ناکۆکیی سەرەکیی هەولێر و بەغدا لەبارەی سەرژمێری لەسەر چوار پرسە


رووداو دیجیتاڵ 

پرۆسەکە بۆ چارەسەرکردنی گرفتى ناڕوونیی زانیارییەکانە، بەڵام کێشەى دروست کردووە. سەرژمێریی گشتى دانیشتووان لە قۆناخى گەمارۆسازی و ژمارەلێدان ناکۆکى خستە نێوان هەولێر و بەغداوە.
 
کێشەکان لە قۆناخى گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى بیناو باڵەخانە و ناونووسکردنى سەرۆکى خێزانەکان دەرکەوتن، کە هەنگاوى یەکەمى سەرژمێریی گشتیى دانیشتووانە و بڕیارە دواى 37 ساڵ لە 20ى ئەم مانگەدا بکرێت.
 
سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڵێت، "عێراق نایەوێت سەرژمێرییەک بکات کە دواتر تانەی لەسەر بێت و کاری پێنەکرێت. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەو گومانانەی هەمانن، بەپێی ئەو هەنگاوانەی داوامان کردوون، بڕەوێنرێنەوە."
 
شاندێکى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرى ئەو پرسە سەردانى بەغداى کرد. 
 
چوار پرس ناکۆکیی سەرەکیی نێوان هەولێر و بەغدان لەبارەى سەرژمێرى کە بریتین ئەو ئاوارە عەرەبانەى لە دواى 2014 چوونەتە ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ چارەنووسی تۆمارکردنى کوردی ئەو ناوچانە کە ئێستا لە هەرێمى کوردستانن.
 
نەبوونى کاتى پێویست لە بەردەم ئامادەکاریی سەرژمێرى. 
 
هەروەها تەرخانکردنى 12 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان لە کۆى 470 ملیار دینار کە بۆ سەرژمێرى تەرخان کراوە.
 
خاڵێکی دیکەش دروستنەکردنى ناوەندى زانیاریی تایبەت بە کۆکردنەوەى زانیارییەکان لە هەرێمى کوردستان کە حکومەتى فیدراڵى مانگى ئابى رابردوو بڕیارى دروستکردنی داوە و تاوەکو ئێستا نەکراوە.
 
پرۆسەى گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە هەرێمی کوردستان، لە 1ـی تشرینى یەکەم دەستیپێکردووە لە کاتێکدا لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى مانگێک بەر لەوە دەستى پێکرد.
 
عەلى عەریان، بەڕێوەبەرى گشتیى جێبەجێکاری سەرژمێرى لە عێراق دەڵێت: "چەند کێشەیەکمان لە هەندێک ناوچە هەیە کە بە ناوچە کێشەلەسەرەکان ناودەبرێن، لیژنەیەکمان بۆ ئەو ناوچانە پێکهێناوە، کە هاوبەشە لەنێوان وەزارەتى پلاندانانى عێراق و هەرێمى کوردستان، رێککەوتن لەبارەى شێوازى کارکردنەوە کراوە بۆ سەرژمێرى."
 
زانیارییەکانى سەرژمێرى ساڵى 1957 لە عێراق لەلاى کورد متمانە پێکراوترینن، بە تایبەت ئەوەى لەبارەى ژمارەى دانیشتووان و دابەشبوونى نەتەوەکانەوەیە لە ناوچە کوردستانییەکان.
 
عەبدولزەهرە هنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق دەڵێت: "جیاوازیی سەرژمێرى  2024 لەگەڵ ئەوەى لە ساڵى 1957 کراوە ئەوەیە کە سەرژمێرى 1957 سەرژمێرییەک نەبووە بۆ گەشەپێدان، بەڵکو بۆ تۆمارکردنى زانیاریى کەسەکان بووە بۆ دەرکردنى رەگەزنامە، بەڵام سەرژمێریی ئەم ساڵ ئامانجى زانینى وردەکاریی دۆخى ژیانى هاووڵاتییان و دانانى پلانە بۆ باشکردنى دۆخیان بۆ باشتر."
  
زیاتر لە 90%ـی کارەکانى قۆناخى پرۆسەى گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە هەرێمى کوردستان کراون، هەمان هەنگاو لە پارێزگاکانى عێراق 98%ى تەواو کراوە.