رێباز حەملان: هیوا هەیە ئەمڕۆ تەواوکاری مووچەی مانگی هەشت بنێردرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هیوا هەیە" ئەو کورتهێنانەی لە مووچەی مانگی هەشت هەبوو بخرێتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان و لەگەڵ گەیشتنی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت. 
 
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، رایگەیاند: "دەبوو لە سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەو کورتهێنانەی کە هەبوو لە مووچەی مانگی هەشت بۆمان بنێرن کە 243 ملیار دینار بوو. دوای ئەوەی کە هەموو ئەو داواکارییانەی کە بەغدا هەیبوون بۆیان نێردرانەوە. بەڵام بەداخەوە وەزارەتی دارایی عێراق هەر رۆژە و پاساوێک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئەو بابەتە دوابخات."
 
رێباز حەملان گوتی: دوێنێ بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری چووەتە بەغدا. هەندێ تێبینیی دیکەیان لەسەر بابەتی بایۆمەتری هەبوو. لەسەر هەندێک پلەبەرزکردنەوە لە هەندێک فەرمانگەی حکومەت. بڕیار بوو دوێنێ ئەو 243 ملیار دینارە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، نەیانخست. بەڵام ئەمڕۆ بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لەوێیە و هیوایەک هەیە بەشکوم ئەمڕۆ ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر هەژمارەکە. لەگەڵ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە چووە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری لە بانکی فیدراڵی لە هەولێر، ئەوکاتە وەزارەتی دارایی راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات. 
 
زیاتر لە هەفتەیەکە 755 ملیار دینار پارەی مووچەی مانگی 8، کە بەغدا بەناوی مانگی 7ـەوە ناردوویەتی، بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، بەڵام کورتهێنانی هەیە بۆ دابەشکردنی مووچە.
 
هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی 8، پێوستی بە 998 ملیار دینارە، بەگوێرەی ئەو ژمارەیە، 243 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.
 
لە لایەکی دیکە، رۆژی شەممە، 28ـی ئەیلوول، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئینشاڵڵا ئەم هەفتەیە لیستی مووچە رادەگەیێنرێت".
 
پێشتریش قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کردبوو، نزیکن لە چارەسەری کێشەی مووچە. رۆژی 26-09-2024 جێگری سەرۆکوەزیران لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینەوە گوتی، ئەو شاندەی لیژنەی دارایی کە چەند رۆژێکە لە هەولێرە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەیە و درێژەپێدەری ئەو هەوڵانەیە کە لەنێوان هەردوو حکومەت بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە دەدرێن.