سەڵاحەدین دەمیرتاش: چارەنووسمان لەدەستی خەڵکدایە

01-11-2015
محەممەد عزەدین
...
...
نیشانەکردن هەڵبژاردنی توركیا
A+ A-

رووداو- ئیستەنبوڵ

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان HDP ، لە قوتابخانەی مەولانا لە ناوچەی سوڵتان بەلی لە ئیستەنبوڵ، لە سندوقی هەزار و 114 دەنگی دا.

دوای دەنگدانیش سەڵاحەددین دەمیرتاش بۆ میدیاکان قسەی کرد و رایگەیاند كە تورکیا ئێستا پێویستی بە ئاشتی و ئارامی هەیە، هیواشی خواست دوای ئەم هەڵبژاردنە ئاشتی بۆ وڵات بگەڕێتەوە.

دەمیرتاش داواشی لە هاونیشتمانیان کرد تاوەکو کۆتایی ئەمڕۆ دەنگی خۆیان بدەن و جەختیشیكردەوە كە چارەنووسیان بەو هەڵبژاردنە بەستراوەتەوە.

دەمیرتاش گوتی "ئومێدەوارم ئەو دەرەنجامە سیاسییانەی کە لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆوە وەدیدێن بۆ هەموومان مایەی خێر بن"

سەرباری ئەو ئاڵۆزییەی کە لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا لە تورکیا بەگشتی و لە باكووری کوردستان بە تایبەتی هاتنەئاراوە، دەمیرتاش گوتی: "لە هەموو شتێک زیاتر پێویستیمان بە تەناهی و ئاشتی هەیە، دیاریکردنی داهاتووشمان لەدەستی خەڵکدایە، لە هەموو لایەکمان پیرۆز و مایەی خێر بێت".

ئەمڕۆ یەكشەممە 1 ی تشرینی دووەمی 2015، دووبارە هەڵبژاردن بۆ 26 ەمین خولی پەرلەمانی توركیا ئەنجامدەدرێتەوە. توركیا 78 ملیۆن دانیشتووی هەیە‌و54 ملیۆن كەسیش مافی دەنگدانیان هەیە، هەموو پارتێك لەو وڵاتەدا دەبێت زیاتر لە 10% ی دەنگەكان بهێنێت كە دەكاتە 55 كورسی بۆئەوەی بەربەستی هەڵبژاردن ببڕێت. 

پەرلەمانی توركیا لە 550 كورسی پێكدێت ‌و پارتی براوە پێویستی بە 276 كورسی دەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەت بە تەنها. لەو هەڵبژاردنەدا 16 پارتی سیاسی بەشدارن ‌و دوو لە پارتەكانیش كوردین.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە