باڵیۆزی رووسیا لە عێراق: نێوەندگیریی نێوان رۆژئاڤا و دیمەشق دەکەین، بەڵام ئەمریکا رێگرە

01-11-2022
لهۆن نەسرەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی رووسیا لە عێراق دەڵێت، رۆڵی حکومەتی وڵاتەکەی سەبارەت بە کێشەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشق تەنیا نێوەندگیرییە بۆ گەیشتن بە جۆرە رێککەوتنێك، بەڵام ئەمریکا رێگرە. لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراقیش سەبارەت بە نادەستووریبوونی دەرهێنان و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان گوتی، "تووشی سەرسووڕمانی کردین."
 
رۆژی سێشەممە، 1-11-2022، لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری مێری کە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی دەکات، ئێلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق راگەیاند، قسەکردن لەبارەی رۆژئاوای کوردستان بابەتێكی ئاڵۆزە و گوتیشی: "باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن تورکیاوە داگیرنەکراوە، بەڵکو ئەوە ئەمریکایە داگیری کردووە و بوونێكی نایاسایی سەربازییانەی دامەزراندووە و نەوتەکەی بە قاچاخ دەفرۆشێت".
 
کوتراشێڤ لەبارەی بوونی سەربازییانەی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر قسەی کرد و گوتی: "ئەمریکا زیاتر لە هەزار سەربازی لەو ناوچانە هەیە و زیاتر لە هەزار چەکداری بەکرێگیراویشی هەیە کە بەناوی کۆمپانیای تایبەتی سەربازی کار دەکەن". 
 
باڵیۆزی رووسیا لە عێراق لەبارەی رۆڵی حکومەتی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە قسەی کرد و گوتی: "قسەکردن لەبارەی رۆژئاڤا پەیوەندی بە رووسیای فیدراڵەوە نییە و ئەوەی کە رووسیا سەبارەت بە رۆژئاڤا دەیکات نێوەندگیرییە بۆ گەیشتن بە جۆرە رێککەوتنێک لەنێوان دیمەشق و رۆژئاڤا. ئەو پرۆسەیە بەردەوامە، راستە بە هێواشی دەڕوات، بەڵام دواجار دەبینین بەرپرسانی رۆژئاڤا وای دادەنێن کە دەبێت سووریا یەک وڵاتی یەکگرتوو بێت، بەڵام پرسیارەکە لێرە ئەوەیە چ جۆرە ئۆتۆنۆمییەک دەتوانن بەدەستبهێنن". 
 
دیپلۆماتەکەی رووسیا گوتی، واشنتن رێگرە لەبەردەم هەوڵەکانی مۆسکۆ کە ئامانج لێیان نزیککردنەوەی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشقە بۆئەوەی لەسەر میکانیزمێکی بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی نێوان رێکبکەون و گوتی: "هەوڵ دەدەین هەردوولا رازی بکەین پێکەوە دابنیشن، بەڵام ئەمریکا هیچ جۆرە رێککەوتنێكی لەنێوان رۆژئاڤا و دیمەشق ناوێت. ئەمریکا ئەجێندای خۆی هەیە و ئەجینداکەشی لەسەر پرەنسیپ و بیرۆکەی دژە ئێرانی دانراوە".
 
گوتەی ئەم دیپلۆماتەی رووسیا لە کاتێکدایە، رووسیا لە ساڵی 2011ـەوە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و لە رێگەی کۆبوونەوەکانی ئاستانەوە پاڵپشتی لە دیمەشق دەکات و لە حەوت ساڵی رابردوویشدا لە بواری سەربازییەوە پاڵپشتیکاری گەورەی سوپای سووریا بووە. 
 
ئەمریکاش لە ئەیلوولی 2014 و بە بۆردوومانکردنی پێگەکانی داعش لە کۆبانێ دەستی بە یارمەتیدانی شەڕڤانان کرد و ئێستاش نزیکەی 900 سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە هەیە. 

 

 
کوتراشێڤ: نادەستووریبوونی دەرهێنان و هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان تووشی سەرسوڕمانى کردین.
 
15ى شوباتى 2022 دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق یاسای نەوت و گازى هەرێمى کوردستانى بە نادەستوورى لە قەڵەم دا و بڕیاریدا هەرێمى کوردستان نەوتەکەى رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکرێت.
 
لە میانی پێشکێشکردنی گوتەیەکیدا لە یەکێک لە پانێڵەکانى دیداری مێری بە ناونیشانی "عێراق بۆ هەمووان" کە بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بەڕێوەدەچێت. باڵیۆزى رووسیا باسی لەوە کرد، بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەبارەى نادەستووریبوونی دەرهێنان و هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان تووشی سەرسوڕمانى کردوون و گوتیشى، "لە بابەتەکەدا سیاسەت زیاتر رۆڵى هەیە لە هەر لایەنێکى دیکە."
 
کوتراشێڤ رایگەیاند، "پرسى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى لەبارەى کەرتى نەوتى هەرێمى کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ لایەنە عێراقییەکان بڕیارەکە دەستووری بێت یان نا ئەوە پرسێکى عێراقییە،" بەڵام گوتى، "وەکو رووسیا تووشی سەرسوڕمان بووین لەوەى کە ئەگەر کۆمپانیاکان چەند ساڵێکە لە هەرێمى کوردستان کار دەکەن، چۆن دەکرێت ئەوە رابگەیێندرێت کە ئەو کارەیان رەوایەتیى نییە، لەدواى تێپەڕبوونى ئەو ماوەیە، بەڵام هیوامان وایە کە بە ویستى خودا، چارەسەرگەلێک بۆ ئەو دۆسیەیە بدۆزرێتەوە، بە رێگەیەکى شارستانی و شەرعى."
 
باڵیۆزى رووسیا لە عێراق دەڵێت، "وەکو خۆم کێشەیەکى گەورە لەو بابەتەدا نابینیم، پێموایە لە بابەتەکەدا سیاسەت زیاتر رۆڵى هەیە لە هەر لایەنێکى دیکە، چەقبەستوویی سیاسى هەبوو لە عێراق و ئێستا کۆتایی هاتووە، بە دڵنیاییەوە دەبینین کە ئەو پرسە لە ماوەیەکى نزیکدا بە ویستى خودا چارەسەر دەکرێت، تاوەکو ئێستا کۆمپانیا رووسییەکان کە لە هەرێمى کوردستان کار دەکەن، تووشی هیچ گرفتێک نەبوون، داواى هیچیشیان لێنەکراوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

داپیری زاوا 15 ساڵیەکە قسە بۆ پەیامنێری رووداو دەکات

تازە زاوایەکی 15 ساڵان پانکەیەک بەسەریدا کەوت و گیانی لەدەستدا؛ 'ویستوویەتی بەتانی ببات'

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پانکەیەک لە درەنگانی شەودا، تازە زاوایەکی 15 ساڵان لە کەرکووک گیانی لەدەستدا. مامی زاوا دەڵێت، کاتێک گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە، برازاکەی ملی بڕابوو و شوێنەکەش پڕبوو لە خوێن