باڵیۆزی ئەمریکا بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان: ئەمریکا پابەندە بەرامبەر ناوچەکە
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان باسی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوئاهەنگیی ئەمنی و رێگەگرتن لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان کردووە.
شەوی چوارشەممە، 1-11-2023، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، باسی سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ هەرێمی کوردستان کرد.
لە پۆستەکەیدا باڵیۆزە ئەمریکییەکە دەڵێت "ئەمڕۆ (یەکی تشرینی دووەم)، سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراقم کرد بۆ جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر ناوچەکە و گەرەنتیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی ئەمنی و پێکەوەکارکردن بۆ رێگەگرتن لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا."
رۆمانۆوسکی کە لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە، لە پۆستەکەیدا هەروەها نووسیویەتی "رێزمان بۆ ئەو گفتوگۆ بە بەرهەمانە هەیە کە لەگەڵ هەریەک لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کردمان."
لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند "له كۆبوونهوهيهكدا برهودانى زياتر به پهيوهندييهكانى عێراق و ههرێمى كوردستان لهگهڵ ئهمريكا له چوارچێوهى رێككهوتنى ستراتيژیی ئهمريكى- عێراقيدا تاوتوێ كرا، ههردوولا جهختيان له بهردهوامیی هاريكاريى هاوبهش و گرنگيى پاراستنى ئاسايش و سهلامهتيى هێزهكانى هاوپهيمانان و نێرده ديپلۆماسييهكان له تهواوى عيراق كردهووه."
هەروەها هاتووە: "له تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكهدا كه بهڕێز كۆنسوڵى گشتيى ئهمريكا له ههرێمى كوردستان ئامادهى بوو، دۆخى ناوخۆى ههرێمى كوردستان و دوايين پێشهاتهكانى ناوچهكه بهگشتى خرايه بهر باس."
سەردانەکەی باڵیۆزی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، داواکارییەکان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق زیاتر دەبن. لەدوای شەڕی گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیلیش لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە، زیاتر لە 25 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا، گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش بەرپرسیاریێتیان گرتووەتە ئەستۆ.
لەبارەی کۆبوونەوەی باڵیۆزی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەی دوایی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە، بەتایبەتی کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم داتا و زانیاری ورد و پشبەست بە بەڵگە یاسایی و دەستوورییەکانیان پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە و هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نییە."
هەرچی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە روونیکردووەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی ژمارەیەک پرس کراوە، لەنێویاندا "لە ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، پێویستە حکومەتی فیدراڵ و لایەنە عێراقییەکان بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا بکەن و، رێگە نەدەن ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بکەوێتە مەترسییەوە."
هەروەها بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی لە عێراق لە شاری هەولێر رایگەیاندووە باسی هەڵبژاردن و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و هێزی پێشمەرگە و چەند پرسێکی دیکە کراوە.