گەمارۆسازی نەگەیشتووەتە کەمپی خانکێ لە دهۆک و بۆ ئەو مەبەستە سەردانیان نەکراوە
رووداو - دهۆک
زۆربەی ئاوارەکانی شنگال نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، پرۆسەی گەمارۆسازی نەگەیشتووەتە کەمپی خانکێ لە سنووری دهۆک و بۆ گەمارۆسازی سەردانیان نەکراوە.
مام خەلەف لەگەڵ خێزانەکەی زیاتر لە 10 ساڵە لە شنگالەوە ئاوارە بووە و لە کەمپی خانکێ نیشتەجێ بوون، بۆ گەمارۆسازی کەس سەردانی نەکردوون و بۆ رۆژی سەرژمێرییش زانیارییان نییە کە چۆن ئەوانیش سەرژمێری دەکرێن.
خەلەف سەیدۆ، ئاوارەی شنگال دەڵێت، "ئێستا من لێرەم لە کەمپی خانکێ، ئەمە نابێتە ماڵی من و رۆژێک دێت هەر دەگەڕێمەوە زێدی خۆم، من دەمەوێت خۆم لەسەر شنگال تۆمار بکەن [لە پرۆسەی سەرژمێریدا]، بەڵام ئێستا هەرچی بێت، ئەمە شوێنی منە."
لە ساڵی 2014 داعش هێرشی کردە سەر شنگال، زیاتر لە 360 هەزار کەس بەو هۆیەوە ئاوارە بوون، بەشێک لەوان چوونە دەرەوەی وڵات و بەشێکی دیکەشیان گەڕانەوە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، هێشتا 200 هەزار کەس ئاوارەن.
د. فارس کوتی مامۆستای زانکۆیە و خەڵکی شنگالە، ئێستا سەرژمێری بە گونجاو نابینێت بەهۆی ئەوەی پێیوایە زەمینەی گونجاو نییە، ئەو دەڵێت، شنگال یەکێکە لە ناوچەکانی سنووری مادەی 140 و ئەگەر سەرژمێری بکرێت کێشە دروست دەبێت و شنگال بە شێوەیەک دەردەکەوێت کە شێوەی رەسەنی خۆی نییە.
ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک لە 14 کەمپ و شوێن نیشتەجێ کراون و بەشێکیشیان لە دەرەوەی کەمپەکان لە سنووری پارێزگاکە دەژین.