ترەمپ لە چوار ساڵدا چی لەبارەی چوار وڵاتەکەوە گوتووە؟

03-11-2020
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن هەڵبژاردنی ئەمریکا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-

 

 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە چوار ساڵی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا هەندێک بڕیاری چارەنووسسازی لەبارەی هەر چوار وڵاتی، عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا داوە، لەوانە سەپاندنی سزای ئابووریی تووند بەسەر ئێران و کوشتنی قاسم سولەیمانی، کشاندنەوەی بەشێک لە هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان کە رێگەخۆشکەربوو بۆ تورکیا بۆ ئەوەی هێرشبکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان. 
 
سەرۆکی ئەمریکا کە بەوە بەنێوبانگە بە راشکاوی قسەکانی دەکات و تویتی زۆر دەکات، لە چوار ساڵی رابردوودا لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشێک لە وڵاتان بەرەوپێشبردووە و پەیوەندی نوێی لەگەڵ چەند وڵاتێکیش دروستکردووە. وەک یەکەم سەرۆکی ئەمریکا چووە کۆریای باکوور و تەوقەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون کرد، دواتریش گوتی، لەگەڵ کیم رێگرییان لە شەڕ کردووە. لەگەڵ چینیش پەیوەندییەکانی بەرزونزمیی زۆریان بەخۆیەوە بینیوە.

 

کلیک بکە لەسەر ناوی وڵاتەکان و هەڵوێست و قسەکانی ترەمپ لەسەر ئەو وڵاتە ببینە :

عێراق
ئێران
تورکیا
سووریا
چین
کۆریای باکوور

ترەمپ : لە عێراق دەچینە دەرەوە


 

دۆناڵد ترەمپ لەکاتی قسەکردن بۆ سەربازانی وڵاتەکەی لە عێراق. وێنە: Getty Images

 
سەرۆکی ئەمریکا تێکشکاندنی داعشی کردووەتە تەوەرێکی سەرەکی لە بانگەشەی هەڵبژاردن، لەبەرئەوە دۆخی عێراق یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی ئیدارەکەی لە سیاسەتی دەرەوە. 
 
پەیوەندییەکانی ترەمپ و عێراق گرژیشیان تێکەوتووە، لە ساڵی 2017 ترەمپ قەدەخەی گەشتکردنی لەسەر خەڵکی عێراق و حەوت وڵاتی دیکەی موسڵمان بۆ ئەمریکا دانا، دواتر کاتێک عێراق بە مەرجەکانی حکومەتی ئەمریکا رازیبوو، لە لیستەکە دەرهێندرا.
 
کاتێک کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکاش لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیسیان کوشت، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دا بەڵام کورد و سوننە بەشدارنەبوون، ئەوکات دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە عێراق کرد کە "سزایەکی بەسەردا دەسەپێنێت کە پێشتر نەیبینیبێت". دوای ئەوەش هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق مانەوە.
 
لەبارەی عێراق ترەمپ لە 20ـی ئابی ئەمساڵ و لەکاتی سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی رایگەیاند، "بەڕاشکاوی، هەستم ناکرد [جەنگی عێراق] بیرۆکەیەکی باشە... بەڵام کردمان، ئێستاش لە [عێراق] دەچینە دەرەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا جێیدەهێڵین". 
 
لە مانگی تەممووزی 2018 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق سەرکەوتنی بەسەر داعش لە موسڵ راگەیاند، دۆناڵد ترەمپیش پیرۆزبایی لە عێراق کرد و رایگەیاند "شارەکە لەو خەوە ناخۆشە" رزگاری بوو. 
 

ترەمپ: ئێران هێرش بکاتە سەرمان بە هێرشێک وەڵامی دەدەینەوە 1000 جار بەهێزتر بێت


 

سووتاندنی وێنەی دۆناڵد ترەمپ لە خۆپێشاندانێکدا لە تارانی پایتەختی ئێران. وێنە: Getty Images

 
دۆناڵد ترەمپ، لەوەتەی دەسەڵاتی گرتووەتەدەست قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئێران نەکردووە، بەڵام کاتێکی زۆری تەرخانکردووە بۆ قسەکردن لەبارەی ئەو وڵاتە و تویتکردن لەبارەی کارەکانیان. 
 
یەکێک لە کارەکانی ترەمپ دژی ئێران، کشانەوەی بوو لە رێککەوتنی ئەتۆمی و سەپاندنی سزای ئەوپەڕی گوشاربوو بەسەریدا. ترەمپ رێککەوتنەکەی بە "خراپ" ناوبرد. 
 
لەکاتی سەردانی بۆ ئیسرائیل لە ساڵی 2017، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، نابێت ئێران هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، "هەرگیزا و هەرگیز". دەشبێت یارمەتی بۆ گرووپە "تیرۆریست و میلیشیاکان بووەستێنێت". 
 
ترەمپ دوای ئەو سەردانە لە تویتێکیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێران پەیوەندی لەگەڵ کۆریای باکوور هەیە و پێکەوە کاردەکەن بۆ بەرەوپێشبردنی چەکی ئەتۆمی. 
 
ئێران لە مانگی حوزەیرانی 2019 رایگەیاند، کە هەندێک لە بەندەکانی رێککەوتنەکە پێشێلدەکات و دەست بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم دەکات، ترەمپ لە تویتێکدا وەڵامی دانەوە و گوتی "ئاگاداری هەڕەشەکانتان بن"، دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ هێرشکردنە سەرتان کە پێشتر کەس بەوشێوەیە هێرشی نەکردبێتە سەرتان و لێی نەدابن. 
 
کاتێک خۆپێشاندەرانی عێراق هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ترەمپ ئێرانی تاوانبارکرد و گوتی "ئەمە ئاگادارکردنەوە نییە و هەڕەشەیە، ئەوان باجێکی زۆر گەورە دەدەن". دوای چەند رۆژێکیش لەو هەڕەشەیە، قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەلایەن ئەمریکاوە کوژرا. 
 
لە مانگی ئەیلوولیشدا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ تۆڵەکردنەوەی قاسم سلێمانی و گوتی، هەر هێرشێکی ئێران بۆسەر ئەمریکا بە هێرشێکی 1000 جار بەهێزتر وەڵامدەدەنەوە. 
 

ترەمپ: ئەردۆغان پیاوێکی بەهێزە و پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵی هەیە


 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ساڵی 2017 لە کۆشکی سپی. وێنە: 2017

لە چوار ساڵی رابردوو، پەیوەندییەکانی ترەمپ لەگەڵ تورکیا و ئەردۆغان، بەرز و نزمیی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە. گرژییەکانی نێوانیان لەوکاتەوە سەریهەڵدا کە ترەمپ بڕیاریدا هاوکاریی هێزەکانی یەپەگە بکات و چەکیان بداتێ بۆ ئەوەی دژی داعش شەڕ بکەن. 

بەڵام لە ئەیلوولی 2017 ترەمپ و ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەنجوومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکدییان بینی و دژایەتیی خۆیان بۆ گشتپرسیی باشووری کوردستان دووپاتکردەوە. 

لە 2018ـەش، کێشەکانیان دووبارە سەری هەڵدایەوە، لەبەرامبەر دەستگیرکردنی قەشەیەکی ئەمریکی لە تورکیا، ترەمپ لە تویتێکدا گوتی، تورکیا سوودی زۆری لە ئەمریکا وەرگرتووە، دواتر ترەمپ گومرگی لەسەر تورکیا زیادکرد و لە تویتێکدا گوتی "پەیوەندییەکانمان لەم کاتەدا لەگەڵ تورکیا باش نین". 

دوای ئازادکردنی قەشەکەش، تۆنی قسەکانی ترەمپ گۆڕان و لە تویتێکدا سوپاسی تورکیای کرد، گوتی، پێزانینی زۆریان هەیە و ئەوە پەیوەندییەکانیان بەرەو باشی دەبات. 

لە ساڵی 2019ـەش کاتێک ئەمریکا هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان کشاندەوە و تورکیا هێرشی دەستپێکرد، ترەمپ بە تویتێک هەڕەشەی کرد و گوتی ئەگەر تورکیا هەر کارێک بکات کە "بە ژیریی بێهاوتای من" لە سنوور دەرچوون بێت، ئەوا ئابوورییەکەی بەتەواوی تێکدەشکێنم. 

لە دوای دوو هەفتەش، کاتێک تورکیا رازی بوو بە ئاگربەست لە سووریا، ترەمپ سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە هەڵگرت. 
 

ترەمپ: کۆرۆنا دیارییەکی خراپی چین بوو بۆمان


 

دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ شی ژی پینگ، سەرۆکی چین. وێنە: Getty Images

 
ترەمپ لە 2016 چینی کردبووە بابەتی سەرەکیی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی، بە "دەوڵەتە کۆمیونیستەکە"، قۆرخکاری پارە و "دەستدرێژیکاری" سەر ئەمریکا ناوی دەبرد. 
 
لە ساڵی 2017 ترەمپ لەسەر داوای شی ژی پینگ، سەرۆکی چین، چووە پەکین، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیش لە کاتی سەردانەکەی، ترەمپ بە سەرۆکی چینی گوت "تۆ پیاوێکی زۆر تایبەتی". 
 
بە درێژایی ساڵی 2018 ئەمریکا و چین باسیان لە رێککەوتنی بازرگانیی نێوانیان دەکرد، ترەمپ گلەیی دەکرد کە رێککەوتنەکانی پێشووی وڵاتەکەی لەگەڵ چین خراپبوون، ئەوەش درێژەی کێشا تاوەکو لە سەرەتای ساڵی 2020 قۆناخی یەکەمی رێککەوتنی نێوانیان واژۆ کرا. 
 
واژۆکردنی رێککەوتنەکە زۆری نەخایاندبوو کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە هێشتا کەمی لەبارەوە زانرابوو، ترەمپ بە تویتێک رایگەیاند "چین بە هەموو هەوڵێکی خەریکی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکەیە، ئەمریکاش بە رێزەوە بەو هەوڵ و شەفافیەتەیان دەزانێت.. بەتایبەتیش سوپاسی خەڵکی ئەمریکا دەنێرم بۆ سەرۆک شی". 
 
دوای دوو مانگ لەو قسانە، زیاتر لە 1000 کەس لە ئەمریکا بە کۆرۆنا مردن، ترەمپ رایگەیاند، گفتوگۆیەکی "باشی" لەگەڵ سەرۆکی چین کردووە، پێکیشەوە کاردەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە. 
 
دوای ئەوە شێوازی قسەکانی ترەمپ بەرامبەر چین گۆڕان و کۆرۆنای بە "ڤایرۆسە چینییەکە" ناودەبرد، دواتریش لە دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا گوتی، چین زانیارییەکانی شاردبوونەوە و هیچی بە ئێمە نەگوت. 
 

ترەمپ: ئەوەی من کردوومە لە سووریا، هەرکەسێکی دیکە بیکردایە دەتانکرد بە پاڵەوانی نیشتمانی


 

دۆناڵد ترەمپ لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لەکاتی چاودێریکردنی ئۆپەراسیۆنی کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی. وێنە: Getty Images

 
سەرۆکی ئەمریکا پێشئەوەی دەسەڵات بگرێتەدەست دژی دەستێوەردان بوو لە سووریا، لە ساڵی 2013 کاتێک ئۆباما سەرقاڵی ئەوە بوو کە ئایا وڵاتەکەی دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا بکات یان نا، ترەمپ لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ سەرکردە هەرە گەمژەکانمان، هێرش مەکەنە سەر سووریا، ئەگەر هێرش بکەن، شتانێکی زۆر خراپ روودەدەن و ئەمریکاش هیچی دەستناکەوێت لەو شەڕە". 
 
دوای دوو مانگ لە گرتنە دەستی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ گوتی، دیمەنەکانی ئازار چەشتنی منداڵان لە هێرشە کیمیاییەکانی سووریا کاریگەریی لەسەری هەبوونە و دەستوەردانی سەربازی دەکات. 
 
لە مانگی نیسانی 2017 ترمپ بە مووشەکی تۆماهۆک هێرشی کردە سەر بنکەی ئاسمانیی سەربازیی سووریا کە ئەوە یەکەم هێرشی سەربازیی ئەمریکا بوو دژی ترەمپ. 
 
لە ساڵی 2019 و لە کاتی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان، ترەمپ پێچەوانەی بڕیاری کۆنگرێس، پێنتاگۆن و بەشێک لە میدیای ئەمریکاش، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای دا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیان بەجێهێشت. دواتریش هێرشی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد. 
 
ترەمپ لە وەڵامی رەخنەکانی سەری بەرامبەر کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان گوتی، " تورکیا و کوردەکات "بۆ 200 ساڵە لەگەڵ یەک شەڕ دەکەن". 
 

ترەمپ: سەرۆکی کۆریای باکوور تێڕوانینی جوانی بۆ وڵاتەکەی هەیە


 

تەوقەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون لە سەنگاپوور. وێنە: AFP

 
سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2018 مێژووی نووسییەوە، کاتێک وەک یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە لە ئۆفیس بێت، لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون کۆبووەوە. 
 
چەند مانگێک پێش ئەو کۆبوونەوەیە، ترەمپ هەڕەشەی لە سەرۆکی کۆریای باکوور دەکرد کە ئاگر و تووڕەیی دەبارێنێت بەسەر وڵاتەکەیدا ئەگەر هەڕەشە لە ئەمریکا بکەن. 
 
ترەمپ و کیم جۆنگ ئوون قۆناخێکی پڕ لە گرژییان تێپەڕاند، ترەمپ دەیگوت، دووگمەیەکی چەکی ناوەکی هەیە لە ئەوەی کۆریا زۆر گەورەترە، بەڵام دواتر لە پڕدا شێوازی قسەکردنیان لەگەڵ یەکدی گۆڕا. 
 
لە ساڵی 2018 ترەمپ نیازپاکیی خۆی بۆ دانیشتن و دانووستاندن لەگەڵ کیم نیشاندا. لەو ساڵەدا، ترەمپ وەک یەکەم سەرۆکی ئەمریکا پێی نایە نێو خاکی کۆریاوە و لەگەڵ کیم کۆبووەوە. 
 
ترەمپ لە دیبەیتی سەرۆکایەتی ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون رێگرییان لە هەڵگیرسانی شەڕی گەورە کردووە و ژیانی ملیۆنان کەسیان رزگارکردووە. 

 

 

Credit: BBC

Developer: Bawar Kamal

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساڵانە لە 10ی موحەڕەم زیارەتکارێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سەرتاسەری جیهان سەردانی عێراق دەکەن و لە نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە، ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

دەرفەتی کار لە عێراق بۆ پاکستانییەکان زیاتر دەبێت

بەغدا و ئیسلام ئاباد بەنیازن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و رێکبکەون لەمەودوا دەرفەتی کاری زیاتر بۆ پاکستانییەکان لە عێراق بڕەخسێندرێت، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی پاکستانی بە نایاسایی لە وڵاتەکە نەمێننەوە.