لە هەولێر کێک و دەرمانی پزیشکی ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەردا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەولێر رایدەگەیێنێت، لیژنەکانیان دەستیانگرتووە بەسەر بڕێکی زۆر نەستەلە، قاوە، کێک و دەرمانی پزیشکیدا کە ماوەکانیان بەسەرچووە و ویستراوە لە بازاڕدا ساخبکرێنەوە.
رۆژی سێشەممە 1-11-2022، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سێ کەس لە خاوەنی کۆگایەکیان دەستگیرکردووە کە دوویان خەڵکی باکووری کوردستان و یەکێکیشیان دانیشتووی هەولێرە و ویستوویانە خواردنی ماوەبەسەرچوو بەسەر هاووڵاتییاندا ساخبکەنەوە.
قایمقامی هەولێر دەڵێت: "لە گەڕەکی هەولێری نوێ، دوای چاودێریکردنی کۆگایەک لەلایەن ئاسایشەوە، دەست بەسەر بڕێکی زۆری قاوە، نەستەلە، کێک و دەرمانی پزیشکیدا گیرا کە ماوەیان بەسەرچووبوو."
بە گوتەی قایمقامی هەولێر، لە کۆگاکەدا چەند ئامێرێکی نووسینی رێککەوتی بەسەرچوون و کارتۆن و بارکۆدیان دەستبەسەردا گرتووە، کە بەکاریانهێناوە بۆ نوێکردنەوەی کاتی کەرەستە بەسەرچووەکان.
وەک نەبەز عەبدولحەمید دەڵێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسییەکە کراوەتەوە و تۆمەتبارانی دەستگیرکراو راگیراون.