فیستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە دەستپێدەکات

رووداو-هەڵەبجە
 
پێنجەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی هەنار لە پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێکرد و هاونیشتمانییەکی زۆر لە هەڵەبجە و دەرەوەی هەڵەبجە سەردانی شوێنی فیستیڤاڵەکەیان کردووە.
 
فیستیڤاڵەکە کە لە پارکی یاری شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو بە پلەی یەک گرنگی بەجۆرە جیاوازەکانی هەنار دەدات، بەڵام هاوکات بەرهەمە خۆماڵییەکانی دیکە دەخرێنەڕوو. 
 
تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجە، بە چاودێری ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە ئەرکی رێکخستنی فیستیڤاڵی ئەمساڵیان گرتووەتە ئەستۆ و بڕیارە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت. 
 
ئازاد تۆفیق لە وتارێکدا رایگەیاند کە تایبەتمەندی فیستیڤاڵەکە لەوەدایە کە بە تەنها بۆنەیەکی تایبەت بە کشتوکاڵ نییە، بەڵکو وەک بۆنەیەکی کولتووری رۆڵدەگێڕێت و برەو بە دیوە کولتوورییەکانی وەک ئەدەب دەدات. 
 
بە پێی ئەو ئامارانەی کە لەبەردەستن، ساڵانە پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 35 هەزار تۆن هەنار بەرهەمدەهێنێت. هەناری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان ناوبانگێکی تایبەتی هەیە و جۆرەکانیشی جیاوازن و بەپێی ناوچەکانی جیادەکرێنەوە، لەوانە هەناری عەبابەیلێ، ساڵەخانی و سازان. 
 
هەر لە فیستیڤاڵەکە بەرهەمەکانی دیکەی هەنار لەوانە روب هەناری ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکە پێشکەشدەکرێت. 
 
یەکێک لە فرۆشیارەکان کە کەلانەی بەڕۆنی خۆماڵی و بە دۆشاوی توو ئامادە دەکرد بە رووداوی گوت زۆربەی ئەو کەسانەی بەشداری فیستیڤاڵەکەیان کردووە لە سلێمانییەوە هاتوون و خۆشحاڵ بوو کە ئەمساڵ خەڵکێکی زیاتر سەردانی هەڵەبجەیان کردووە.
 
ئەمڕۆ لە هەڵەبجە ئاسمان ساماڵ و بەرزترین پلەی گەرما 22 پلەی سەدی بوو.