ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: ئەوەی هەیە دابەشکردنی نەوت نییە و فرۆشتنی نەوتە

01-11-2022
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لیژنەی وزەی ئەنجوومەنیان راسپاردووە بۆئەوەی لەبارەی نرخی ئەو نەوتەی دابەشدەکرێت بەدواداچوونی پێویست بکەن، "چونکە نرخەکەی زۆرە،" پێیوایە ئەوەی هەیە "دابەشکردنی نەوت نییە، بەڵکو فرۆشتنی نەوتە." سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانەسرووشتییەکانی ئەنجوومەنیش دەڵێت، نووسراومان بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە بۆ ئەوەی نرخی ئەو نەوتە کەمبکەنەوە، چاوەڕیی وەڵامی ئەوانن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 01-11-2022 بەرزان شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رێگەی لیژنەی پیشەسازی و وزەوە بەدواداچوونمان بۆ ئەوە کردووە کە ژمارەیەک هاووڵاتی لەبەر زۆریی نرخەکەی، ئەو نەوتەیان رەتکردووەتەوە کە دابەشدەکرێت، بۆ ئەوەش وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و ئەنجوومەنی وەزیران ئاگادار دەکەنەوە."
 
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گلەیی لە زۆری نرخی نەوتەکە هەیە و دەڵێت، "وەکو ئەنجوومەنی پارێزگا زوو گوتمان، ئەمە نەوت دابەشکردن نییە، بەڵکو فرۆشتنی نەوتە بە هاووڵاتییان."
 
لەبارەی کوالێتیی ئەو نەوتەی دابەشدەکرێت، بەرزان شێخ محەممەد ئەوەی خستەڕوو، "ئەوەی لە قوتابخانەیەکی سلێمانی روویدا کە تێکەڵی بەنزین بوو، نموونەیەکە بۆ کوالێتییەکەی و جۆرێک لە کەمتەرخەمی هەیە؛ جگە لەوەش هەندێک هاووڵاتی کە نەوتیان وەرگرتووە، باس لەوە دەکەن کە نەوتەکە باش نییە."
 
جگە لە نرخ  و کوالێتیی ئەو نەوتەی دابەشدەکرێت، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ناڕازییە لەو بڕە نەوتەی بۆ سلێمانی دابینکراوە. جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "لە بنەڕەتدا پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 110 ملیۆن لیتر نەوتە، لە کاتێکدا تائێستا 19 ملیۆن لیتر گەیشتووە، ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات ئەوە زۆر ناوچە هەیە تاوەکو هاوینیش نەوتیان بەرناکەوێت."
 
هاوکات کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 20-08-2022 نووسراومان بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە و داوامان کردووە دوو بەرمیل نەوت بە هاووڵاتییان بدرێت، بەرمیلێک بەبێ بەرامبەر و بەرمیلێکیش بە کەمتر لە 50 هەزار دینار و تایبەتمەندیی ناوچە ساردەکانیش لەبەرچاو بگیرێت، لە 04-09-2022 وەڵام دراوینەتەوە و دەڵێن: حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رێکاری تایبەتی خۆی هەیە بۆ دابەشکردنی نەوت."
 
سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتیشی، دوای ئەوەی وەزارەت دەستی بە دابەشکردنی نەوت کرد و بەشێک لە هاونیشتمانیان گلەییان لە نرخەکەی هەبوو و وەریان نەگرت، دووبارە لە 20-10-2022 نووسراویان بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە و "دەڵێن: دابەشکردنی نەوت جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیی ئەنجوومەنی پارێزگا و هاووڵاتییانە، بەرزکردنەوەی نرخی یەک بەرمیل نەوتە لە 56 هەزار دینارەوە بۆ 103 هەزار دینار لە بەرامبەر نرخی ساڵی پار 50% زیادیکردووە."
 
کەریم عەلی پێیوایە، ئەم نرخە لەچاو داهاتی هاووڵاتییان زۆرە، بەناوی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوا دەکەن، لە بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی دارستان و ژینگەی کوردستان، پێداچوونەوە بە نرخەکەدا بکرێت، تائێستا چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتین.
 
رۆژی دووشەممە 17-10-2022، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "لە 20ی تشرینی دووەموە دەست بە دابەشكرنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان دەکات. بۆ ئەو مەبەستەش هەموو خێزانێك 200 لیتر نەوتی بە نرخی 100 هەزار دینار پێدەدرێت، ئەو نرخەش بە رێژەی 65% لەلایەن حكومەتەوە پاڵپشتی كراوە و هاووڵاتی 35%ی دەدات. هەر كاتێكیش حکومەتی فیدراڵ نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەو نرخە دەدرێتە هاووڵاتییان کە لەلايەن حكومەتى فيدراڵەوە دیاریدەکرێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمێکی سەرژمێری لە هەولێر، زانیاری لە هاونیشتمانییەک وەردەگرن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ئەو خێزانانەى ئامادەنین؛ دەتوانرێت وەڵامی 77 پرسیارەکەیان لێ وەربگیرێت

ئەو خێزانانەى ناویان بۆ سەرژمێرى تۆمار نەکراوە رۆژێکى دیکەیان لە بەردەمدایە بۆ ئەو هەنگاوە، ئەو خێزانانەى ناوچە کوردستانییەکانیش کە گەڕاونەتەوە بۆ سەرژمێرى، بەبێ ئامادەبوونى خۆشیان دەکرێت زانیاری ئەو 77 پرسیارەیان وەربگیرێت کە لە کۆتایی قۆناخى سەرژمێرى دەکرێت.