرا هەموو ئۆتۆمبێلەکان غەرامە بکرێن، بۆیە سەرووی 700 ملیۆن دینار غەرامە و گومرگکراون، تەنیا ئەو 20 ئۆتۆمبێلەی دەستی بەسەردا گیراوە 153 ملیۆن دینار گومرگ و غەرامە کراون، ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلانە فەرمانی وەزارەتی دارایی، ناوخۆ و گومرگیان هەیە، چونکە سەردانی وەزارەتی داراییان کرد و ئاگاداریان کردنەوە کە ناتوانن ئۆتۆمبێلەکان بگەڕێننەوە، چونکە بە ترانزێت هاتووە و ئێران ناهێڵێت داخڵ بکرێنەوە، ئەو کات وەزیری دارایی رەزامەندی لەسەر داخڵکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەربڕی و هاوکات وەزیری ناوخۆش رەزامەندی دا کە ژمارەیان پێبدرێت."