کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: دەنگى بەربژێرى سەربەخۆ دواى کشانەوەى دەفەوتێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن هەر بەربژێرێکى سەربەخۆ بکشێتەوە دەگەکانى دەفەوتێت، بەڵام بەربژێرانى دیکە دواى کشانەوە دەنگەکانى دەچن بۆ ئەو پارت و هاوپەیمانیێتییانەى خۆیان تێیدا بەربژێرکردووە.
 
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژادنەکان رایگەیاند، بەگوێرەى بڕیارى کۆمیسیۆن؛ لە دواى پەسندکردنى ناوەکانیان، بەربژێران ناتوانن بکشێنەوە، لەبەرئەوەى کاخەزى دەنگدان چاپکراوە و ناوى بەربژێرانى تێدایە.
 
رۆژی 24ـی ئەیلوولی 2024، ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان ناوى بەربژێرانى سەربەخۆ، کۆتا، پارت و هاوپەیمانیێتییەکانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەسند کرد کە 1191 بەربژێرن. 
 
جومانە غەلاى گوتى "ئەگەر بەربژێرێک لە دواى پەسندکردنی ناوەکەی بکشێتەوە، دەبێت داواکارییەک پێشکێش بە کۆمیسیۆن بکات و، ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بڕیار دەدات کشانەوەکەى پەسند بکات یان نا."
 
هەریەک لە جەلال پەرێشان، محەممەد فەرەیدوون (حەمکۆ) بەربژێرانى سەربەخۆ لە سنوورى بازنەى هەولێر کشانەوە، بەڵام ناویان لە نێو لیستى بەربژێراندا ماوە.  
 
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژادنەکان گوتى، "ئەگەر بەربژێرێک بڕیاریدابێت بکشێتەوە، بانگەشە ناکات و پێناچێت دەنگێک بەدەستبهێنێت کە سوودى لێ ببینێت، بەڵام ئەگەر بەربژێرێکى سەربەخۆ دەنگى پێویست بەدەستبهێنێت و ئەنجوومەنى کۆمیسیاران رەزامەند بوو لەسەر کشانەوەکەى، دەنگەکانى بلۆک دەکرێت، بەڵام ئەگەر بەربژێرى سەربەخۆ نەبێت، دەنگەکەى دەچێت بۆ ئەو پارت و هاوپەیمانێتییەى کە خۆى تێدا بەربژێرکردووە."
 
بانگەشەى هەڵبژاردن تاوەکو 15ـی تشرینى یەکەم بەردەوام دەبێت.
 
رۆژى 18ـی تشرینی یەکەم، دەنگدانى تایبەت دەکرێت و 20ـی هەمان مانگیش دەنگدانى گشتییە بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق. وێنە: رووداو

کۆمیسیۆن: دەنگدەرانی تایبەت کارتی بایۆمەترییان کۆدکراوە و ناتوانن لە دەنگدانی گشتی بەشداربن

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵىژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە دەنگدانی تایبەت دا لە هەر وێستگەیەک 300 کەس دەنگ دەدات و دوای دەنگدانیش راستەوخۆ کارتەکەیان لێوەردەگیرێتەوە.