سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی کەنەدا دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی نوێی کەنەدا لە عێراق کۆبووەوە و باسیان لە گرنگیی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵیی عێراق کرد. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2023) رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کاتی بونکا، باڵیۆزی نوێی کەنەدا لە عێراق کرد و گفتوگۆیان لەبارەی چەند بابەتێکەوە کرد. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی هەموو پشتیوانییەکی بۆ باڵیۆزی کەنەدا دەربڕیوە لەپێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی کەنەدا و هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی گرنگی دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی سیستەمی فیدراڵیی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی کەنەدا لەم بوارەدا، لەگەڵ چەند بابەتێکی دیکە کرا.
 
وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی دەستبەکاربوونی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی کەنەدا لە عێراق خواست، لە بەرامبەردا کاتی بونکا خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کولتووری دەربڕی.