رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی جوگرافیای جیۆلۆجی دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا 25 بۆ 35 میلـلیمەتر باران لە بەشی زۆری هەرێمی کوردستان ببارێت و هەفتەی داهاتووش باران دەبارێت.
ئەمڕۆ هەینی 1ی تشرینی دووەمی 2024 رێبەر تەحسین، پسپۆڕی جوگرافیای جیۆلۆجی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "سبەینێ هەورە چڕەکان دەگەنە ئاسمانی کوردستان. چەقی بارانبارینەکە رۆژی دووشەممە دەبێت و رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بەردەوام دەبێت. پێشبینی دەکرێت 25 بۆ 35 میلیمەتر لە سەرجەم هەرێمی کوردستان ببارێت. هەفتەی داهاتووش شەپۆلێکی دیکە دەبێت."
رێبەر تەحسین ئاماژەی بەوەش کرد، "گۆڕانکاریی کەشوهەوا بە جۆرێکە کە ئەگەر پێشتر بە 2 بۆ 3 رۆژ 50 بۆ 60 میلیمەتر باران باریبێت، ئێستا لە رۆژێکدا نزیکەی 100 میلیمەتر دەبارێت، ئەوەش ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوایە و لافاوی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە."
لەبارەی ئەگەری پەڵەدان، ئەو پسپۆڕە دەڵێت، "ئەو بارانەی کە بەڕێوەیە، ئەگەر بە نەرمی ببارێت بە ئەگەرێکی زۆر پەڵە دەدات، بەڵام ئەگەر بەخوڕ بێت ئەوە لافاو دروست دەکات و سوودێکی ئەوتۆی بۆ ئاوی ژێرزەوی نابێت."
هەر ئەمڕۆ دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و چەقەکەی شەوی دووشەممە دەبێت.
عەلی جابر زەیادی، کەشناسێکی عێراقییە و ئەمشەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 48 کاژێری داهاتوودا نزمەپاڵەپەستۆیەک چەند ناوچەیەک لە باکوور و نێوەڕاستی عێراق دەگرێتەوە کە بە هۆیەوە بارانێکی بەخوڕ لە سنووری موسڵ، هەولێر، سلێمانی و کەرکووک دەبارێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ