بازرگانان چاوەڕوانن لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل مامەڵەکردن ببێتە دینار؛ 'بەهای کاڵا و دۆلار دادەبەزێنێت'

01-11-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
هێشتا لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل مامەڵە نەبووەتە دینار
هێشتا لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل مامەڵە نەبووەتە دینار
نیشانەکردن دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مامەڵەکردن لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل هێشتا بە دۆلارە، لەکاتێکدا بەپێی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاربوو لە یەکی مانگی 11ـەوە لە هەموو دەروازەکان مامەڵەکردن بە دۆلار ببێتە دینار. لەگەڵ ئەوەشدا بازرگانان گەشبینن.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هەندێک کێشەی تەکنیکی رێگربوون لەوەی بڕیارەکە لە وادەی خۆیدا جێبەجێ بکرێت.
 
بازرگانان چاوەڕێن بڕیارەکە زوو جێبەجێ بکرێت. لەتیف عوسمان، یەکێکە لە بازرگانە دیارەکانی زاخۆ و رۆژانە بە دۆلار مامەڵە لەگەڵ دەروازەی ئیبراهیم خەلیلدا دەکات، ئەو دڵخۆشە بە بڕیارەکە، لەبەرئەوەی 100 دۆلار بە 160 هەزار دینار زیاتر لەسەر ئەو دەکەوێت، بەڵام بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە، 1320 دینار بەرامبەر یەک دۆلار هەژمار دەکرێت.
 
لەتیف عوسمان دەڵێ ئەو بڕیارە کاریگەریی لەسەر مەواد دەبێت و هەرزانتر دەبێت، "سوودی بۆ هاووڵاتییان و بازرگانانیش هەیە. ئەوەی خۆشە ئەوەیە؛ ئێمە، ئیدی بەدوای دۆلاردا ناگەڕێین، کە کەمە و دەستناکەوێت، بۆیە هیواخوازین بەزوویی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت."
 
ئامانج لەو بڕیارە جێگیرکردنی بەهای دۆلارە لە بازاڕدا، کە ئێستا هەر 100 دۆلارێک بە زیاتر لە 160 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت و خواست لەسەری زۆرە، بەڵام ئەگەر مامەڵەکردن لە هەموو دەروازە سنوورییەکاندا ببێتە دینار، بەهاکەی کەمتر دەبێتەوە.
 
هەوار قادر، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراوە لە زاخۆ، سەبارەت بەو بڕیارە دەڵێ "ئەگەر جێبەجێبکرێت، رەنگە (بەهای 100 دۆلار) لەو بازاڕەدا چەند هەزار دینارێک بگۆڕێت و بێتە خوارەوە."
 
رۆژانە نزیکەی 1500 بارهەڵگر بە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلەوە لە تورکیاوە دێنە باشووری کوردستان و قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوولا نزیکەی 15 ملیار دۆلارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە