رووداو دیجیتاڵ
لە گۆڕستانی گوندی مەلەکشای سنە، رێوڕەسمێک بە بۆنەی تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شاعیر و نووسەری نێوداری کورد، جەلال مەلەکشا بەڕێوەچوو.
فەرید راژی، شاعیر و نووسەر دەڵێت: "کاک جەلال لە سەرەتاوە شیعری بە فارسی دەنووسی، بەڵام دوای شۆڕشی 57 رووی کرد لە شیعری کوردی و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شیعری کوردی دروستکرد، بەهۆی شیعر و چیرۆکەکانییەوە لاوەکان تامەزرۆی چیرۆک و شیعری کوردی کرد."
جەلال مەلەکشا لە 10ی خەزەڵوەری 2020 لە تەمەنی 69 ساڵی بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد. ئەو سەرەتا بە فارسی دەستی بە نووسینی شیعر و پەخشان و چیرۆک کرد، بەڵام دواتر بووە کۆڵەکەیەکی ئەدەبی کوردی و دەیان بەرهەمی ناوازەی لە دوای خۆی بەجێهێشتوون.
رەحیم لوقمانی، شاعیر و نووسەر لەبارەی کۆچی دوایی مەلەکشا دا گوتی: "کاک جەلالی مەلەکشا شاعیرێکی نەتەوەیی بوو، بە بیر و بۆچوون و بە زمانی کوردانەی، باشترین کاریگەری کوردانەی لەسەر رەوتی شیعر و نووسینی گەنجان هەبووە."
لە رێوڕەسمی ساڵیادی کۆچیدوایی مەلەکشادا شیعر خوێندرایەوە، گوتار پێشکێش کرا و گۆرانی گوترا. هەموویان یەک پەیامیان هەبوو، "ئەو کەسەی بۆ گەل دەژی، لەبیر ناکرێت."
کەمال شنگالی، شاعیر و نووسەرێکی کوردە لەوبارەیەوە باس لەوە دەکات کە هیوادارە ئەمە "ببێتە نەریتێک بۆ هونەر و ئەدەبیاتی کوردی کە رێز بگرین لە گەورەکانمان، لەوکەسانەی کە خزمەتی زمان و ئەدەبی کوردییان کردووە، ئێستا کە کتێبخانەی کوردی خەریکە دەوڵەمەند دەبێت، ئێمە قەرزاری قەرزاری نووسەر، شاعیر و ئەو کەسانەین کە شەو نخوونیان کردووە بۆ دەوڵەمەند کردنی زمانی کوردی."
جەلال مەلەکشا کۆمەڵێک بەرهەمی چاپکراوی لەدوا بەجێماون، وەکو (زڕەی زنجیری وشە دیلەکان و کارەسات). شیعرەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، فەرەنسی و رووسی، بەڵام هێشتا هەموو بەرهەمەکانی چاپ و بڵاو نەکراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ