رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خانەقین دەڵێت، لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنیان، چەند راوچییەک رووبەڕووی هێزەکانیان بوونەتەوە و دواتر ئۆتۆمبێلەکەیان جێبهێشتووە و هەڵاتوون.
رۆژی سێشەممە 1-11-2022، نەقیب هاوڕێ جەلیل، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 01:30ی بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە لە نزیک گوندی ساڵح ئاغا لە گەرمیان، دوای ئەوەی هێزەکانمان ئۆتۆمبێلێکیان بەدیکرد و داوای وەستانیان لێکرد، هەڵاتن و بە تەقەکردن رووبەڕوویان بوونەوە."
هاوڕێ جەلیل دەڵێت، ئەو کەسانە سەرقاڵی راوکردن بوون و زیاتر لە 30 گولـلەیان بە هێزەکەیانەوە ناوە، بەڵام هیچ گولـلەیەکیان بەرنەکەوتووە. گوتیشی: "دوای نزیکەی کاژێر و نیوێک راوچییەکان ئۆتۆمبێلەکەیان جێهێشتووە و هەڵاتوون."
لە سنووری گەرمیان، ئاژەڵ و پەلەوەری کێوی جۆراوجۆر هەن، دیارترینیان ئاسک و کەوە. هاوڕێ جەلیل گوتی، ئۆتۆمبێلەکە لەکارکەوتووە و خوێنی پێوەبووە، بەڵام ئاژەڵی تێدا نەبووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمڕۆ دوو کەس چوونەتە بنکەکەیان و خۆیان بە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە ناساندووە و گوتوویانە، 'ئۆتۆمبێلەکە هی ئەوانە، بەڵام ئەوانی تێدانەبووە.'
پەڕاوی یاسایی بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و دادوەر تاوەکو 10ی ئەم مانگە ئەو دوو کەسەی وەک تۆمەتبار راگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ