دوو گەڕەکی گەورەی خورماڵ کێشەی خزمەتگوزارییان هەیە


رووداو دیجیتاڵ

دوو گەڕەکی گەورەی خورماڵ کێشەی خزمەتگوزارییان هەیە و قوڕ و لیتە دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکەی بێزار کردووە. مام کەریمی 55 ساڵ دەڵێت، خۆڵ و وردە بەردی بەردەم ماڵەکەی کۆدەکاتەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو چاڵانەی لە گەڕەکەکەی دروستبووە.
 
کەریم عەزیز، دانیشتووی خورماڵ بە رووداوی گوت: "کەس نییە لێمان بپرسێتەوە و بڵێت چی دەکەن و چی ناکەن، حکومەتێک نییە بڵێت چی دەکەن، ئیتر ئێمەش گیرمان خواردووە بەدەست خۆمانەوە و دۆخمان زۆر خراپە".
 
گەڕەکی داڵانی دوو لە خورماڵ ئەگەرچی لە ساڵی 2014ـەوە پڕۆژەی قیرتاوکردنی سەرجەم کۆڵانەکانی بۆ دەرچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کۆڵانێکی گەڕەکەکە قیرتاونەکراوە.
 
مامۆستا مەلیک سەعید، مامۆستای ئایینیی دانیشتووی گەڕەکی داڵانی خورماڵ گوتی: "ئەم گەڕەکەی ئێمە رێگەی سێ قوتابخانەی لەسەرە، دەوامێکی کچان و بنەڕەتی، ئەگەر تۆزێک باران ببارێت رێگەکە سەخت دەبێت، هەروەها جگە لە رێگەکەی، ئاوەڕۆی گەڕەکەکەی خراپکراوە، چەندین جار گوتوومانە پێشتر کە دەستکاریی رێگەی گەڕەکەکە نەکرابوو، ئاوەڕۆکە لە ئێستا خراپترە".
 
بێساران مەهدی، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی داڵانییە و دەڵێت، "کۆڵانەکانمان هەمووی تێکدراوە، نە خەڵک و نە ئۆتۆمبێلیش ناتوانێت پێیدا بڕوات بەتەواوەتی، منداڵەکانیشمان زۆر بە ناڕەحەتی دەچن بۆ قوتابخانە، کابرا نازانێت لەکوێوە بڕوات، لە هەر شوێنێکەوە بڕوات هەر ناڕەحەتە".
 
بودجەی پێویستی پڕۆژەی قیرکردن و خزمەتگوزارییەکانی گەڕەکی داڵانی، یەک ملیار و 630 ملیۆن دینارە و کۆمپانیای جێبەجێکار بە بەهای 400 ملیۆن دینار لەسەر ئەرکی خۆی کاری کردووە، بەڵام تائێستا تەنیا 25 ملیۆن دیناریان وەرگرتووەتەوە و لە بانک پێیان گوتوون کە پارە نییە.
 
کاوە شێخ عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە ئەگەر پارەی بۆ خەرج بکرایە ئامادەبوو کارەکانی رێگەکە بکات پێش بارانبارین و تاوەکو مانگی 2 بۆ 3ـش هەموو کارەکانی تەواو دەکرد".
 
کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە داوای کردووە هەفتەی 10 ملیۆن دیناریان بۆ خەرج بکرێت تاوەکو دەستبکەنەوە بە کارکردن، بەڵام بۆ ئەوەش حکومەت بە پاساوی نەبوونی پارە، وەڵامەکەی تائێستا نەرینی بووە.