کورد لە کەرکووک بە 5 لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا کورد لە کەرکووک پێنج لیست و هاوپەیمانی هەیە؛ لە سەلاحەدین لیستی نییە، بەڵام بەربژێری هەیە، لە نەینەواش سێ لیست و هاوپەیمانی هەیە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-11-2023، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت. لیست و هاوپەیمانییە کوردستانییەکان لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین بەم شێوەیەیە:
 
کورد پێنج لیست و هاوپەیمانی لە کەرکووک هەیە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد تێیدا بە پێنج لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات؛ یەکێتی و حیزبی شیوعی کوردستان بە هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بە ژمارە 142؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197؛ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی بە هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک بە لیستی ژمارە 163؛ پارتی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202 و جووڵانەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167 بەشدارن. 
 
لە هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا کە ژمارەی کورسییەکانی 41 کورسی بوو، (لیستی برایەتی کەرکووک) کە لیستێکی کوردستانی بوو 26 کورسی بەدەستهێنا و بەو جۆرەش پارێزگاری پارێزگاکە لە کورد بوو.
 
عەلی قەڵایی، لێپرسراوی سەنتەری هەڵبژاردنی کەرکووک- حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی چوارشەممە، 01-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێتی لە کەرکووک لەگەڵ حیزبی شیوعی کوردستان بەناوی هاوپەیمانیی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە بەشدارە کە 30 بەربژێریان هەیە؛ لەو ژمارەیە 29 بەربژێریان یەکێتی و ئەوی دیکەیان حیزبی شیوعییە.
 
کورد لە نەینەوا سێ لیست و هاوپەیمانی هەیە.
 
کورد لە پارێزگای نەینەوا نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی پارێزگاکە پێکدەهێنێت؛ دیارترین شوێنەکانی نیشتەجێبوونی کورد بریتین لە قەزاکانی مەخموور، شنگال و هەندێک شار و شارۆچکەی دیکەی نەینەوا. 
 
لەم هەڵبژاردنەدا کورد لە پارێزگای نەینەوا بەم شێوەیە بەشداری کردووە:
 
پارتی دیموکراتی کوردستان بە 52 بەربژێر بە لیستی ژمارە 197؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 25 بەربژێر بەناوی هاوپەیمانیی یەکێتیی خەڵکی نەینەوا بە ژمارە 134؛ پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202. 
کۆی گشتی کوردسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 29 کورسییە؛ 26 ئاسایی و 3 کۆتا. 
 
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا لە کۆی 34 کورسی کە 3ـیان کۆتا بوون، پارتی نۆ کورسی و یەکێتی دوو کورسیان بەدەستهێنا. 
 
رەشاد گەڵاڵی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی قەرەچووخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی چوارشەممە، 01-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێتی لە پارێزگای نەینەوا هاوپەیمانی لەگەڵ ژمارەیەک هۆز و کەسایەتی و پارت کردووە؛ پێشبینی دەکەم 3 بۆ 5 کورسی بەدەستبهێنێت."  
 
کورد لە دیالە بە سێ لیست بەشداریکردووە. 
 
لە پارێزگای دیالە کە بەشێکی کوردستانییە لەوانە قەزای خانەقین، کورد بە سێ لیست بەشدارە؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیستی ژمارە 120؛ پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی ژمارە 197؛ پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە ژمارە 202. 
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە 15 کورسییە. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 14 کورسی پەرلەمان، یەک بەربژێری کورد لە دیالە و بە دیاریکراوی لە بازنەی خانەقین دەرچوو کە ئەویش سۆزان مەنسوور لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو.
 
لە سەلاحەددین کورد لیستی نییە، بەڵام بەربژێری هەیە.
 
پارێزگای سەلاحەدین 15 کورسی هەیە؛ لە ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگاکەدا کورد یەک ئەندامی هەبوو کە ئەویش مەلا حەسەن گەرمیانی بوو لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە 12 کورسی بوو، کورد بەربژێرێکی بۆ پەرلەمان سەرکەوت کە ئەویش مەلا کەریم شوکر لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. 
 
لەم هەڵبژاردنەدا کورد لیستی سەربەخۆی نییە، چونکە بەهۆی بەرکەوتەی هەڵبژاردنەوە ئەستەمە کورسی بەدەستبهێنێت، بۆیە بەربژێری لە نێو لیستە عەرەبییەکان هەیە کە سێ بەربژێرن، لەوانە یاسین محەممەد عەلی سەعدوون داودی بە ژمارە 25 کە سەر بە یەکێتییە؛ تارا جەلال حەمید کە سەر بە پارتی دیموکراتی دیموکراتی کوردستانە بە ژمارە 12 لەنێو هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی بە ژمارە 219 بەربژێرە؛ هێمن بەرزان خورشید، بەربژێری حیزبی شیوعی کوردستان بە ژمارە 21 لە لیستی ریئاسە کە ژمارەی لیستە 184ـە، بەشدارە. 
 
مەلا حەسەن گەرمیانی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین، رۆژی چوارشەممە، 01-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنیان بکردایە، بەدەستهێنانی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، کارێکی سەخت دەبوو، بۆیە وەک کورد لەنێو لیستە عەرەبییەکان بەشداریان کردووە تاوەکو لەو رێگەیەوە کورسی بەدەستبهێنن.