سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد دەستگیرکرایەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سیاوەش حەیاتی، سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد و سێ چالاکڤانی دیکەی یارسان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نزیک شاری کرماشان دەستبەسەر کران.
 
کۆڕی راوێژکاری چالاکڤانانی مەدەنی یارسان رایگەیاند، شەوی رابردوو حەوت کەس لە ئەندامانی ئەم ناوەندە لە شاری سەحنەوە دەگەڕانەوە کرماشان، بەڵام لە خاڵی پشکنینی بێستووندا دەستبەسەرکراون.
 
بەپێی ئەو هەواڵە، ژمارەیەک پێڕەوی ئایینیی یارسان، کە بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە دەستگیرکرابوون، لە زیندان ئازادکرابوون و ئەو چالاکڤانانە چووبوون بۆ سەردانی ئەوان.
 
دوای نزیکەی دوو کاژێر، 3 کەس لەو گیراوانە ئازاد کراون، بەڵام چوار کەسیان، کە یەک لەوان سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کوردە، هێشتا دەستبەسەرن.
 
سیاوەش حەیاتی رۆژی 22.09.2022 جارێکی دیکەش بەهۆی پێشکەشکردنی گوتارێک لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی مینوو مەجیدی، کە لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکان بە تەقەی هێزە ئەمنیەکانی شائاباد لە پارێزگای کرماشان گیانی لەدەستدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
 
سیاوەش حەیاتی رۆژی 22-11-2022 لە دادگای شائاباد سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێنرا.
 
جگە لە سیاوەش حەیاتی، سەیدئەمین عەباسی، کاکی فەرزاد ئەڵماسی و سەید سرووش عەباسیش دەستگیرکراون.