ئەمریکا تیمێکی 103 کەسی بۆ چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنێرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردن دەڵێت، زیاتر لە 12 دامەزراوەی جیاواز و 6 کونسووڵخانەی وڵاتان چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، کە پێکدێن لە وڵاتانی ئەمریکا، رووسیا، تورکیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەڵەستین؛ یەکێتیی ئەورووپاش پاڵپشتیی رێکخراوەکانی چاودێرییکردن دەکات و چاوەڕوان دەکرێت کەنەدا و فەرەنساش چاودێر بنێرن بۆ چاودێریی پرۆسەکە.
 
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "تاوەکو دووشەممە 30ی ئەیلوولی 2024 زیاتر لە 480 کەس وەکو چاودێری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراون و لەو ژمارەیەدا 103 چاودێریان ئەمریکین."
 
گوتیشی، "وڵاتانی ئەمریکا، رووسیا، تورکیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەڵەستین داواکارییان پێشکێش کردووە بۆ چاودێریی هەڵبژاردن و وڵاتانی فەرەنسا و کەنەداش لەسەر هێڵن، چاوەڕوان دەکرێت ئەوانیش چاودێر بنێرن بۆ پرۆسەکە."
 
هاوکات هەڵشۆ عەبدولفەتاح، شارەزای هەڵبژاردن، کە لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی بەشداریی رووداوی ئەمڕۆ بوو گوتی، "جگە لە چاودێرانی نێودەوڵەتی و رێکخراو و دامەزراوەکانی چاودێری، 5024 کەس وەکو بریکاری پارتە سیاسییەکان تۆمار کراون، ئەوانیش رۆژی هەڵبژاردن چاودێریی پرۆسەکە دەکەن."
 
"240 سەرپێچی و 16 سکاڵا"
 
لە بەشێکی گوتەکانیدا رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان باسی لەو پێشێلکارییانە کرد کە پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و لە ماوەی 6 رۆژی بانگەشەکەدا تۆمار کراون، گوتی، "پێش دەستپێکردنی بانگەشە 200 سەرپێچی تۆمار کراون و پێشێلکارییەکانیش هەڵواسینی وێنە و پۆستەری لیست و بەربژێر بوون پێش وادەی دەستپێکردنی بانگەشە."
 
گوتیشی، "لە ماوەی 6 رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا 40 سەرپێچی تۆمار کراون و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بە فەرمی 16 سکاڵای لەبارەی پێشێلکارییەکان تۆمار کردووە."
 
"گوتاری تووند و زمانی زبری سەرکردەکان وەکو سەرپێچی تۆمار کراون، کە ئەم بانگەشەیە بەراورد بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی رابردوو زمانی زبر و ناوزڕاندن زیاتر بەدی دەکرێن،" هۆگر چەتۆ وای گوت.
 
گوتیشی، "مزگەوت و شوێنە گشتییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێندراون، ئەوە سەرپێچییە، هاوکات دانانی فلێکسی بانگەشە لەسەر شۆستە و سەوزایی و دروستکردنی ئاستەنگی هاتووچۆ بە هەمان شێوە سەرپێچییە و لە هەموو بازنەکانی هەڵبژاردن تۆمار کراون."
 
"ئیدی قۆناخی ئاگادارکردنەوەی بەربژێر و لایەنە سیاسییەکان لە سەرپێچییەکانیان کۆتاییهات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان سزای دارایی ئەو لایەن و بەربژێرانە دەدات کە پێشێلکاری ئەنجام دەدەن،" ئەمەش بە گوتەی رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان.
 
هەر لەبارەی سزادانی دارایی لایەنە سیاسییەکان لە ئەگەری ئەنجامدانی پێشێلکاری، هەڵشۆ عەبدولفەتاح دەڵێت، "بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان گوێ بە سزادان و پێبژاردن نادەن و بەردەوامن لە ئەنجامدانی پێشێلکاریی لە بانگەشەی هەڵبژاردن."
 
بە گوتەی ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن، چەندین سەرپێچیی بانگەشە تۆمار کراون، کە مەترسییان لەسەر ژیانی هاونیشتمانییان دروستکردووە، بەتایبەت لە دروستکردنی ئاستەنگی هاتووچۆ و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی شۆفێران و سەرنشینانی ئۆتۆمبێل و پیادەڕۆی سەر شەقامەکان.
 
گوتیشی، "گوتاری زۆر تووند و ئاست نزم لەم بانگەشەیەدا هەن، کە ئەوە خۆی لە خۆیدا یەکێکە لە پێشێلکارییە زەق و گەورەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەیەک شێوازی سەرپێچی بانگەشە و جۆری سزای دیاریکردووە، لەوانە:
 
- بەکارهێنانی باڵەخانە حکومییەکان بۆ هەڵواسینی پۆستەر قەدەخەیە.
 
- بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، نێوان شەقامەکان و نێو پاركە گشتییەكان.
 
- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل.
 
سزاکانیش بەگوێرەی سەرپێچییەکان بەم شێوەیە دەبن؛ پێبژاردن کە بەربژێر و حیزب بە پارە سزا دەدرێن؛ دەستگیرکردن هەیە لە مانگێک تاوەکو ساڵێک؛ ئەگەر سەرپێچییەکەش گەورە بێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانێت بەربژێری سەرپێچیکار دووربخاتەوە.