رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا، کە لە پارێزگاکانی شرنەخ و ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، شەش کەس دەستبەسەر کران.
تیمەکانی پۆلیس و جەندرمە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تشرینی یەکەم، لەو دوو پارێزگایەدا هەڵیانکوتایە سەر چەند ماڵێک و شەش کەسیان دەستبەسەر کرد. بەڕێوەبەرانی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان - دەبەپە لەنێو دەستگیرکراواندان.
لەکاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکان لە شارۆچكەی هەزەخ، سەر بە پارێزگای شرنەخ، ژن و مێردێک بە ناوەکانی موراد تەکین و حەسیبە تەکین، لەگەڵ سەعدیە تەکین و مەڕوان تەکین، لەلایەن تیمەکانی جەندرمەوە دەستبەسەر کران و گوێزرانەوە بۆ فەرماندەیی جەندرمەی هەزەخ.
لە لایەکی دیکەوە لە پارێزگای ئەرزەڕۆم، بەرەبەیانی ئەمڕۆ رەمەزان کاراکاش، بەرپرسی رێکخستنەکانی دەبەپەی شاری ئەرزەڕۆم و چەتین دەمیر، بەرپرسی پێشووی رێکخستنەکانی هەدەپەی شارۆچکەی گۆگسی دەستبەسەر کران.
بەو پێیەی چەتین دەمیر و رەمەزان کاراکاش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا بە فەرمانی سەرۆکی داواکاری گشتیی ئاگری دەستبەسەر کراون، چاوەڕوان دەکرێت رەوانەی شاری ئاگری بکرێن. تائێستاش هۆکاری دەستبەسەرکردنەکان نەزاندراوە.
لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە، هاووڵاتییانی مەدەنی و چالاکڤانان و سیاسەتڤانانی کورد دەستگیر دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ