چەند گەنجێکی ئاکرێ رێگەی گوندەکانیان نۆژەندەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ


چەند هاونیشتمانییەک لە ناحیەی گردەسێنی سەر بە قەزای ئاکرێ، بە یارمەتیی خێرخوازانی ناوچەکە رێگەی هاتووچۆی 10 گوند نۆژەندەکەنەوە.

وەلید پیرۆ خەواجە، خەڵکی گوندی پیرخۆلینی سەر بە ناحیەی گردەسێنە کە سەرپەرشتیی نۆژەنکردنەوەی رێگەکە دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "رێگەی گوندەکان چاڵی زۆریان تێدایە، چەندین جار داوامان لە بەرپرسانی ناوچەکە کرد رێگەکەمان بۆ نۆژەنبکەنەوە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کردەییان نەگرتەبەر، بۆیە ئێمە بێهیوا بووین، دواجار بڕیارماندا خۆمان دەست بە کارەکە بکەین".

 

 
ئەو گەنجانە سەرەتا لەڕێگەی سۆشیاڵمیدیاوە ئاگادارییەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا داوایان لە هاونیشتمانیانی گوندەکان کرد یارمەتییان بدەن، بۆئەوەی بتوانن خۆیان رێگەکە چاکبکەن. دوای ئەو ئاگادارییەش 13 خێرخوازی ناوچەکە نزیکەی هەزار و 500 دۆلاریان کۆکردەوە.

دوای کۆکردنەوەی بڕی پێویستی پارە بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگەکە، رۆژی یەکشەممە 29-11-2020 دەستیان بە چاککردنی رێگەکە کرد. بە گوتەی وەلید پیرۆ خەواجە، سێ رۆژی دیکە نۆژەنکردنەوەی رێگەکە تەواو دەکەن.

 
وەکو لە وێنەکاندا دەردەکەوێت، گەنجەکان بە بەکارهێنانی چیمەنتۆ و بەشێوەیەکی هەرەوەزی چاڵ و چۆڵییەکانی رێگەکە پڕدەکەنەوە.

ئەو رێگەیە نزیکی حەوت کیلۆمەترە و 10 گوندی لەسەرە؛ گوندەکانیش بریتین لە: خەرابەی سەروو، خەرابەی خواروو، پیرخولین، تلبۆک، بەدریک، نیاوۆک، مام داویدا، ساڵەیی، کوشک، کێلێ و شێخانووک دەگرنەوە.