هەفتەیەک بەسەر بانگەشەدا تێپەڕیوە و هیچ سکاڵایەک لە هەڵەبجە تۆمار نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، لە ماوەی یەک هەفتەی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک 20 سکاڵا لەسەر سەرپێچییەکانی بانگەشە تۆمارکراون، بەڵام لە هەڵەبجە هیچ سکاڵایەک تۆمارنەکراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەی سکاڵاکان لەسەر سەرپێچییەکان بۆ 20 سکاڵا بەرزبووەتەوە، کە 9 سکاڵا لە هەولێر، 9 سکاڵا لە سلێمانی و دووانیش لە دهۆک تۆمارکراون، بەڵام لە بازنەی هەڵەبجە هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە.
نەبەرد عومەر گوتی: "بەشێک لە سەرپێچیکاران لە رێگەی تیمەکانی چاودێری کۆمیسیۆن و شارەوانییەکانەوە سزا راون."
لەبارەی یەکلاییکردنەوەی ئەو 20 سکاڵا تۆمارکراوە، نەبەرد عومەر گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچکام لەو سکاڵایانە یەکلایی نەکراونەتەوە و هیچ بەربژێر و لایەنێکیشی لەسەر سزا نەدراوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لێکۆڵینەوەکان تەواو بکرێن."
دوێنێ دووشەممە، خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە رووداوی گوت، 9 بەربژێر بەهۆی سەرپێچیکردن سزادراون و 41 تیمی چاودێری بەردەوام بە سنوورەکەدا دەگەڕێن.
خالید عەباس گوتیشی: "هەر حیزب و بەربژێرێک سەرپێچیی رێنوێنییەکان بکات مۆڵەتی سێ رۆژی پێدەدرێت بۆ لادانی، ئەگەر لاینەدات بە پێبژاردنی 250 هەزار دینار یان زیاتر سزا دەدرێت."
هەر دوێنێ سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە سەبارەت هەڵواسین و دانانی پۆستەرەکان لە شارەکە لە شوێنی رێگەپێنەدراو؛ بە رووداوی گوت: "ئێمە، نامانەوێ یەکسەر فلێکس و دروشمە هەڵواسراوەکان لابدەین، سەرەتا حیزب و بەربژێرەکان ئاگادار دەکەینەوە، ئەگەر لایاننەبرد، ئەوکات ئێمە لایدەبەین."
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی پەرلەمانی کوردستان ژمارەیەک شێوازی سەرپێچی بانگەشە و جۆری سزای دیاریکردووە، لەوانە:
- بەکارهێنانی باڵەخانە حکومییەکان بۆ هەڵواسینی پۆستەر قەدەخەیە.
- بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، نێوان شەقامەکان و نێو پاركە گشتییەكان.
- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەی ئۆتۆمبێل.
سزاکانیش بەگوێرەی سەرپێچییەکان بەم شێوەیە دەبن؛ پێبژاردن کە بەربژێر و حیزب بە پارە سزا دەدرێن؛ دەستگیرکردن هەیە لە مانگێک تاوەکو ساڵێک؛ ئەگەر سەرپێچییەکەش گەورە بێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانێت بەربژێری سەرپێچیکار دووربخاتەوە.