رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هیچ بنکەیەکی دەنگدان لە نەخۆشخانە و گرتووخانەکان دانانرێت، کۆمیسیۆن دەڵێت: "زیندانیکراوان ناتوانن دەنگ بدەن و نەخۆش و ستافی پزیشکیی ئێشکگری نەخۆشخانەکانیش، دەبێت لە دەنگدانی گشتی دەنگبدەن".
ئەمڕۆ سێشەممە، 01-10-2024، د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوو جۆر دەنگدان هەیە، دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان و دەنگدانی گشتی. لە یەکەمیاندا، تەنیا هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەتوانن دەنگ بدەن، بە پێچەوانەوە هیچ بنکەیەکی دەنگدان لە نەخۆشخانە و چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دانانرێت بۆ دەنگدانی نەخۆش و حوکمدراوان".
زەکیە سەید ساڵح، بریکداری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رووداوی گوت: "ئێستا پینج هەزار و 654 کەس لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانن و ماوەی حوکمەکانیان بەسەر دەبەن".
لەبارەی هۆکاری بێبەشبوونی حوکمدراوان لە گرتووخانەکان، ئەمڕۆ نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "بەهۆی ئەوەی دەنگدانی ئەمجارە ئەلیکترۆنییە، سندووق و ئامێرەکانی دەنگدان هەموویان بەیەکەوە بەستراون، ناتوانرێت سندووقێک ببردرێتە چاکسازییەک یان نەخۆشخانەیەک". گوتیشی "بەشێکی حوکمدراوانیش کارتی بایۆمەترییان نییە، بۆیە هیچ بنکەیەک لە دەنگدانی تایبەت لە گرتووخانە و چاکسازی و نەخۆشخانەکان دانانرێت".
بێجگە لەو دەنگدەرانەی کارتی بایۆمەترییان دەرنەهێناوە، ئەو هاونیشتمانییانەی لە چاکسازییەکانن و حوکمدراون، مافی دەنگدانیان نابێت، هەروەها ئەوانەی لە رۆژی دەنگدان ناتوانن نەخۆشخانەکان جێبهێڵن، ناتوانن دەنگ بدەن.
بەگوێرەى ئەو ئامارانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە دەستى کەوتوون، لە کۆی زیاتر لە شەش ملیۆن و 300 هەزار هاونیشتمانیی هەرێمى کوردستان، سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام هەموویان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرنەهێناوە.
ئامارەکەى کۆمیسیۆن ئاماژە بەوە دەکات دوو ملیۆن و 900 هەزار و 865 دەنگدەر لە هەرێمى کوردستان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە و، دەتوانن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەشدار بن.
هەزاران دەنگدەری دیکەی هەرێمی کوردستانیش کە لە وڵاتانی دەرەوە نیشتەجێن، ناتوانن لە دەرەوە دەنگ بدەن. لەوبارەوە رۆژی 28ـی ئەیلوولی 2024، نەبەرد عومەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەوپێیەی هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەلیکترۆنییە و پێویستی بە کارتی بایۆمەترییە، بۆیە ئەو کوردانەی کە لە دەرەوەی عێراق نیشتەجێن لەبەر نەبوونی کارتی بایۆمەتری، مافی دەنگدانیان نییە و ناتوانن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ