کۆمیسیۆن بۆ رووداو: تائێستا 159 چاودێری نێودەوڵەتی ناوی خۆیان تۆمار کردووە
رووداو دیجیتاڵ
تائێستا 159 چاودێر لەنێو نۆ رێکخراوی نێودەوڵەتیی ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی تۆڕێکی تایبەت بە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانیش بە رووداوی راگەیاند، کۆمیسیۆن تاوەکو 16ی مانگی داهاتوو دەرفەتی بۆ چاودێران دیاریکردووە ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
رۆژی سێشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەسیل ئیسماعیل، بەرپرسی هۆبەی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تائێستا نۆ تیمی رێکخراوی نێودەوڵەتی و شەش تیمی کۆنسووڵخانەکان لە هەرێمی کوردستان ناوی خۆیان تۆمار کردووە تاوەکو چاودێری هەڵبژاردنەکان بکەن و لەنێو ئەو نۆ رێکخراو و شەش کۆنسووڵخانەش، 159 کەس ناوی خۆیان وەکو چاودێر تۆمار کردووە."
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی راشیگەیاند: "هیچ چاودێرێکی تاک لەلایەن کۆمیسیۆنەوە مۆڵەتی چاودێریکردنی پێنادرێت، ئەمەش بە واتای پێویستە چاودێرەکە ئەندامی رێکخراوێک یان نوێنەرایەتییەکی وڵاتان بێت، ئینجا مافی چاودێریکردنیان لە هەڵبژاردنەکان هەیە."
رۆژی یەکشەممە، 29ی ئەیلوول، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە، بێجگە چاودێرانی بیانی، 733 چاودێریی ناوخۆیی ناوی خۆیان تۆمار کردووە تاوەکو چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی تایبەت لە 18ی ئۆکتۆبەر و 20ی ئۆکتۆبەر کە هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەدەچێت، چاودێریی بکەن.
هەر لەبارەی هاتنی چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان، هۆگر چەتۆ، سهرۆكی تۆڕی شهمس، بۆ چاودێریی ههڵبژاردنهكان لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تائێستا ئەوەی لای تۆڕەکەمان هاوئاهەنگیان لەگەڵ کردووین 21 چاودێری نێودەوڵەتییە و ئەمە بێجگە لەوەی تائێستا تیمی 6 باڵیۆزخانە و کۆنسووڵگەری ناویان تۆمار کردووە بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان."
هەروەها سەرۆکی تۆڕی شەمس لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ رووداو گوتیشی: "چاوەڕێ دەکەم، ژمارەکە زیاتر بێت، چونکە کاتی زۆر ماوە و کۆمیسۆن 16ی ئۆکتۆبەری بۆ چاودێرانی ناوخۆ و بیانیی دیارییکردووە تاوەکو ناوی خۆیان تۆمار بکەن تاوەکو بتوانن چاودێری ئەو پرۆسەیە بکەن."