لە کارنامەی حیزبەکاندا چۆن باسی کەرتی کشتوکاڵ کراوە؟
رووداو دیجیتاڵ
کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لەو خاڵ و بڕگانەی کە حیزبە بەشدارەکان کردوویانە بە بەرنامەی کاری داهاتووی پەرلەمانیی خۆیان و دەیانەوێت لە رێگەیەوە زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنن. سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستانیش دەڵێت: پرسی کەرتی کشتوکاڵ لە کارنامەی حیزبەکاندا هەیە، بەڵام هیچکام لە بەربژێرانی حیزبەکان لە دروشمەکانیاندا باسی کشتوکاڵ ناکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، ملکۆ بازیانی، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پرسی کەرتی کشتوکاڵ راستە لە کارنامەی حیزبەکاندا هەیە، بەڵام نەمبینیوە هیچکام لە بەربژێرانی حیزبەکان لە دروشمەکانیاندا باسی کشتوکاڵ بکەن، کە ئەوەش جێگەی نیگەرانییە."
ملکۆ بازیانی، کە وەکو سەربەخۆ خۆی بەربژێر کردووە، دەڵێت: "بەربژێرەکان کە کارەکتەری پەرلەمانن و دەبێت ئەوان لە دروشمەکانیان باسی کەرتی کشتوکاڵ و ژینگە بکەن، بەڵام باسی ئەو کەرتەیان نەکردووە، یان لانیکەم لە پێشینەی کارەکانیان نییە و نابێت."
پرسی کەرتی کشتوکاڵ لە کارنامەی بەشێک لە حیزب و هاوپەیمانێتییە بەشدارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیەیە:
یەکێتی نیشتمانی: بۆ ئەوەی کەرتی کشتوکاڵ ببێتە جێگرەوەی نەوت، پێویستی بە سیاسەتێکی روونە
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لە کارنامەکەیدا کاری داهاتووی حیزبەکەی بۆ کەرتی کشتوکاڵ، ئاودێری و ئاژەڵداری بە 22 خاڵدا خستووەتەڕوو، کە دیارترینیان؛
- زیاتر گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵی و دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکان بۆ جووتیارانی هەرێم و بووژانەوەی ئەم کەرتە.
- رەخساندنی دەرفەتی گونجاو و دابینکردنی پێداویستییەکانی جووتیاران، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان و گەشە بە بەروبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بدرێت.
- گرنگیدان بە سیستمی بازاڕکردن و ساخکردنەوەی کاڵا و بەروبوومی ناوخۆیی و خۆماڵی، سنوردارکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییە هاوردەکان.
- پێدانی قەرز بە جووتیاران بۆ بووژاندنەوەی پرۆژە کشتوکاڵییەکان.
- هاندان و پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت و دروستکردنی کارگەی تایبەت بەبەرهەمی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی.
- رێگریی لە گۆڕینی زەویی کشتوکاڵی بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون.
یەکگرتووی ئیسلامی: بە گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری هەزاران هەلی کار دەرەخسێت
کارنامەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە چەند هەنگاوێکی جیاواز پێکدێت، لە هەنگاوی چوارەمی کارنامەکەیدا کەرتی کشتوکاڵ هاوبەشی کەرتی ئابووری و دارایی کردووە و بەیەکەوەی بەستوونەتەوە.
یەکگرتووی ئیسلامی لە پێناسەی هەنگاوەکەیدا نووسیویەتی؛ هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە نەوت، گاز، کانزاکان و خاوەنی ملیۆنان دۆنم زەویی بە پیتی کشتوکاڵییە، دەبێت لە رێگەیانەوە حوکمڕانییەکی بەهێزی سیستماتیک بنیات بنێین.
ئەو حیزبە لە سێ خاڵدا بە روونی پلانی خۆی بۆ کەرتی کشتوکاڵ خستووەتەڕوو کە ئەمانەن:
- گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، بۆ گەرەنتیکردنی پێداویستی ناوخۆ و ناردنە دەرەوەی بەروبوومەکان، کە بەهۆیەوە هەزاران هەلی کار دەرەخسێت.
- گرنگیدان بە بانکە کشتوکاڵییەکان و هاندانیان بۆ سەرمایەگوزاری لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییدا.
- هاوکاری جووتیاران بۆ دروستکردنی کێڵگەی کشتوکاڵیی مۆدێرن، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ و هەناردەکردنی.
کۆمەڵی دادگەری: پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ ئاسایشی خۆراک دەپارێزێت
کۆمەڵی دادگەری بە 9 بڕگە کارنامەکەی دارشتووە و هاتووەتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە، لە خاڵی نۆیەمی بڕگەی پێنجەمدا هاتووەتە باسی کشتوکاڵ و ئاماژە بەوە دەکات، "پەرەپێدانی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ و توانای جووتیار لە پێناو پاراستنی ئاسایشی خۆراک، بەشێوەیەک هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بەرهەمە سەرەکییە کشتوکاڵییەکان بگاتە خۆدابینکاریی و هەناردەکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات."
لە بەشێکی دیکەدا هاتووە: "گرنگیدان بە گوندەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی گوندنشینان بە مەبەستی بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی."
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: پاڵپشتی بەرهەمهێنان لە كەرتی كشتوكاڵیدا دەکەین
هەر سێ حیزبی شیوعی، سۆشیالیست دیموکرات و زەحمەتکێشانی کوردستان هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانیان پێکهێناوە و لە بڕگەی دووەمی کارنامەکەیاندا بە دوو خاڵ کاری داهاتووی هاوپەیمانییەتییەکەیان لە بواری کەرتی کشتوکاڵ خستووەتەڕوو کە ئەوانیش:
- گرنگیدان بە ژێرخانی ئابووری و وەبەرهێنان و پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنان لە كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازیدا.
- بە پیشەسازیکردن و بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران.
رەوتی هەڵوێست: کشتوکاڵ ئابووریی تەواوکاری دروست دەکات و پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رەوتی هەڵوێست کارنامەی خۆی لەبواری کشتوکاڵدا بڵاوکردووەتەوە، رەوتەکە بڕوای وایە کشتوکاڵ کەرەستەی خاوە بۆ پیشەسازی و سەرچاوەی دراوی بیانییە، هەروەها ئابووری تەواوکاری دروست دەکات کە ئەوەش راستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیانی خەڵک و ئابووری وڵاتەوە هەیە.
رەوتی هەڵوێست بەرنامەی کاری خۆی لە بواری کەرتی کشتوکاڵ لە چەند خاڵێکدا خستووەتەڕوو، کە دیارترینیان ئەمانەن:
- گرنگیدان بە دروستکردنی کۆمپانیای ناوخۆیی وەبەرهێن لە بواری کشتوکاڵدا.
- کار بکرێت بۆ کۆکردنەوەی ئاو و عەمبارکردنی، بە دروستکردنی بەنداوی گەورە و مامناوەند، چونکە ئاو پێگەیەکی زۆر گرنگی لە بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ هەیە.
- یاسای پاراستنی بەرهەمهێن بخرێتە گەڕ و ئیشی پێبکرێت و سیاسەتی وڵاتانی دەوروبەر بۆ لەناوبردنی کشتوکاڵ لە کوردستاندا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.