کۆمیسیۆن: کاخەزی دەنگدان گەیشتە کۆگاکانمان لە هەولێر

رووداو دیجیتاڵ 

کاخەزی دەنگدانی سنووری بازنەی هەولێر، ئەمرۆ گەیشتە کۆمیسیۆن و بەرپرسی ئۆفیسی هەولێر دەڵێت 95%ـی رێکارەکانی کۆمیسیۆن بە گوێرەی خشتەی بەرنامەی کارەکەیان تەواو بووە". بەرپرسی ئۆفیسی کۆمیسیۆن لە هەولێر دەڵێت، ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگەکان دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە، 1-10-2024 ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە هاوکاریی رێکخراوی نێودەوڵەتیی ماف، وۆرکشۆپێکی بۆ بەشێک لە بەربژێری تاکەکەسی و بەربژێری لایەنە سیاسییەکان ئەنجامدا، دەربارەی شێوازی سکاڵا تۆمارکردن و شەفافیەت لە پرۆسەی دەنگداندا.
 
مەروان محەممەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا جەختیکردەوە، "ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک رێکاری نوێ گیراونەتەبەر و دەنگدانەکە جیاوازە". دووپاتیشیکردەوە "کۆمیسیۆن ئەمجارە رێکاری تووند و نوێ دەگیرێتەبەر، هەژمارکردنی دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی بۆ هەرێمی کوردستان نوێیە".
 
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن دەڵێت، "لە دەنگدانی تایبەت و گشتیدا، دوو کامێرای چاودێری لە بنکەکان و دوو کامێرای چاودێری لە وێستگەکانی دەنگدان هەن، چەند ئامێرێک هەن هەموویان بە کێبڵ بە یەکەوە بەستراونەتەوە. دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان، دەنگەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنیی هەژمار دەکرێن و دواتریش بە دەستی هەژمار دەکرێنەوە".
 
مەروان محەممەد، دڵنیاییدا لەوەی "هەر کەسێک کارتی بایۆمەتری لەلا نەبێت، ناتوانێت دەنگ بدات، ئەو کارتەی وێنەی لەسەر نییە و پێشتر بەکاردەهات، لەم دەنگدانەدا بەکارنایەت".
 
بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆن، دڵنیایی دەداتە لایەنە سیاسی و بەربژێران و راگەیاندنەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رێکارەکانیان "هەموویان شەفافن"، داواشی کرد "هەر کەسێک تێبینییەکی هەیە لەسەر پرۆسەکە، پێمان بڵێت، تاوەکو بە رێکارێکی هونەری وەڵامی بدەینەوە".
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، خشتەیەکی کاتیی داناوە و بەپێی خشتەکە، رێکارەکانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات، مەروان محەممەد ئاشکرایکرد، کە رێکارەکانیان بەرەو کۆتایین و "95%ـی خشتەی کارمان تەواو بووە".
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ئۆفیسی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە هەولێر، "ئەمڕۆ سێشەممە کاخەزی دەنگدانی بازنەی هەولێر، گەیشتە ئۆفیسەکەمان، ئێستا لە کۆگاکانمانە و خۆمان بۆ رۆژی هەڵبژاردن ئامادە دەکەین".
 
لە وەڵامی پرسیاری رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، مەروان محەممەد روونیکردەوە، "هەرکە پرۆسەی دەنگدان کۆتایی هات، ئامێرەکان بە ئەلیکترۆنی هەژماری دەکەن، دواتر بە دەستی دەنگەکان دەژمێردرێنەوە و دەنێردرێتە ئۆفیسی نیشتمانی، لەماوەی 24 کاژێردا ئەنجامی بەرایی رادەگەیێنرێت".
 
گوتیشی، "لەکاتی هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە دەستی، ئەگەر جیاوازیی ئەنجامەکان لەگەڵ هەژمارکردنەوەی ئەلیکترۆنی 5% بوو، سندووقەکە دەگەڕێندرێتەوە ناوەندی وردبینی و ئامێر و کاخەزەکان لەگەڵ یەکتری بەراورد دەکرێن، دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت".