بەرپرسی لقی 15ـی پارتی: لە دیالە 15 بەربژێرمان هەن

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی لقی 15ـی پارتی دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە، دەشڵێ ''ئەگەر ئەمڕۆ لە خانەقین بارەگاکەمان چۆڵ بکرێت، بەڵێن دەدەین لە هەفتەیەکدا بگەڕێینەوە نێوی.''
 
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ئەمڕۆ (چوارشەممە، 1-11-2023) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد، رایگەیاند ''پارتی لە دیالە بە 15 بەربژێرەوە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات و، بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرانیش رەچاوی سنووری جوگرافیی پارێزگاکە کراوە.''
 
ئەکبەر حەیدەر گوتی، پارتی لە سێ پارێزگای نەینەوا، کەرکووک و دیالە بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا دەکات و، هەموو ئامادەکارییەکی کردووە، کە یەکێک لە 15 کورسییەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بۆ بەربژێرانی خۆی بەدەستبهێنێت.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت و ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بە فەرمی دەستیپێکرد. کورد لە دیالە بە سێ لیست بەشدار دەبێت کە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارە 197ـە، بەرپرسی لقی 15ـی ئەو حیزبە دەڵێت، ''ئێمە هیچ گرفتێک لە بەردەم لیستەکەمان بۆ بانگەشەکردن نابینین و ئومێد دەکەین بەوپەڕی دیموکراسییەتەوە بتوانین بچینە نێو پڕۆسەکە و کاربکەین بۆ سەرکەوتنی بەربژێران و لیستەکەمان.''
 
یەکێک لە خاڵەکانى (خاڵی 13) کارنامەى حکومەتى عێراق بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى کە لە 28ـی تشرینى یەکەمى 2022، دەنگى لەسەر درا، تایبەتە بە گەڕاندنەوە و چۆڵکردنی بارەگای پارتە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ ئەنجامدانى چالاکیى سیاسی لە نەینەوا، کەرکووک، دیالە و سەلاحەدین.
 
ئەکبەر حەیدەر گوتی ''ئومێد دەکەین بەپێی رێککەوتنەکە، بارەگاکەمان لە خانەقین بگەڕێندرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین لە نزیکەوە پاڵپشت و پشتیوانی بەربژێرانمان بین.''
 
لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە پارتی لە کەرکووک نەماوە، بەرپرسی لقی 15ـی پارتی جەختی لەوە کردەوە، ''ئەگەر ئەمڕۆ لە خانەقین بارەگاکانمان چۆڵبکرێن، بەڵێندەدەم لە ماوەی هەفتەیەکدا بگەڕێینەوە نێو بارەگا و دەوامی فەرمیی لق لەنێو بارەگاکەی خۆمان دەستپێبکەین.''
 
بەگوتەی ئەکبەر حەیدەر، پارتی لە خانەقین پەیوەندیی باشی لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردستانییەکاندا هەیە، دەشڵێت ''لەگەڵ ئەوە بووین کورد لە پارێزگای دیالە بە یەک لیست بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن بکات، بەڵام ئێستاش وەکو پارتی نابینە کێشە بۆ هیچ لایەنێکی دیکە و بڕوای تەواومان بە پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی هەیە.''
 
یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2013ـەوە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت، کە بەهۆى شەڕى داعش، خۆپێشاندانى تشرینییەکان، سڕکردنى کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، ئەو هەڵبژاردنە نەکراوە.