کۆمیسیۆن: دەنگدەرانی تایبەت کارتی بایۆمەترییان کۆدکراوە و ناتوانن لە دەنگدانی گشتی بەشداربن

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵىژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە دەنگدانی تایبەت دا لە هەر وێستگەیەک 300 کەس دەنگ دەدات و دوای دەنگدانیش راستەوخۆ کارتەکەیان لێوەردەگیرێتەوە.
 
سێشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دەنگدانی تایبەت دا بۆ هەر وێستگەیەکی دەنگدان 300 دەنگدەر دەتوانێت دەنگی تێدا بدات، کۆمیسیۆن دەنگدەرانی تایبەتی بەپێی وێستگەکان بە ژمارە و ناو دابەشکردوون، بۆ ئەوەی دەنگدانەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت
 
جومانە غەلای رەتیکردەوە کە دەنگدەری تایبەت بتوانێت لە رۆژی دەنگدانی گشتی دەنگ بدات و گوتی: "هەر دەنگدەرێکی دەنگدانی تایبەت، کارتی بایۆمەتری کۆدکراوی تایبەت بە خۆی هەیە و دوای دەنگدان لێیان وەردەگیرێتەوە، خۆ ئەگەر رادەستیشی نەکردبێت؛ ناتوانێت لە دەنگدانی گشتیی بەکاری بهێنێت، چونکە ئەو ئامێرەی لە دەنگدانی گشتیی بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکانی دەنگدەر بەکاردەهێنرێت، کارتی بایۆمەتری دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت ناخوێنێتەوە."
 
لەبارەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە دەنگدانی تایبەت، جومانە غەلای گوتی: "لە دەنگدانی تایبەتیشدا بە ئەلیکترۆنی دەنگەکان جیادەکرێتەوە و دواتر راستەوخۆ لەهەر وێستگەیەکیشدا دەنگەکان بە دەستیش دەژمێردرێن، هەموو هەوڵێکیشمان بۆ ئەوەیە پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت و بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بێت."
 
20ـی تشرینى یەکەم دەنگدانی گشتیی بەڕێوەدەچێت، 48 کاژێر پێش دەنگدانی گشتیی واتە لە 18ـی تشرینی یەکەم، دەنگدانی تایبەت کە تایبەتە بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بەڕێوەدەچێت. 
 
لە دەنگدانی تایبەت دا 215 هەزار و 960 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 
یەکەم جارە  هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە سیستمى ئەلیکترۆنى و بە کارتى بایۆمەتری بکرێت، کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتى دەکات.