رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئارامیی سلێمانی فەرمانێکی دیکەی کارگێڕیی تایبەت بە هەڵبژاردن دەرکرد کە کۆمەڵێک بڕیاری تایبەت بە رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتی لەخۆ دەگرێت، لە بڕیارەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە "بردنەژوورەوەی کامێرا و مۆبایل و وێنەگرتنی دەنگدان لە بنکە و وێستگەکانی دەنگدان قەدەخەیە".
ئەمڕۆ سێشەممە، 1-10-2024، لیژنەی ئارامیی سلێمانی بە سەرۆکایەتیی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، فەرمانێکی دیکەی کارگێڕیی دەرکردووە کە شەش بڕیار لەخۆ دەگرێت، لە بڕیارەکاندا پشت بە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بەستراوە ،کە رۆژی 29ـی مانگی رابردوو بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کراوە.
بڕیارەکانی لیژنەی ئارامی سلێمانی بریتین لە:
یەکەم: بردنە ژوورەوەی کامێرا و مۆبایل بۆ ناو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان و وێنەگرتنی دەنگەکان لە دەنگدانی (تایبەت و گشتی) قەدەخەیە.
دووەم: هاتووچۆ لەنێو شارەکان و لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش ئاسایی دەبێت.
سێیەم: فڕۆکەخانە و دەروازە نێودەوڵەتییەکان و بازگەی نێوان شارەکان لەنێو هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دەرەوەیدا کراوە دەبن.
چوارەم: هیچ چاودێرێکی قەوارە و هاوپەیمانێتی و بەربژێران، هەروەها چاودێرانی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی و دامەزراوە میدیایی و کەناڵەکانی راگەیاندن لەنێوخۆ و دەرەوەدا، بەبێ باجی فەرمیی کۆمیسیۆنی هەڵبژردنەکانی عێراق، مافی چوونەژوورەوەیان بۆ نێو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان نابێت. بۆیە پێویستە خۆیان لە کۆمیسیۆن تۆمار بکەن و باجی فەرمی وەربگرن.
پێنجەم: هەموو میکانیزمێکی پێویست بۆ هەڵبژاردنێکی ئازادانەی روون و بێگەرد، دەگیرێتەبەر.
شەشەم: پێویستە هەموولا پابەندی یاسا و رێنمایی و بڕیارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان و لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بن و بانگەشەیەکی ئارام و مەدەنی و ئاشتییانە بەڕێوەببەن.
رۆژی 17ـی مانگی رابردووش، لیژنەی ئارامیی پارێزگەی سلێمانی پێنج بڕیاری دیکەی دەرکردبوو، تایبەت بە هەڵبژاردن، لەنێویاندا داوای لە بەربژێر و قەوارە سیاسییەکان کردبوو، بانگەشەیەکی ئارام بەڕێوەببەن و هەڵگرتنی چەک و کەژاوەی سەربازیی قەدەخە کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ