لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند بایکۆتیان راگەیاند

01-11-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن تەندروستی بایکۆتکردن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە سنووری پارێزگای سلێمانی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند بایکۆتیان راگەیاند و دەڵێن، "‎بۆ زیاتر لە سێ مانگ دەچێت مووچەی فەرمانبەران دابەشنەکراوە و تائێستا روون نییە وادەی دابەشکردنی مووچە کەی دەبێت." بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجەش دەڵێت، "داوای خەرجکردنی مووچەکانیان دەکەین."
 
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند راگەیێندراوێکی هاوبەش ئاراستەی رای گشتی و هەر یەک لە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە و سیروان محەممەد، بەرێوبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان دەکەن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، روونە لای هەمووان، هەرێمی کوردستان ئێستا "بە دۆخێکی سەخت و نا هەمواری ئابووریدا تێپەڕدەبێت و دواکەوتنی مووچە گرفتێکی زۆری بۆ هاووڵاتییان بە گشتی و چینی فەرمانبەران بە تایبەتی درووستکردووە، بۆ زیاتر لە سێ مانگ دەچێت مووچەی فەرمانبەران دابەشنەکراوە و تائێستا روون نییە وادەی دابەشکردنی مووچە کەی دەبێت."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "وەکو پزیشکانی گەنج بەردەوام لە خزمەتی هاووڵاتییان بووین و سەرباری دواکەوتنی شایستە داراییەکانمان و دروستبوونی ئاستەنگ و بارگرانی هەموو کاتێک بێکەموکورتی لە ناو نەخۆشخانەکان لە خزمەتی نەخۆش بووین، بەڵام گرنگە لامان بۆ رای گشتی روون بکەینەوە ئێمەی پزیشکانی گەنج بەدەر لە مووچەکانمان سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتمان نییە و بۆ بەردەوام بوونمان پێویستمان بە پێدانی شایستە داراییەکانمان هەیە و لە ئەگەری زیاتر دواکەوتنی مووچەکانمان ناتوانین چیتر بەردەوامی بدەین بە بوونمان لە ناو نەخۆشخانەکان."
 
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند دەڵێن، لە ئەمڕۆوە، بایکۆتی دەوامیان کردووە، "ئەگەرچی ئەم هەڵوێستە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و نەخۆشەکانمان نییە، بەڵام ئێمە بە ناچاری و بەهۆی ئەو بارگرانییەی هاتۆتە ئەستۆمان چیتر ناتوانین بەردەوام بین لە خزمەتکردن و لە بڕیاری بایکۆتکردنی سەرتاسەریمان داوە و تاوەکو شایستە داراییەکانمان دابەش دەکرێت لەسەر هەڵوێستی خۆمان بەردەوام دەبین."
 
ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەریی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پزیشکانی خولاو  و پلەبەند بایکۆتیان کردووە و لە هیچ سەنتەرێکی تەندروستی دەوام ناکەن و لە بەرامبەر گەڕانەوەیان داوای خەرجکردنی مووچەکانیان دەکەن، ئێستا تەنیا کارمەندان، پزیشکانی پسپۆر و  پزیشکی دێرین دەوام دەکەن."
 
لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ ناوەندە تەندروستییەکان، بەڕێوەبەریی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە رایگەیاند، "نەیانگوتووە کەی دەگەڕێنەوە، تەنیا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە و  چاوەڕوانی خەرجکردنی مووچەکانیانن."
 
رۆژی چوارشەممە 01-11-2023ـەو ئەمڕۆ لە عێراق دەست بە ئامادەکاری بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 11 کرا و  تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەکانی مانگی ئاب، ئەیلوول و تشرینی یەکەم خەرجنەکراوە."
 
ئەمڕۆ 1ـی تشرینی دووەمی 2023، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکیدا بۆ ژمارەیەک مامۆستای ئایینی رایگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی قسەم کرد و پێیگوتم هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەین."
 
رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت پارەکە "بەزووترین کات" بنێردرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 30-10-2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی، دوای تەواوکردنی رێکارەکان "لە نزیکترین کاتدا" 700 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بانکەکانی رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقییەوە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.