رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی دهۆک دەڵێت، لە ساڵی 2012وە تاوەکو 2022 لە سنووری پارێزگای دهۆک 6766 دۆنم دارستان لەنێوچوون. ئاماژە بەوەش دەکات، 45%ی ئەو دارانەی لەنێوچوون لە جۆری سنەوبەرن و زۆرینەی زێدەڕۆییەکانیش لەسەر دارستانی سنوورەکە بۆ دروستکردنی باخ و ڤێلا و خانوو بوون.
شیمال ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندن و هۆشیاریی ژینگەیی لە بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی دهۆک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، مەترسییەکی گەورە لەسەر دارستانەکانی پارێزگای دهۆک هەیە، بە جۆرێک لە ماوەی ساڵانی 2012 تاوەکو 2022 رۆژانە و مانگانە رووبەری دارستانەکان کەم دەبێتەوە و "دەستدرێژیی دەکرێتە سەر دارستان و ژینگە."
بە گوتەی شیمال ئەحمەد، لە 2012وە تاوەکو 2022 لە سنووری پارێزگای دهۆک 6766 دۆنم دارستان لەنێوچوون (لەنێوبراون یاخود سووتاون) و زۆرینەی سەرپێچییەکان لە گوندەکانی رەشانکێ و ئیمێنکێ بوون لە سنووری ناحیەی زاوێتە، کە نزیکەی 13%ی دارستانی ئەو ناوچانە لەنێوچوون.
گوتیشی، 45%ی ئەو دارانەی لەنێوچوون لە جۆری سنەوبەرن. لەبارەی زێدەڕۆییەکانیشەوە ئەوەی خستەڕوو، 29%ی زێدەڕۆییەکان بۆ دروستکردنی خانوو و باخ بووە و 17%ی دارەکان لە جۆری دار بەڕوو و 15%یش لە جۆری داری قەزوان بوون.
بەرپرسی راگەیاندن و هۆشیاریی ژینگەیی بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی 2015دا 22% و لە ساڵی 2016شدا 10.4%ی دارستانەکانی زاوێتە بەهۆی سووتانەوە لەنێوچوون، بەڵام لە ساڵی رابردوودا 5.5%ی سووتاون و لە ساڵی 2022دا رێژەی سووتانی دارستانەکانی پارێزگای دهۆک 0.5% بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ