رووداو دیجیتاڵ
20 رۆژى دیکە سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان لە عێراق دەستپێدەکات، هێشتا زۆرینەى ئاوارەکانى شنگال نەگەڕاونەتەوە زێدى خۆیان.
هەنگاوەکانى گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى بینا و باڵەخانەکان و ناوتۆمارکردنى سەرۆکى خێزانەکانیش کراوە و زۆرینەى کوردانى ئێزدى لە وێ نەبوون.
فارس شنگالى، راوێژکاری میری کوردانی ئێزدی دەڵێت: "ئەگەر ئێستا سەرژمێری بکرێت، خەڵکێکی زۆر لە کەمپ و دەرەوەی وڵات و ئەو شوێنانەن کە ناسەقامگیرن. تائێستا نزیکەی سێ هەزار کچ، ژن، منداڵ و پیاوی ئێزدی لە دەستی داعش دان. ئەمانە هەمووی کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر ئەوەی کە سەرژمێرییەکی دروست ببێت لەنێو پێکهاتەیەکی سەرەکی لە عێراق کە ئەوانیش ئێزدییەکانن."
لە ساڵى 2014ـەوە بە هۆى هێرشی داعش زۆرینەى کوردانى ئێزدى ئاوارە بوون، بەشێکیان لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستانن.
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى کە رووداو لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراقەوە دەستى کەوتووە، تاوەکو ئێستا 24 هەزار خێزانى ئاوارەى شنگال گەڕاونەتەوە.
زیاتر لە 40 هەزار خێزان ماون، 20 هەزاریان لەنێو کەمپەکان و ئەوانى دیکە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانن.
بەرپرسانى پەیوەندار بە سەرژمێرى گشتى دانیشتووان لە نەینەوا دڵنیایی دەدەن لەوەى کە نەگەڕانەوەى شنگالییەکان بێبەشیان ناکات لە تۆمارکردنیان.
نەوفەل سلێمان، بەرێوەبەرى ئامارى نەینەوا دەڵێت: "ئەوەى پەیوەندارە بە برا ئاوارەمانمان لە هەموو ناوچەکان، لە کاتى سەردانى تیمى سەرژمێرکارەکان لە هەرشوێنێک بن لەوێ تۆمار دەکرێن، لە کەمپى ئاوارەکان بن یان هەر قەزا و ناحیەیەک، شوێنى نیشتەجێبوونى ئێستا و پێشوویان لێوە دەزاندرێت."
لە کاتى گەڕانەوەى هەر خێزانێکى ئاوارە بۆ زێدى خۆى، وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران چوار ملیۆن دینار، چەند پێویستییەکى دیکەیان پێدەدات.
ئەوە هاندەر نەبووە بۆ ئەوەى سەرجەم ئاوارەکانى شنگال بگەڕێنەوە، بە هۆى ناجێگرى دۆخى ئەمنى و خراپى خزمەتگوزارییەکان لەو ناوچە کوردستانییەى سنوورى پارێزگاى نەینەوا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ