پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رەشنووسی دەستوور کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەبارەی چەند پرسێک کۆدەبنەوە، دیارترینیان پرسی رەشنووسی پرۆژەیاسای دەستووری هەرێمی کوردستان.
رۆژی دووشەممە 1.11.2021 زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە 3-11-2021 دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆدەبنەوە و تاوتوێی چەند پرسێک دەکەن.
لەبارەی ئەجێندای کۆبوونەوەکە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "پرسی رەشنووسی پرۆژەیاسای دەستوور و خوێندنەوەی تێبینی حیزبەکان، یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کە دوو ساڵە ماوەکەیان بەسەرچووە، لەگەڵ هەندێ پرسی نێوخۆیی پەرلەمان تاوتوێ دەکرێن".
بەر لەوەی رەشنووی پرۆژەیاسای دەستووری هەرێمی کوردستان بخرێتە نێو خشتەی کاری پەرلەمانی کوردستانەوە و دەنگی لەسەر بدرێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان تێبینی و بۆچوونی سەرجەم حیزب و فراکسیۆنەکانی لەبارەی دەستوورەکە وەرگرتووە.
مونا قاوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوتبوو "ئێمە لە خوولی رابردوو لە ژمارەی 4ی ساڵی 2015 یاسای لیژنەی دەستوورمان هەبوو، درێژمان کردەوە بۆ 90 رۆژ، ئەوە دەبێت هەمواربکرێتەوە کە ئایا بتوانین بە چی میکانیزمێک سەرلەنوێ ئەم لیژنەیە پێکدەهێنرێت".
لە ساڵی 2009 دەستووری هەرێمی کوردستان نووسرایەوە و پەرلەمان پەسندیکرد، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی سیاسییەوە رەشنووسەکە نەخرایە گشتپرسی و تەنیا وەکو مەرەکەبی سەر کاخەز مایەوە.
لە خولی چوارەمدا جارێکی دیکە دەستوور لە کۆی زیاتر لە 120 ماددە، 73 ماددەی نووسرایەوە و ئاڵۆزیی سیاسی کۆتایی پێهێنا.