ڤیان سەبری: داوا کراوە بودجەیەک بۆ کاراکردنەوەی مادەی 140 دیاریبکرێت

01-12-2022
نازەنین گۆران
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیان بۆ بەغدا چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگیان کردووە و دەرکەوتووە بەغدا نیەتێکی باشی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1-12-2022، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق میوانی بووڵتەنی کاژێر 12 بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و لەبارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا گوتی: "ئەو شاندە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت پێکهات و سەردانی بەغدایان کرد، چوار-پێنج کۆبوونەوەی سەرەکی و گرنگیان کردووە لەگەڵ وەزیری پلاندانان، دارایی، نەوت، کارەبا، بانکی ناوەندی و دیوانی چاودێری، لە ئەنجامی کۆبوونەوەکان دەرکەوت بەغداش دەیەوێ کێشەکان چارەسەربکرێن و نیازێک بۆ چارەسەرکردنیشی هەیە."
 
بە گوتەی ڤیان سەبری: "بۆ هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک دۆسیە هەن گرنگن؛ وەک دۆسیەی بودجە، نەوت و چاودێریی دارایی و دەروازە سنورییەکان، ئەوانە کۆمەڵێک بابەتی گرنگن بۆ ئەو چوار دۆسیەش چوار لیژنە پێکهێندراوە."
 
لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق لەسەر یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "رێککەوتن لەسەر ئەوەش کراوە، بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەبارەی یاسای نەوت و گاز لە چوارچێوەی رێککەوتنەکان بێت و رابگیرێت، ئێمەش دەڵێین بەگوێرەی دەستوور چارەسەر بکرێت و دەستووریش روونە، بەتایبەتی هەر بڕیارێک لەبارەی نەوت لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەردەکرێت، دەبێت بە رێککەوتنی هاوبەش بێت."
 
ڤیان سەبری گوتیشی: "لەنێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، باسی مادەی 140یش کراوە کە بودجەیەکی دارایی دیاریبکرێت بۆ کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140، چونکە تەنیا بە قسە نابێت و دەبێت بودجەیەک بۆ قەرەبووکردنەوە دیاریبکرێت."
 
لەبارەی پشکی کورد لە بودجەی 2023، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "داوامان کردووە 17٪ بێت، هاوکات گفتوگۆ لەسەر ئەوە کراوە ئەو بڕەی کە دیاری دەکرێت دەبێت وەک خۆی بنێدرێت بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە لە رابردوو هەندێک کات ئەو بڕەی کە دیاری دەکرا نەدەگەیشتە هەرێمی کوردستان."
 
ڤیان سەبری گوتیشی: "ئەوەی دەیبینین نیەتێکی باش هەیە لە بەغدا بۆ چارسەرکردنی کێشەکان کە بەشێکیان دەگەڕێتەوە بۆ 2005، رەنگە بەشێک لە کێشەکانی عێراق چارەسەرنەکردنی ئەم دۆسیەیانە بێت ئەگینا بە جێبەجیکردنیان رەنگە سەقامگیرییەک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش بێتەدی کەواتە دەبیت چارەسەر ببێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە