ئەنجوومەنی ئاسایش گوتەی تۆمەتبارێکی 'سووتێنەری' بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکووک بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راپۆرتێکی ڤیدیۆییدا دانپێدانانی یەکێک لە تۆمەتبارانی "سووتێنەری بازاڕەکانی هەولێر، کەرکووک و دهۆک بڵاودەکاتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 01-10-2024 ڤیدیۆی دانپێدانانی یەکێک لە تۆمەتبارەکان بەناوی (رەنج حەبیب سۆراب) لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە و رایانگەیاندووە، لە ئەو تۆمەتبارە بە فەرمانی دادوەر و لە رۆژی 8ی تەممووز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیر کراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
 
رەنج حەبیب سۆراب، لە ڤیدیۆی دانپێدانانەکەیدا دەڵێت، "بە کاروان ناسراوم، لە ساڵی 1992 لە هەڵەبجە لە دایکبووم و راهێنەری سەگم لە شاری سلێمانی، لە ساڵی 2012 لە زانکۆ کەسێکم ناسی بە ناوی هونەر فەخرەدین، لە 2023 لەدوای زانکۆ هونەر پەیوەندی پێوە کردم و گوتی کە کەسێک لە هەواڵگریی پەکەکە دەیەوێت بیبینێت، منیش قبووڵم کرد و چوومە بەردەرکی سەرای سلێمانی بینیم."
 
تۆمەتبارەکە لە گێڕانەوەی چیرۆکی تاوانەکەدا باس لەوە دەکات، "ئەو کەسەم ناسییەوە کە بینیم، ئەویش ئاشتی فەخرەدین، برای هونەر بوو کە بە زاگرۆس گەرمیانی ناسراوە. داوای لێکردم کە لە تورکیا کاری گێرە شێوێنی و سووتان ئەنجام بدەم، بەڵام رەتمکردەوە. دوای ماوەیەک هونەر جارێکی دیکە پەیوەندی کردووە کە هاوکاری بکەم لە بەرامبەر بڕێک پارە، منیش قبووڵم کرد."
 
1ی تەممووزی 2024 هەردوو وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە بەغداوە دەستگیرکردنی تۆڕێکیان بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر، کەرکووک و دهۆک راگەیاند. تێیدا ئاشکرایان کرد کە "پەکەکە" لە پشت ئەو تاوانەوە بووە و کارمەندێکی "هێزەکانی 70ـی یەکێتی" و ئەفسەرێکی "دژە تیرۆری یەکێتی" ئەنجامیان داوە.
 
بە گوتەی رەنج حەبیب سۆراب، "هونەر داوای لێکردم بچمە دووکان و لەوێ کەسێک بە ناوی عەلی ببینم و بە کاوە خۆمی پێ بناسێنم، لەوێ عەلیم بینی ئۆتۆمبێلێکی فۆرتی سپی پێبوو، لەگەڵی سواربووم و چووینە هەولێر و بۆ بازاڕی لەنگە هەموو ئەو شوێنانەمان دیاریکرد کە پێویستە ئیشی لێبکەین و کاتی قەرەباڵخی و چۆڵبوونی بازاڕمان دیاریکرد و عەلی گەڕایەوە بۆ سلێمانی بەڵام من لە هەولێر مامەوە، رۆژی دواتر هاتەوە."
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راپۆرتەکەدا سوپاسی حکومەتی فیدراڵ، "بە تایبەت وەزارەتی ناوخۆ" بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ئەو کەیسە دەکەن.
 
"ئەو کەرەستانەی پێویستمان بوو لە دڵۆپە لەبنی دارێکدا دانرابوو، هێنامان، هەموو جۆری تەقەمەنییەکانمان دروست کرد کە 6 دانە بوو. دواتر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر داماننا و دواتر گەڕاینەوە سلێمانی دواتر لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە بینیم کە لەنگەی هەولێر سووتاوە." بە گوتەی "تۆمەتباری کەیسی سووتاندنی"ـی بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک.
 
رەنج حەبیب سۆراب باس لەوەدەکات کە "کە چەند رۆژێک دواتر هونەر پێی گوتم کە لەگەڵ عەلی بچم دەشتی هەریر بسووتێنین، ئێمەش چووینە شەقڵاوە هەموو تەقەمەنییەکانمان دروست کرد، بەڵام بەهۆی خراپ دانانیان هیچیان نەتەقین و ئاگری نەگرت." 
 
تۆمەتبارەکە ئاماژە بەوە دەکات کە، "هونەر دواتر داوای لێکردووە ئەو هاوکارییانەی بۆی هاتوون بچێت وەری بگرێت و بۆی رەوانە بکات بۆ کەلار."
 
بەگوێرەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سووتاندنی بازاڕەکان لەلایەن گرووپی 8 کەسییەوە ئەنجامدراوە، کە پێکهاتوون لە "هونەر فەخرەدین ئەحمەد، کارمەندی هێزەکانی 70ـی یەکێتی، محەممەد نەجات حەسەن، ئەفسەر لە دژە تیرۆری یەکێتی، گەشتیار عومەر ئەحمەد، هاونیشتمانی، رەنج حەبیب سۆراب، هاونیشتمانی، شکۆ عومەر عەبدوڵڵا، ئەندامی پەکەکە، بەهار، ئەندامی پەکەکە، ئەحمەد، ئەندامی پەکەکە، عەلی، ئەندامی پەکەکە.