رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سوپای عێراق لە سنووری سەرگەڕان رێگری لە کارکردنی جووتیارانی کورد دەکەن. ماوەی دوو رۆژە هەر جووتیارێک جووت بکات یان زەوییە کشتوکاڵییەکەی ئاو بدات، رایدەگرن و دەستگیری دەکەن.
دلێر کاکە، یەکێکە لەو جووتیارانەی کە هۆشداریی پێدراوە، بەڵام دەڵێت، هیچ بیانوویەک نییە بۆ رێگریی سوپا لە کارەکەیان. دەشڵێت، تەنیا ئەوەیە عەلی حەواس، سەرۆک هۆزی هاوردەکان سکاڵا لەلای هێزەکان دەکات و ئەوانیش بەبێ بەدواداچوون بەشێوەی نایاسایی بە قسەی دەکەن.
ئەو جووتیارە کوردەی گوندی گابەڕە لە سنووری کەرکووک باس لەوەش دەکات، "فەرحان غەزال لەو ناوە دەسووڕێتەوە، وێنەی تراکتۆرەکانمان دەگرێ و دواتر سوپا دێتە سەرمان رامان دەگرێ. ئەمڕۆ بەیانی حاڵەتێکی ئەوها لە شەناغە روویدا، 20 خولەک - نیو کاژێری نەبوو تراکتۆری بردبووە سەر زەوی، سوپا هات و پێی راگرت."
یەکێکی دیکە لەو جووتیارانەی کە دوو کەسی نزیکی لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرابوون و دواتر ئازادکران دەڵێت، دادگەکانیش "سەریان لەو دۆخە سووڕماوە" و دادگە دەڵێت، هیچ بیانوویەک بۆ رێگری لە جووتیارە کوردەکان نییە.
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە رووداوی گوت، "دوێنێ سوپا هاتن و دوو کەسیان بردبوو، رادەستی بنکەی پۆلیسی کردن، ئێستا لە دادگە دێینەوە، کە دۆسیەکەیان بردە دادگە، یەکسەر دەچوون، چونکە ئێمە ئەوەی هەمانە یاساییە، بەڵام ئەوەی هێزەکان دەیکەن نایاساییە. ئێستا فێربوون مەڕەشەی خەڵک دەبەن."
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر رێگرییەکان لە جووتیارە کوردەکان رایگەیاند، پەیوەندییان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کردووە و ئاگاداریان کردوونەتەوە لە دەستوەردانی نایاسایی سوپا لەو ناوچەیە.
لە سنووری تاڵەبانی سەر بە داقووق، دادگەی رەسافەی بەغدا زیاتر لە 300 دۆنم زەوی لە بەرژەوەندیی جووتیارێکی کورد یەکلایی کردووەتەوە. شکار پارێزەری ئەو دۆسیەیەیە و دەڵێت، بەو بڕیارەوە تاوەکو ئێستا 17 هەزار دۆنم زەویی کورد گەڕاوەتەوە.
شکار مەردان، پارێزەر روونیکردەوە، "سێ هەزار و 389 دۆنمە کە گەڕاوەتەوە، گرێبەستی هاوردەی لەسەرە، ئێستا ئەو گرێبەستانە هەمووی هەڵوەشاوەتەوە، پێشتریش ئێمە دوو بڕیاری دیکەمان وەرگرت لە دادگەی داقووق."
زەویی جووتیارانی کوردی پارێزگای کەرکووک بەهۆی بڕیاری تەعریبی سەردەمی سەدام سەرجەمی کێشە لەسەرە، بەڵام سنووری داقووق و لەیلان و دووبز و سەرگەڕان ئەو ناوچانەن کە لە دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە بەچڕی سەریهەڵداوەتەوە و چاوی تەعریبی لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ